بەغدا.. باندەكانی تاوانكاری هەوڵی لەگۆڕنانی خەونی خۆپێشاندەران دەدەن

:: PM:05:33:08/06/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا چەند دیمەنێكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە بەوەی تاوانی خۆپێشاندەرانە، لەوانە سەربڕینی گەنجێك لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بەر لە سێ رۆژ، ئەمە و چەندان دیمەنی تر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، چالاكێكی خۆپێشاندانەكان راستی رووداوەكە باس دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە هەوڵەكانی بۆ شێواندنی وێنەی خۆپێشاندەران بەردەوامە.
راوەدووی خۆپێشاندەرێكیان نا و بەچەقۆ لێیان دا و سووتاندیان
بەر لە چەن رۆژێك گرووپێك لە گۆڕەپانی تەحریر كەسێكیان هێناوە و لە گۆڕەپانەكە كوشتوویانە، خۆپێشاندەرانیش چەند ئەندامێكی ئەو گرووپەیان گرتووە و رادەستی هێزە تەناهییەكانیان كردوون، كەچی لە ژمارەیەك میدیا و پەیج ئەو كارە بەناوی خۆپێشاندەرانەوە لكێنراوە و داوا لە هێزە تەناهییەكان دەكەن ئەو ناوچانە چۆڵ بكرێن. 

لە تشرینی یەكەمی 2019ەوە خۆپێشاندانەكانی عێراق زیاتر لەسەر كەمی خزمەتگوزارییەكان و خراپی دۆخی بژێوی و بێكاری و بێباكی هێزە سیاسییەكان و حكوومەت بەرانبەر بە كێشەی گەنجان، دەستی پێ كرد، دوای سەركوتكردنیان ئەوان دروشەمەكانیان بۆ گۆڕینی رژێمی سیاسی لە عێراق بەرز كردەوە و توانیان گوشار بكەن بەرەو رووخاندنی حكوومەت، لە تشرینی دووەم حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دەستی لەكار كێشایەوە.

چاودێران بۆ دۆخی عێراق و شارەزایان پێیان وایە ئەو خۆپێشاندانانەی عێراق كە گەنجانێكی یاخی لە چینی سیاسی كۆن ، لە سایەی نەمانی ماتمانە لە نێوان شەقام و دەسەڵات و ئەو گەندەڵییە گەورەی لە عێراق هەیە، شتێكی ئاسایی وەك راپەڕینێكی جەماوەری بوو، بەڵام ئەوان جیا لە بەدیهێنانی داواكارییەكانیان، رووبەڕووی هەموو رێگەچارە و سیناریۆیەكی تر هاتنەوە، لەلایەك زیاتر لە 600 كوژراو و 20 هەزار برینداریان هەیە، لەلایەكی تر لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە سوودیان لێ بینرا و لەلایەكی تر باندەكانی تاوان تاڵانی و پاكتاویان بەناوی ئەوانەوە كرد، بۆیە هەموو ئەوان گەیشتن بە ئامانجی خۆیان، خۆپێشاندەرانی راستەقینە نەبێت. 

بەپێی زانیارییەكانی چەند پەیج و لە سۆشیال میدیا بڵاو دەكرێتەوە، كە پێدەچێت تێكەڵێكی راستی و بەلاڕێدابردن بێت، بۆ مەبەستی لەكەداركردنی خۆپێشاندەرانی راستەقینە كە دژی هێزە سیاسییەكان و ئەو دەسەڵاتەن لەوانەوە سەرچاوەی گرتووە، لە ناوچە كۆنەكانی بەغدا چەند باندێكی تاوانكاری و مادەی هۆشبەر و بكوژ هەن كە خۆپێشاندانەكانیان قۆزتووەتەوە، ئەوان باسی ئەوە دەكەن لە گۆڕەپانی تەحریر و ژێرزەمینەكانی چێشتخانەی توركی، ئەو باندە تاوانكاریانە كاری خۆیان ئەنجام دەدەن.

ئەوەی زیاتر پەردەی لەسەر ئەو بابەتە هەڵدایەوە كاتێك بەر لە سێ رۆژ لە گۆڕەپانی تەحریر ئەندامانی باندێك بەناوی "جرێزی"، كەسێكیان هێناو لە گۆڕەپانی تەحریر ئەویان دایە بەرچەقۆ و سووتاندیان و گیانی لەدەست دا، ئەو باندە بە سەرۆكایەتی كەسێكە بەناوی (حەموودی جرێزی)، كە لە بواری مادەی هۆشبەر و كوشتن و لەشفرۆشییەوە كار دەكات، ئەو گرووپە خۆیان خزاندووەتە ناو خۆپێشاندەران و كاری كوشتن و سووتاندن ئەنجام دەدەن.

خەتاب تەمیمی، چالاكێكی خۆپێشاندانەكانی بەغدا بۆ "وشە"ی روون كردەوە، ماوەی هەفتەیەكە هەوڵێكی نوێ هەیە بۆ پەكخستنی ناڕەزایەتییەكان، بەڵام ئێمە بەردەوامین، ئەندامانی گرووپ و باندێك هاتنە ناو گۆڕەپانەكە و چەند خێوەتێكیان سووتاند، ئەوەیش بۆ ئەوەی پێشانی خەڵكی بدەن خۆپێشاندانەكان ئاشتیانە نین و ئەوان باندن، بەڵام شكستیان هێنا.

زیاتر گوتی، چەند شەوێك پێش ئێستە، باندێك بەناوی "جرێزی" تاوانێكیان لە گۆڕەپانی تەحریر ئەنجام دا، وەك دەزانن ناوچەكانی باب ئەلشەرقی و گۆڕەپانی تەحریر و نزیك بەتاوین، لەمێژە شوێنی باند و گرووپ و بازرگانانی مادەی هۆشبەر بووە، چونكە ئەو ناوچانە تەسكن و بریتین لە چەندان هوتێڵی كۆن، بۆیە بوونەتە شوێنی خۆحەشاردانی ئەوانە، ئەوەیش لای فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا زانراوە.

تەمیمی روونی كردەوە، دوای خۆپێشاندانەكان، هێزە تەناهییەكان بۆ بەریەك نەكەوتن لەگەڵ خۆپێشاندەران، نایەن بۆ گۆڕەپانەكە، بۆیە ئەو باندانە خۆیان لەناو خۆپێشاندەران حەشار دەدەن و خێوەت هەڵدەدەن، بە شێوە خۆیان وەك ئەوان دەردەخەن، بەڵام ئەوان باندن و لەوێوە چالاكی تاوانكاری ئەنجام دەدەن، ئەوانن هێرش دەكەنە سەر هێزە تەناهییەكان و فەرمانگەكان دەسووتێنن، بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتانە بخرێتە سەر خۆپێشاندەران، لەو شەوە ئەندامانی ئەو باندە راوەدووی خۆپێشاندەرێكیان نا و بەچەقۆ لێیان دا و سووتاندیان و گیانی لەدەست دا.

دوای رۆژێك لەو رووداوە، وەك رێكخەرانی خۆپێشاندانەكان بەدوای ئەو باندە گەڕاین و ژمارەیەكی ئەوانمان گرت و بەشێكیان لە گۆڕەپانەكە و لەناو خۆپێشاندەران هەڵاتن، ئەوانی گیران رادەستی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدامان كردن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل