تەرمی دادوەرێكی ئێرانی لە هوتێلێكی رۆمانیا دۆزرایەوە

:: AM:10:08:20/06/2020 ‌
دادوەرێكی ئێرانی ماوەیەك بوو لە رۆمانیا دەژیا و لە لایەن دادگاوە داواكاری لەسەر هەبوو، بەشێوەیەكی كاتیی لە هوتێلێك راگیرابوو، بەڵام دەگوترێ دادوەرەكە كوژراوە یان خۆی كوشتووە.

غەلامڕەزا مەنسووری بە گەندەڵیی دارایی تۆمەتبار كرابوو. پۆلیسی بوخارست خەریكی لێكۆڵینەوەیە لە رووداوەكە و هەندێك گومان هەیە لە پەنجەرەی هوتێلەكەوە خۆی فڕێ دابێت، بەڵام گومانی سەرەكیش لەسەر ئەوەیە ئەم دادوەرە لەلایەن كەسانی ترەوە تیرۆر كرابێت و فڕێ درابێتەخوارەوە.

پۆلیسی رۆمانیا بێ ئەوەی ئاماژە بەناوەكەی بكات گوتوویەتی، تەرمی پیاوێكی تەمەن 52 ساڵ لە هوتێلێك دۆزرایەوە و پیاوەكەش ئێرانییە.

ئەو دادوەرە لە دۆسیەی ئەكبەر تەبەری یاریدەدەری جێبەجێكاری پێشووی دەزگای دادوەری ئێران، تۆمەتی گەندەڵیی دارایی خراوەتە سەر و دەگوترێ 500 هەزار یۆرۆ بەرتیلی وەرگرتووە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، هەر لە رۆژی یەكەمی دادگاییكردنی ئەكبەر تەبەری، هەواڵی راكردنی غولامڕەزا بۆ دەرەوەی وڵات بڵاو كرایەوە. ئەم دادوەرە كاتی خۆی لە دادگای تایبەت بە راگەیاندن كۆمەڵێك حوكمی توندی بۆ چالاكانی راگەیاندن دەركردووە.

رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور سكاڵایەكی پێ دەگات لەوەی دادوەرەكە لە ئەڵمانیایە و كاتی خۆی رۆڵی هەبووە لە سەركوتكردنی خۆپێشاندەران و رۆژنامەنووسان، دوای سێ رۆژ دادوەرەكە لە لایەن پۆلیسی ئینتەرپۆلی رۆمانیا گیرا و لەبەر رێوشوێنەكانی كۆرۆنا، گەڕاندنەوەی بۆ ئێران دواخرا و لە هوتێلێك لە ژێر چاودێریدا بوو.

گومان هەیە دادوەرەکە تیرۆر کرابێت
پۆلیسی ئێرانیش هەواڵەكەی پشتڕاست كردووەتەوە و ئاماژەی داوە كە پۆلیسی رۆمانیا گوتوویەتی دادوەرەكە خۆی كوشتووە. 

گومان هەیە دادوەرەکە تیرۆر کرابێت بەر لەوەی بگەڕێتەوە ئێران و دادگایی بکرێ. دەگوترێ کۆمەڵێک گرووپی ناو دەزگای دادوەری و تەناهیی ئێران کە رۆڵیان هەبووە لەوەی دادوەرەکە هەڵبێت هەر ئەوانەش رۆڵیان هەبووە لە کوشتنی بۆ ئەوەی لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی تەبەری پێگەی خۆیان بپارێزن.




وشە - سلێمان تاشان