گەرمیان لە بەرهەمی تەماتەدا خۆبژێوە و هەناردەی دەرەوەیشی دەكات

:: PM:03:17:20/06/2020 ‌
جووتیارانی گەرمیان لەمساڵدا زیاتر لە شەش هەزار دۆنم زەوییان كردووەتە تەماتە، بەرهەمەكە کەوتووەتە بازاڕەوە، پێشبینی دەكرێ بەسەدان تۆن تەماتە هەناردەی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان و خوارووی عێراق بكرێت. جووتیاران تەنیا چاوەڕوانی ئەوەیان لە حكوومەت هەیە پێش بە بەرهەمی دەرەكی بگرێت.

شادیە حوسێن بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان، ڕووبەری چێنراوی تەماتە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، لەمساڵدا نزیكەی شەش هەزار و 250 دۆنمە لە جۆرەكانی سۆفیا، زەهەبی، دوجمە، مەروا و كوردی.

ئەو گوتی، بەرهەمی جووتیارانی گەرمیان خراوەتە بازاڕەوە و پێشبینیشی كرد بۆ ئەمساڵ جووتیارانی خاوەن كێڵگەی تەماتە، بە سەدان تۆن تەماتە هەناردەی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان و خوارووی عێراق بكەن.
بۆ هەر كیلۆیەك تەماتە بڕی 600 دینار باج دانراوە

وەك ئاماژەی دا، "هەمیشە لە كاردا دەبین بۆ ئەوەی هەوڵ و ماندووبوونی جووتیاران بەفێڕۆ نەچێت و بە بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیان بحەسێنەوە و بە نرخێكی گونجاو، بازاڕێكی باشیان هەبێت لە عەلوەكانی هەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا بە بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ هەر كیلۆیەك تەماتە بڕی 600 دینار باج دانراوە، بڕیارەكەش لە 10ی حوزەیرانەوە دەست ببە جێبەجێکردنی کراوە و تا 15ی تشرینی یەكەم  بەردەوام دەبێت.

نووردەین عەلی سەرپەرشتیاری عەلوەی كەلار بە"وشە"ی راگەیاند، "ئەم پلانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەماتەی ئێرانییە كە بەردەوام بەهۆی مەرزی پەروێزخانەوە دەهێنرێت و بازاڕەكانی گەرمیان و كوردستان دەتەنێت.

ئەوەشی خستەڕوو كە گومانی تێدا نییە بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی گەرمیان، دەتوانێ ئەمساڵ بۆ یەكەم جار بەرەنگاری بەرهەمی تەماتەی ئێران ببێتەوە، چونكە هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ زەوی زۆر تەرخان نەكراوە بۆ كردنی بەتەماتە.

ئەوەی بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی لە هی دەرەكی جیا دەكاتەوە ئەوەیە، بەرهەمە خۆماڵییەكە دوای كۆكردنەوەی دەهێنرێتە عەلوە و لێی دڵنیاین بە چ شێوەیەك بەرهەم هاتووە، بەڵام تەماتەی دەرەكی ئەو متمانەیەی لەسەر نییە و لەوانەیە بە مادەی كیمیایی بەرهەم هاتبێت و ماوەیەكیش لە ناو ترێڵە و كۆگاكاندا مابێتەوە.

ئازاد حارس وەك جووتیارێكی سنووری گوندی گردەگزینە لە كەلار، پێی وایە ئەمساڵ كشتوكاڵی گەرمیان دەتوانێ بەرەنگاری تەماتەی ئێرانی ببێتەوە بەو پێیەی خاكی گەرمیان شیاوە بۆ بەرهەمهێنانی تەماتە، هەروەها دەیان دۆنم زەوی لە تەنیشتی رووباری سیروان دەكرێ سوودی لێ ببینرێ كە خۆشبەختانە ئەو هەنگاوەش نراوە، بەشی زۆری بەرهەمی تەماتە لە تەنیشت رووباری سیروان چێنراون و هەندێكیش لە خانووی تایبەت و پلاستیكیدا بەرهەم دەهێنرێت.

هاوكات ئومێدی ئەوەشی دەربڕی كە جووتیارانی كوردستان ئەگەر دڵنیا بوونەوە حكوومەت هاوئاهەنگ و هاوكاریان دەبێ، پەرە بە بەرهەمەكانیان دەدەن.

دلێر محەمەد شارەزای ئابووری لە گەرمیان بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، نەبوونی بەرهەمێك  كە هاوسەنگ بێ لەگەڵ بەرهەمی ئێرانی، لە ماوەكانی رابردوودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرهەمی ئێرانی، هۆكار بووە لەوەی چەندان بەرهەمی ناوخۆیی بەلاوە بنرێن كە گرنگترینیان تەماتە بوو، ئێستەش كە قۆڵی هیمەتیان لێ هەڵماڵیوە، دەكرێ بە پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی رێگری لە بەرهەمی دەرەكی بكرێت.
جووتیاران لە هەموو كات و ساتێكدا پێویستیان بە پاڵپشتی حكوومەتە و ئەمساڵیش كە پلانێكی تۆكمە هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران، ئومێد هەیە گەرمیان ببێتە ناوچەیەكی خۆبژێو و هەناردەكەری تەماتە.

حكوومەت جگە لە دەروازەی پەروێزخان، لە رێیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند رێ بگرێ لە هاوردەكردنی تەماتە
دلێر محەمەد داوای كرد حكوومەت جگە لە دەروازەی پەروێزخان، لە رێیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند رێ بگرێ لە هاوردەكردنی تەماتە، چونكە مەترسی هەیە پاش رێگریكردن لە هێنانی تەماتەی ئێرانی بۆ بازاڕەكانی گەرمیان، تەماتەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق وەك جێگرەوەی تەماتەی ئێرانی دیسان بازاڕەكانی گەرمیان داپۆشێ و ببێتە هۆكاری رەنج بەخەساربوونی جووتیاران.

تەماتە یەكێكە لە پێداویستییە سەرەكییەكانی خۆراك لە كوردستان و ساڵانە لە مانگی ئایاردا تەماتە دەچێنرێت، لە مانگی حوزەیرانیشدا دەست بە چنینی بەرهەمەكە دەكرێت.

وشە/ گەرمیان- سەبری هۆرێنی 




وشە - سلێمان تاشان