ئیسپانیاش دەرگای بەڕووی گەشتیاران كردەوە

:: PM:01:23:21/06/2020 ‌
حكوومەتی ئیسپانیا سێ مانگ دوای ئەو دۆخە نالەبارەی بەهۆی كۆرۆنا تووشی وڵات بووبوو، بڕیاری دا دەروازەكانی خۆی بەڕووی گەشتیارانی ئەوروپادا بكاتەوە.

بەگوێرەی بڕیارێكی نوێی حكوومەتی ئیسپانیا، ئیتر گەشتیاران بۆیان هەیە سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی ئیسپانیا بكەن بەو مەرجەی رەچاوی رێنوێنییەكانی خۆپارێزی بكەن.

لەو شوێنانەی قەرەباڵغن، پێویستە لەسەر گەشتیاران و هاووڵاتییان سوود لە دەمامك وەربگرن و ئەوانەی رێنوێنییەكان پێشێل دەكەن، ئەوا سزایان بۆ دیاری كراوە.

ئیسپانیا یەكێك لەو وڵاتانەی ئەوروپایە كە زۆرترین ژمارەی تووشبووی كۆرۆنای تێدا تۆمار كراوە، ئەو وڵاتە بۆ رێگریكردن  لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا توندترین رێوشوێنی كەرەنتینی دیاری كرد.

ئیسپانیا وڵاتێكی گەشتیارییە و ساڵانە پێشوازی لە 80 ملیۆن گەشتیار دەكات
وەک bbc خستوویەتەڕوو ئیسپانیا وڵاتێكی گەشتیارییە و ساڵانە پێشوازی لە 80 ملیۆن گەشتیار دەكات، كەرەنتین و رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆناش بووەتە هۆی نەمانی گەشتیار و دەگوترێ سەرووی 12% لە داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئەم وڵاتە دابەزیوە.

 ئیسپانیا هیچ چارەیەكی نییە جگە لەوەی ئاسانكاری بكات لە كردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان بۆ ئەوەی هەناسە بە كەرتە ئابوورییەكەی بدرێت.

بەگوێرەی worldometers   ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ئیسپانیا گەیشتووەتە 293  هەزار كەس كە لەم ژمارەیە سەرووی 28 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە.




وشە - سلێمان تاشان