ئاماری تووشبوونی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لە هەڵكشانە

:: PM:03:45:21/06/2020 ‌

لەو تەنگژە تەندروستییەی ئێستە هەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتانی دنیا، پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لەپێشەوەی بەرەی جەنگن و زیاترین مەترسی بۆ سەر ئەوان هەیە، ئەوەیش بەهۆی بەریەككەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ تووشبووان، لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئامارەكانی تووشبوونیان روو لە هەڵكشانە.
كارمەندانی تەندروستی لەپێشەوەی بەرەی جەنگن
ستار عەبدولرەسووڵ، نەقیبی پەرستاران لە عێراق وریایی لە نەهامەتییەكی گەورەی كارمەندانی تەندروستی دەدات بەهۆی تووشبوونیان بە كۆرۆنا و ئاماژەی كرد، سەتان كارمەندی تەندروستی لە هەموو كەرتەكانەوە تووشی ئەو ڤایرۆسە هاتوونەتەوە، لەوانە زیاتر لە 250 كارمەندی پەرستاری ژن و پیاو لە نەخۆشخانەكان، ئەوە ئاماری فەرمی نییە، بەڵام پێشبینیە و وەك ئەو زانیاریانەی بۆمان دێت. 

زیاتر گوتی، ئەوە كارەساتە، چونكە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووان، تووشبوونی تیمە تەندروستییەكانیش زیاد دەكات، چونكە راستەوخۆ بەریان دەكەن لەكاتی چارەسەركردنیان، ئەوە لەوكاتەی دوێنێ شەموو تۆماركردنی 88 حاڵەتی مردن و 1870 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كرا و ئاماری گشتی بووە 29222 حاڵەت و مردنیش 1013 حاڵەت.

هەفتەی رابردوو سەندیكای پزیشكانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئاماری قوربانیانی كۆرۆنا كە دێتە راگەیاندن، زۆر لەوە كەمترە كە لە راستیدا هەیە، بۆیە ماوەی داهاتوو زۆر هەستیارە لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە و سیستمی تەندروستی عێراق لە لێواری رووخانە.

د جاسم عەزاوی، گوتەبێژ بەناوی سەندیكاكە، روونی كردەوە، دوو كێشە هەن وایان كردووە تیمەكانی پزیشكی زیاتر تووشی ڤایرۆسەكە ببن، یەكەمیان پێشوازیكردن لە هەموو جۆرەكانی نەخۆش لە فریاكەوتنەكان، كە دەبوایە ئەوانەی گومانی كۆرۆنایان لێ دەكرێت جیا بكرێنەوە، دووەم كەمی پێداویستی پزیشكی لای ئەو تیمانە بەهۆی نەبوونی خەرجی فریاگوزارییەوە، بۆیە سەندیكاكە حاڵەتێكی مردن و زیاتر لە 300 حاڵەتی تووشبوونی لە ریزی تیمە تەندروستییەكان تۆمار كردووە و دۆخی هەندێكیان ناجێگیرە.

زیاتر گوتی، سیستمی تەندروستی لە عێراق لە لێواری رووخانە بەهۆی زیادبوونی ئاستی تووشبوون، چونكە بۆمان دەركەوتووە كە ژمارەی راستەقینەی تووشبووان دەیانجار لەوەی دێتە راگەیاندن زیاترە، واتە ئەو ژمارەی تا ئێستە راگەندراوە، جارانی 10ی بكە، ئەوە ژمارەی راستەقینەی تووشبوونە لە عێراق، هۆكارەكەیشی بێتوانایی وەزارەتی تەندروستییە بۆ ئەنجامدانی پشكنینی زیاتر.

لای خۆیەوە دوێنێ محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، تا ئێستە زیاتر لە 140 پزیشك و كارمەندی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسەكە بوون و پێمان وایە لەو دوو رۆژەدا ئامارەكە زیاتر بووە و بەشێكی تر لە كارمەند و پزیشك تووشی كۆرۆنا بوون.

زیاتر گوتی، لەو ژمارەیە كە تووش بوون لە پزیشك و كارمەند، بەشی زۆریان كە زیاتر لە 100 پزیشك و كارمەند دەبن لە سنووری پارێزگای سلێمانین، هۆكاری تووشبوونی پزیشك و كارمەندانی تەندروستیش تەنیا بۆ بەریەككەوتنیانە لەگەڵ كەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونی كردەوە، كاتێك كەسێكی تووشبووە پزیشك و كارمەندان چارەسەری دەكەن و لەگەڵیان، لەو حاڵەتەدا بەریەككەوتن دروست دەبێت و پریشكی قسە و پژمین و هەر شتێكی تر لە تووشبووەكەوە بۆ پزیشك و كارمەندەكە دەگوازرێتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل