كشتوكاڵی عێراق: تۆنی گەنم بە 400 دۆلار وەردەگرین

:: PM:04:10:21/06/2020 ‌

دوای ئەوەی وەرزی دروێنەی گەنم لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، لەماوەی رابردوو دەست كرا بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سەرانسەری عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاماژە بۆ نرخی كڕینەوەی تۆنی گەنمی جووتیاران و كاتی دابەشكردنی پارەكەی دەكات.
بەهۆی بودجەوە خەرجكردنی پارەی جووتیاران دوا دەكەوێت
د حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق روونی كردەوە، پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ بە بودجەی 2020 جێگیر كراوە، بەڵام تا ئێستە بودجەكە پەسند نەكراوە، ئێمە داوامان كردووە كە راستەوخۆ دوای وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، پارەكەیان پێ بدرێت، ئەگەرچی تا ئێستە پرۆسەی وەرگرتن بەردەوامە و ئێستە بڕی گەنمی وەرگیراو گەیشتووەتە چوار ملیۆن تۆن.

زیاتر گوتی، پارەی گەنمی جووتیاران لە بودجەی 2020 جێگیر كراوە، بۆیە بەهۆی ئەوەی بودجەكە پەسند نەكراوە، بۆیە رەنگە خەرجكردنی پارەكەیان بەوهۆیەوە دوا بكەوێت، بەڵام بۆیان خەرج دەكرێت، بەگشتی ماوەی خەرجكردنی پارەكە وەزارەتی بازرگانی دیاری دەكات.

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاماژەی كرد كە تەنگژەی دارایی كاری كردووەتە سەر كەرتی كشتوكاڵ، لە دەرەوەی عێراق وڵاتان تۆنێك گەنم بە 200 دۆلار وەردەگرن، لەوكاتەی ئێمە بە 400 دۆلار وەری دەگرین.
    
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بە "وشە"ی راگەیاندبوو، پشكی هەرێمی كوردستان لە گەنمی وەرگیراو بۆ ئەمساڵ لە دەوروبەری  390 هەزار تۆنە لە جووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت، كە بەرهەمەكە لە سایلۆكانی هەرێم وەردەگیرێت، ئەوەیش زیادە لە شوێنیتر جێگەی دەكرێتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل