ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ ژماره‌ی تووشبووان و مردووان به كۆرۆنا له كوردستان ڕوو له زیادبوون ده‌كات، حكوومه‌تیش هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات تا هاووڵاتییان به‌سه‌لامه‌تی بمێننه‌وه، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسه‌كه له هه‌موو هه‌وڵێك گه‌وره‌تر و ترسناكتره، پزیشكانیش بۆ ئه‌م قۆناغه مه‌ترسیداره، تاكپارێزی به تاكه ڕێی خۆبه‌دوورگرتن له ڤایرۆسه‌كه داده‌نێن.
ئه‌گه‌ر خه‌ڵك بیه‌وێت له سه‌رده‌می كۆرۆنا ئیش بكات و داهاتی هه‌بێت، ده‌بێت تاكپارێزی بكات
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ٢١/حوزه‌یران، دكتۆر زرار حوسێن پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌نا و دڵ به "وشه" ی ڕاگه‌یاند، بۆ ئه‌م قۆناغه مه‌ترسیداره‌ی ئێسته‌ی كوردستان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، یه‌كێك له بژارده ڕاسته‌كان، بریتیه له تاكپارێزی، چونكه تاكپارێزی هاوسه‌نگی ڕاده‌گرێت له نێوان ڕێكاره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و لایه‌نی ئابووری و بژێوی خه‌ڵك.
زیاتر گوتی، تاك ده‌توانێ كاره پێویسته‌كانی ڕۆژانه‌ی ئه‌نجام بدات، به جێبه‌جێكردنی ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان، له هه‌مان كاتدا بژێوی ڕۆژانه و كاری ڕۆژانه‌ی جێبه‌جێ بكات، چونكه هه‌ركاتێك باس له ڕێكاره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌كرێت، باسی باری ئابووری و بژێوی خه‌ڵكیش ده‌كرێت.
كام ڕێكارانه جێبه‌جێ بكه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی تووشی كۆرۆنا نه‌بیت
ئه‌و پزیشكه پسپۆڕه ڕێكاره‌كانی تاكپارێزی ڕوون ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت، تاكپارێزی واتا خۆپارێزی له تووشبوون به كۆرۆنا، به‌م ڕێیانه "به‌ستنی ده‌مامك و له ده‌ستكردنی ده‌ستكێش و خۆ به‌دوورگرتن له كه‌سی به‌رانبه‌ر، به‌جۆرێك دووریی له نێوان خۆی و به‌رانبه‌ره‌كه‌ی مه‌ترێك بۆ مه‌تر و نیوێك بێت، بۆ كاری پێویست نه‌بێت نه‌چنه ده‌ره‌وه، خۆ به‌دوورگرتن له شوێنی قه‌ره‌باڵغ و زوو شووشتنی ده‌ست و ده‌ست له ده‌موچاو نه‌دان".
ئه‌گه‌ر هاووڵاتی تاكپارێزی بكات حكوومه‌ت ئابووری تاك ده‌پاڕێزێت
دكتۆر زرار حوسێن دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كاتێك تاك ئه‌م هه‌نگاوانه جێبه‌جێ ده‌كات و خۆی ده‌پارێزێت، ئه‌وكات حكوومه‌ت خۆی به‌دوور ده‌گرێت له ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و داخستنی شوێنه‌كان، ئه‌مه‌ش واده‌كات خه‌ڵك به‌رده‌وام بێت له كاروكاسبی. بۆ نموونه سویسرا تا ئێسته قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ڕانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام زیاتر له هه‌موو شوێنێك پشت به سیستمی تاكپارێزی ده‌به‌ستن.
دۆخی ته‌ندروستی له كوردستان مه‌ترسیداره
به‌پێی دواین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت، ژماره‌ی تووشبووان به‌كۆرۆنا دوو هه‌زار و 460 كه‌سه، مردنیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه 100 كه‌سی تێپه‌ڕاندووه، حكوومه‌ت ده‌یه‌وێت هاوكاری هاووڵاتییان بكات بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان، بۆیه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕاناگه‌یه‌نێت. پزیشكانیش ده‌ڵێن بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت و هاووڵاتی هاوكار و سه‌ركه‌وتووبن، ده‌بێت تاك خۆپارێزی بكات.