12 چەكداری داعش لە قەرەچووغ كوژران

:: PM:04:29:24/06/2020 ‌

ئەندامانی رێكخراوی داعش سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەن و سوود لە ناوچە سەخت و دوورەدەست و بۆشاییە تەناهییەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق دەبینن، یەكێك لەو ناوچانە بەرزاییەكانی قەرچووغی نزیك شارۆكەی مەخموورە.
هاوپەیمانان 59 گورزی ئاسمانی لە داعش دەوەشێنن
وەك لە بەیاننامەیەكی هێزەكانی عێراق گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئاماژەی كردووە، بەپێی رێنوێنییەكانی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و لە زنجیرە ئۆپراسیۆنەكانی هێزە تەناهییەكان لە ناوچە سەختەكاندا، چەند یەكەیەكی دەزگەی نەهێشتنی تیرۆری عێراق لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم هەڵیان كوتایە سەر چەند حەشارگەیەكی تیرۆریستانی داعش لە بەرزاییەكانی قەرەچووغ لە نزیك شارۆكەی مەخموور.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لەو هێرشەدا كە بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی عێراق و هاوپەیمانان بەڕێوە چوو و تیایدا 59 گورزی ئاسمانی لە ئامانجەكانی داعش لە توونێل و ئەشكەوت وەشێندرا، 12 چەكداری داعش كوژران، ئۆپراسیۆنەكەیش لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری هاتە ئەنجامدان.

شایەنی باسە بەر لە ماوەیەك ئۆپراسیۆنێكی تری هاوشێوە لە ناوچەكە بەڕێوە چوو و تیایدا 19 چەكداری داعش هاتنە كوشتن، كە لەسەر بنەمای زانیارییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بۆردمانی وردی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بەڕێوە چوو. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل