ماکگۆرک دوا تارمایی ئۆباما لەسەر کورد

PM:11:34:15/09/2017 ‌

ئەوەی برێت مەکگۆرکی پاڵناوە رەتی ڕیفراندۆم بکاتەوە، حیزبە کوردستانیەکانن، کورد خۆیەتی. برێت بە جیا لەگەڵ هەموو لایەنەکان دانیشتووە و بە وردی گوێی لێگرتوون. بەشێکی کاریگەریی یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و ئەوانی دی داوایان لێکردوە وا بە بارزانی بڵێت.  دەیانەوێت بارزانی فەشەل بێنێنێت ناوەرۆکی کارەکە کە چارەنوسی گەلێکە بەلایانەوە گرنگ نییە. ئەو لێدوانەی کاریگەریی لایەنە کوردیە ئێراندۆستەکانە بەسەر بڕیارەکەیەوە. 

دواجار بیرمان نەچێت مەکگۆرک پیاوی ئۆباما بوو دوا تارمایی ئەو ئیدارە مەترسیدارەیە بەسەر کوردستانەوە ماوەتەوە. کورد دەبووایە لە قاڵبی شەڕی داعشدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ مەکگۆرک کردبا و ئەوەندە گەورەی نەکردباوە. ئەوجارەش ئەگەر هاتە هەولێر با تەنیا کەریم سنجاری بیبینێت. 

دواجار زۆرینەی سەرکردایەتی کورد دووپاتیان کردەوە چارەنووسی کوردستان پێشینەی کارەکانیان نیە. کۆتایی بارزانی ئەوەی ئەو حیزبانە ئاواتی بۆ دەخوازن کۆتایی گەندەڵی نیە، هەموو حیزبەکان وەک پارتی دزن، هەریەک بە قەبارەی خۆی و لەوەی دەستیان کەوتووە تەقسیریان نەکردووە لە دزینی. بە نەوشێروان مستەفاشتەوە گوایە پاکترین سەرکردەی ئەو وڵاتە بوو، سەدان ملیۆن دۆلاری ئاشکرای لە ڕێی سیاسەت و گەندەڵی دزی و بۆ منداڵەکانی جێهێشت. 
 
 ئەو ڕۆژەی داعش مووسڵی گرت من لە فڕۆکەخانەی سلێمانی  هەواڵەکەم بیست کە لە بەغداوە دەهاتمەوە. سەرێکی نەوشێروان مستەفام دا، بابی هەژاران. گوتم کاک نەوشێروان پێت وایە ئەوانە کێن؟ کێیان لە پشتە؟ ئەودەم کەس نەیدەزانی داعش کێیە و کێ لە پشتیانە، گوتی نازانین جارێ ڕوون نیە.  بەڵام دەبێت زۆر بەهێز بن سوپای عێراقی ورەی بەتەواوی شکاوە. 

گوتم کاک نەوشێروان شتێک نیە بە ناوی سوپای عێراق، ئیتر چی فەلاح و رەش و رووتی ئەو جنوبە هەیە کۆڵێک ئەستێرەیان بەسەر شانەوە کردووە  و سوپای عێراقم وەک ئۆفیسی سۆسیال دێتە بەرچاو خەڵک بۆ باشکردنی گوزەرانیان خۆیان ناونووس دەکەن نەک بچن تێیدا بەکوشت بچن. سوپایەکە هیچ ئینتیمایەکی نیە.

گوتی نا لە مێژووی جەنگە جیهانیەکان دیومانە بە سەدان هەزار سەرباز ورەیان شکاوە، سوپای عێراقیش ورەی شکا. بەڵام لەبارەی ئینتیماوە خۆ ئێمە مانانیش لە ناو کورددا ئینتیمای نیشتیمانی تەنیا لای نوخبە هەبووە، بەشی زۆری هۆزە کوردیەکان ڕەوەند بوون و خەڵکەکە ئینتیمای بۆ لەوەرگا هەبووە، کوێستان و گەرمێنی کردووە بە دوای گژوو گیادا بۆ مەڕوماڵات. لە شوێنێک جێگیر نەبووە تا ئینتیمای بۆ هەبێت.  

ئێستا ئەو قسەیەی نەوشێروانم بیرکەوتەوە کە زۆر ڕاستە تەنانەت بەشێکی زۆری نوخبەش و سیاسیەکانی کورد و تەنانەت پیاوەکانی خۆشی ڕەوەندن و نیشتیمان بە لە وەرگا تێگەیشتون. 

ئەرکی مۆڕاڵی و نیشتیمانیە هەموومان لە پشت مەسعوود بارزانی بوەستین، نەک چاوەرێ بکەین فەشەل بێنێت. ریفراندۆم دەکرێ و  بارزانیش دەبێتە پاڵەوانی نەتەوەیی.

یاخی هەمزە
شارەزا لە سیاسەتی ئەمەریکا