غه‌مگین بۆڵی
نووسینی هه‌ندێك شیعر سه‌خت له‌لای شاعیر ده‌كه‌وێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه شاعیر په‌یڤه‌كان له‌سه‌ر رۆحی دابتاشێت. ئاخر ئه‌وه هه‌فته‌یه‌كه خه‌ریكی نووسینی كورته شیعرێكم. نووسینی هه‌ندێك شیعر به ئاسانی له دایك نابێت، ئاخر هه‌ندێك شیعر له كاتی نووسیندا سه‌ركێشییه‌كی سه‌خت ده‌كات، سه‌خته وه‌ك ژانی منداڵبوونی ژن. هه‌تا شیعره‌كه له دایك ده‌بێت، ژان و ئازاری زۆری ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و ژان و ئازاره له‌زه‌تی خۆی هه‌یه بۆ شاعیر كه چێژ له‌و حاڵه‌ته تایبه‌تانه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت.
ئه‌و شیعرانه‌ی وه‌ك پڕۆژه به به‌رده‌وامی ئیشیان له‌سه‌ر ده‌كه‌م، وه‌ك پڕۆژه‌ی ژیان وان، وه‌ك پڕۆژه‌ی ڕێكخستنی ده‌زگه‌یه‌كی زه‌به‌لاح، به‌ڵام هه‌ندێك شیعر هه‌یه، تا ئاراسته‌ی بوون به پڕۆژه وه‌رده‌گرێت، ژان و ئازاری زۆر ده‌بێت. وه‌ك چۆن له دایكبوونی هه‌ندێك منداڵ له هه‌ندێك تر به ئازارتره، هه‌روا نووسینی هه‌ندێك شیعر، له هه‌ندێك شیعری تر سه‌ختتر و به ئازارتره. بۆیه یه‌كه‌مین نووسین وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی گرینگ و پڕ مه‌عریفه، به ئازارتره له پڕۆژه‌ی نووسینه‌كانی پاشتر، وه‌ك ئازاری له دایكبوونی یه‌كه‌مین منداڵ به به‌راورد له‌گه‌ڵ له دایكبوونی منداڵی پاشتر.
ئه‌م ئازار و ژانه‌ی هه‌نووكه له هزری شیعرێكدا گینگڵم پێ ده‌دات و ده‌یه‌وێت له‌ناو ئه‌و گینگڵدانه‌دا له گۆشه‌ی جیاوازه‌وه سه‌یری هه‌ناوی شیعره‌كه بكه‌م، لێره‌وه‌یه به گومانی زۆر له هه‌موو ئه‌و ئاراستانه‌ی پێیان ده‌گه‌م، پاشگه‌زم ده‌كه‌نه‌وه. ده‌ستكاریكردنی شیعره‌كانم و پێداچوونه‌وه‌یان، لای من وه‌ك خوویه‌كی خۆش و له‌زه‌تبه‌خشی لێ هاتووه، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه، ده‌ستكارییان بكه‌م و هه‌میشه به سه‌ریاندا بچمه‌وه.
دۆزینه‌وه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌و شیعره ته‌واو هیلاكی كردم. له ته‌واوی ئه‌و كاتانه‌ش له‌به‌ر به‌گومانی زۆر، دیسان به‌سه‌ریدا ده‌چوومه‌وه و ده‌ستكاریم ده‌كرد. من له‌و شاعیرانه‌م گومانم هه‌یه له ته‌واوی شته‌كانی ده‌ورووبه‌رم، هه‌ر ئه‌وه‌یش وای كردووه بنووسم. ئه‌و كاتانه‌ی ده‌شنووسم گومانه‌كانم زیاتر ده‌بن، ئه‌مه‌یش هه‌میشه له‌ناو ئه‌و گینگڵدانه‌دا به‌رده‌وامییه‌كی شیعری به‌و بوونه شاعیرییه‌م ده‌دات.
شه‌وانی زستان خۆشترن له شه‌وانی وه‌رزه‌كانی تر، زستان وه‌رزێكه زیاتر له وه‌رزه‌كانی تر پێویستمان به خۆگه‌رمكردنه‌وه، خوێندنه‌وه و نووسین باشترین گه‌رمكه‌ره‌وه‌ن بۆ شاعیر كه جگه له‌وه هیچ گه‌رمكه‌ره‌وه‌یه‌كی تر ناتوانێت ده‌روونی گه‌رم بكاته‌وه. ئه‌مشه‌ویش سارده وه‌ك شه‌وانی دی، وه‌لێ ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵییه شه‌وه‌كان درێژن. ئه‌مشه‌ویش به‌وگومانییه‌كانم درێژه‌یان هه‌یه و له‌ناو هه‌موو گومانێكدا چه‌ندان گومانی تر هه‌ن. زۆرجار ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر یه‌كه‌مین گومانبردن له‌ناو ئه‌و شیعره، ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر یه‌كه‌مین ده‌ستنووسی ئه‌و شیعره.
بڕواكردن به یه‌كه‌مین شه‌و و یه‌كه‌مین ئاراسته‌ی هزری ئه‌و شیعره. بیركردنه‌وه‌یه‌ك به ئه‌ندازه‌یه‌كی قووڵ ده‌مبات و له بیری ته‌واوی ئه‌و هه‌فته‌یه گیرم ده‌كات، ئه‌م هه‌فته‌یه له‌وپه‌ڕی به‌تاڵییه‌وه خولاومه‌ته‌وه، هه‌ستم به به‌تاڵییه‌كی قووڵ كردووه، بێ ئۆقره ده‌ستنووسه‌كانم خوێندنه‌ته‌وه، دێڕ به دێڕ پیاسه‌م له‌گه‌ڵ وشه‌كانیدا كردووه، یه‌ك به‌یه‌ك وشه‌كانم دواندووه، به‌ڵام نازانم خه‌تای كاممان بوو، خه‌تای ئه‌و بێ ئۆقره‌یییه‌مه یان ئه‌و شیعره‌ی كه نووسینی سه‌خته وه‌ك ئازاری منداڵبوون. خه‌تاكه‌مان هه‌ر ئه‌وه‌بوو بڕوامان به یه‌كتری نه‌ما. من و وشه‌كان له یه‌كتری زوویر بووین و هیچ شتێك به یه‌كتری نه‌به‌ستینه‌وه. هه‌موو ده‌ستنووسه‌كانم دڕاند و ئاسووده به ده‌وری خۆمدا سووڕامه‌وه.
لێره‌دا نامه‌وێت خوێنه‌ر به هه‌ڵه له‌م نووسینه‌م تێ بگات، چۆن مه‌به‌ستم گڤه‌گڤی ناو نووسین نییه، ته‌نانه‌ت من جگه له‌وه‌ی كه هه‌مه، دواجار هیچ شتێكی تر نیمه. هیچ كه‌سێكیش ناتوانێت بمكات به‌وه‌ی كه خۆی ده‌یه‌وێت، من هه‌ر ئه‌وه ده‌بم كه هه‌م و له هه‌وڵی جوانتركردنیشیدا ده‌بم.
قسه‌ی ناخم ده‌كه‌م و له‌گه‌ڵ ده‌روونی خۆمدا ده‌دوێم. ئه‌وه ڕاستییه‌كه و ناتوانم له ده‌ستی ڕابكه‌م، تا ئه‌م نووسینه‌یش، نووسین جگه له سه‌رئێشه هیچیتر نه‌بووه، وه‌لێ سه‌رئێشه‌یه‌كی له‌زه‌تبه‌خش بۆ خۆیه‌كی خولاوه به ده‌وری شیعرییه‌تدا. سه‌رئێشه‌یه‌كی سارد سارد له‌ناو ئه‌م زستانه سه‌خته‌دا، ئه‌م منه (شاعیربوون) پێویستی به گه‌رمكه‌ره‌وه‌یه‌كی رۆحی هه‌یه.