سه‌ربه‌ست قادر
به‌شی سێیه‌م
له دنیای ئه‌مڕۆدا مرۆڤ ئه‌وه‌نده پێشكه‌وتووه و شار و وڵاتان تا ئاستێك فراوان بوون، ئه‌گه‌ر ناو و نیشان و نووسراو و تابلۆی سه‌ر باڵه‌خانه و شوێنه گشتی و تایبه‌تییه‌كان نه‌بێت، ئاسان نییه سه‌ر له ژیان و گوزه‌رانی شار و شارستانییه‌ت ده‌ربكات و بتوانێ گوزه‌رێكی بێ گرفت به كۆڵان و شه‌قام و ناو بازاڕ و باڵه‌خانه به ئاسمانداچووهكان بكات.
پێویستی مرۆڤ بۆ ئاسانكردنی دۆزینه‌وه دوای ئه‌و هه‌موو داهێنان، پێشكه‌وتن، دۆزینه‌وه و فره‌یی و هه‌مه چه‌شنییه‌ی جۆری شته‌كان و شوێنه‌كان، وایكرد چیتر توانا و تاقه‌تی به‌دواداگه‌ڕان، ناسینه‌وه و دۆزینه‌وه لای مرۆڤ نه‌بێت. بۆیه په‌نای برده به‌ر دانانی ناو وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌س یان گیانله‌به‌رێكی تر له گه‌ردووندا ناوێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، جگه له هه‌ڵگرتنی چه‌ندان ناسناو و كورتكراوه.
ئه‌م كاره هۆكارێكی كاریگه‌ر بوو بۆ پێدانی تایبه‌تمه‌ندی ناسینه‌وه بۆ هه‌ر شوێنێك تا له هه‌ر كوێوه هه‌واڵی شوێن و ناونیشانێكی پرسی به ئاسانی بیدۆزێته‌وه. لێره‌دا ڕۆڵی زمان له سه‌رووی هه‌موو ڕۆڵهكانهوهیه، چونكه زمان هۆكاره و ده‌بێته ناسنامه‌ی هه‌ر شوێن و جێ و پێگه‌یه‌ك.
له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دنیایه چاو بگێڕی ده‌بینیت تابلۆی سه‌ر بازار و باڵه‌خانه‌كان به زمانی تایبه‌ت به خه‌ڵكی ناوچه‌كه نووسراون، به‌مدواییه و به‌هۆی فراوانبوونی كه‌رتی گه‌شتیاری و بازرگانی و كۆچكردن و تێكه‌ڵبوونی زیاتری وڵاتان به‌هه‌ر هۆكارێكی تره‌وه بێت، وا پێویستی كرد هه‌ر وڵاتێك بۆ پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی زیاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به زیاتر له زمانێك تابلۆكان بنه‌خشێنێت به‌تایبه‌ت ئه‌و زمانانه‌ی كه دراوسێن یان مۆركی جیهانییان وه‌رگرتووه و توانیویانه سنووری وڵاتان ببڕن و ببن به زمانی دووه‌می هاووڵاتی ده‌یان وڵاتی جیاواز.
ئه‌م كاره به‌هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتی خاوه‌ن زمان و ژینگه‌یه، هه‌رچه‌نده هۆكار و كارئاسانیشه بۆ ئه‌وانه‌ی به‌هه‌ر مه‌به‌ستێكی جیاجیا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن.
بابه‌تێكی تری پێوه‌ندیدار و گرنگتر له‌مانه، نووسراوی سه‌ر كیس و پاكه‌ت و كارتۆنی خواردن و خواردنه‌وه و ئامێره جۆراوجۆره‌كانه كه هه‌ر وڵاته به زمانی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ری ده‌نووسێت، ئه‌گه‌ر بۆ وڵاتێكی دیاریكراویشی هه‌نارده بكات، وه‌ك زمانی دووه‌م به زمانی ئه‌وانیش هه‌موو ئه‌وه‌ی به زمانه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ری نووسیوه، ده‌ینووسێته‌وه تا هاووڵاتی وڵاته‌كه‌ی تر به‌ده‌ست نه‌زانینی خوێندنه‌وه‌ی نووسراوه‌كه و لێ تێگه‌یشتنیه‌وه دۆش دانه‌مێنێت.
ئه‌گه‌ر كاڵاكان بۆ وڵاتێكی دیاریكراویش نه‌بوون، ئه‌وا جگه له زمانی وڵاتی به‌رهه‌مهێن، به ناسراوترین و به‌ربڵاوترین زمانی جیهانیش له‌سه‌ری ده‌نووسن.
هه‌موو ئه‌مانه جگه له كارئاسانی و دڵنیایی به به‌كارهێنه‌ری كاڵاكان، ده‌چێته خزمه‌ت زمانی وڵاتهكهیشهوه، چونكه هۆكارێكه بۆ ناساندن و به‌زیندوو هێشتنه‌وه‌ی زمانه‌كه و متمانه‌یه‌كی زیاتری هاووڵاتییانیشی به‌ده‌ست دێنێت.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر بڕوانینه تابلۆ و ناو و نیشانی سه‌ر باڵه‌خانه و بازاڕ و ته‌نانه‌ت سه‌ر شه‌قامه‌كانی كوردستان، ده‌بینین تا ئێسته ئه‌وه‌ی به گرنگ و هه‌ند وه‌رنه‌گیرابێت، زمانی كوردییه.
ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ندێ به شه‌قامه‌كانی شاره گه‌وره‌كاندا بسووڕێته‌وه، ده‌یان و بگره سه‌دان تابلۆی قه‌باره جۆراوجۆر ده‌بینێت كه به‌شێكی زۆریان به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و توركی نووسراون. ئه‌مانه نه‌ك تێیاندا زمانی كوردی به زمانی یه‌كه‌م نه‌ژمێردراوه، به‌ڵكو به زمانی دووه‌م و بگره هه‌ر به‌كاریش نه‌هاتووه. به‌شی زۆریشیان وشه و ناو و ده‌سته‌واژه‌ی بیانی و ناكوردییان كردووه‌ته ناو و خستوویانه‌ته سه‌ر تابلۆكانیان.
ئه‌وه‌ی سه‌یره، به‌گشتی ئه‌م باڵه‌خانه و بازاڕانه كه‌سی كورد خاوه‌ندارێتییان ده‌كات، جگه له هه‌زاران هه‌ڵه‌ی ڕێنووس كه به‌سه‌ر تابلۆكانه‌وه ده‌بینرێت و كه‌س نییه بپرسێت بۆ؟
ئه‌گه‌ر بڕوانیته تابلۆی سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی تایـبهتن به ئاگاداركردنه‌وه و هێماكانی هاتوچۆ، ده‌بینیت به‌شێكی زۆریان تا ئێسته هه‌ر به ئینگلیزی له‌سه‌ریان نووسراوه، بۆیه پێویسته بپرسین ئایا زمانی كوردی به‌شی ئه‌وه‌ی پێ نابڕێت هێنده ڕێزی لێ بگیرێت تابلۆی سه‌رشه‌قام و ڕێوبانی پێ بنه‌خشێنرێت؟ یان شۆفێری كوردزمان چی داوه له زمانی بیانی كه ئه‌گه‌ر به وێنه‌كانی سه‌ر تابلۆكاندا نه‌بێت، به‌شی زۆریان هیچ له نووسراوی سه‌ر تابلۆكان ناگه‌ن.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ر بیانییه‌ك بێته ئه‌م هه‌رێمه، هه‌رزوو هه‌ست به په‌راوێزخستنی زمانی كوردی ده‌كات و له‌وه تێده‌گات كه‌سێك، لایه‌نێك، ده‌سه‌ڵاتێك نییه به ته‌نگ ئه‌و زمانه‌وه بێت و بیگه‌یه‌نێته ئاستی زمانی گه‌لانی ده‌وروبه‌ر و دنیا.
تاوانباری گه‌وره له‌م كاره‌دا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پێوه‌ندیدارن به‌م بواره‌وه. چونكه پێویسته یاسایه‌كی وا ده‌ربكه‌ن كه له‌كاتی پێدانی مۆڵه‌ت و نووسینی هه‌ر تابلۆیه‌كدا ناوه‌كان و زمانی نووسینی سه‌ر تابلۆكان به پله‌ی یه‌كه‌م كوردی بن و پاشان زمانه‌كانی تر به‌پێی پێویستی، له كوردییهكهیشدا شوێنه‌كه ناچار بكه‌ن نووسینه‌كه‌ی به فلته‌رێكی رێنووسدا ببات، ئینجا بینه‌خشێنێ بۆ شوێنه‌كه‌ی و تابلۆكه هه‌ڵواسێ.
له‌مانه كاریگه‌رتر و خراپتر ئه‌وه‌یه، به‌شی زۆری ئه‌و كارگه و كۆمپانیایانه‌ی له كوردستان كار ده‌كه‌ن چ كوردی و خاوه‌ن كوردبن یان هی وڵاتێكی ده‌ره‌كی و له كوردستاندا كار بكه‌ن، له‌سه‌ر كیس و كاغه‌ز و كارتۆنی كاڵاكانیان زمانی كوردی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بوونی نییه، له كاتێكدا هه‌موو كاڵاكانیان له‌ناو كوردستاندا ساغ ده‌كرێنه‌وه. جێی داخه كارگه و كۆمپانیا كوردییه‌كان زۆر به‌كه‌می زمانی كوردی له‌سه‌ر كاڵا بهرههمهاتووهكانیان ده‌بینرێت یان زمانی كوردی زمانی دووه‌میانه دوای عه‌ره‌بی!
هه‌روه‌ها كارگه و كۆمپانیا بیانییه‌كانیش زۆر به‌كه‌می ده‌بینیت له‌سه‌ر كاڵاكانیان زمانی كوردی بوونی هه‌بێت، ئه‌مه له كاتێكدا له كوردستان كار ده‌كه‌ن و كاڵاكانیشیان هه‌ر له كوردستاندا ساغ ده‌كرێنه‌وه.
له‌مباره‌دا وای پێویست ده‌كرد ئه‌گه‌ر ئه‌و كارگه و كۆمپانیانه زمانی وڵاته‌كه‌ی خۆیان هێنده لا گرنگ و گرانه، ده‌سه‌ڵاتی كوردی و لایه‌نی پێوه‌ندیداریش زمانی كوردی به‌لای كه‌مه‌وه بكه‌نه زمانی دووه‌می سه‌ر كاڵاكانیان و وه‌ك مه‌رجێك به‌سه‌ر كاركردنیانه‌وه بسه‌پێنرایه، ئه‌مه جگه له‌و كاڵا و به‌رهه‌مه بیانییانه‌ی به‌تایبه‌ت بۆ كوردستان دروست ده‌كرێن له ده‌ره‌وه و هه‌نارده‌ی هه‌رێم ده‌كرێن، پێویسته له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی زمانی كوردی بكاته زمانی دووه‌میان و به مه‌رج له‌سه‌ریان بسه‌پێنێ بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتی كورد له كاتی كڕینی هه‌ر كاڵایهكدا دڵنیاییه‌كی زیاتر و به‌رچاوڕوونییه‌كی باشتری هه‌بێت له‌سه‌ر كاڵاكان.
ڕه‌نگه ئه‌مانه به كه‌م بزانرێ و به پێویستی ناگرنگ بیژمێرن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه بزانین هیچ وڵات و گه‌لێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر ئاماده نییه ده‌ست له زمانی خۆی به‌ردات له‌سه‌ر ئه‌و كاڵا و كه‌لوپه‌ل و شتومه‌كانه‌ی به‌رهه‌میان دێنێت، جا چ له ناوخۆدا ساغیان بكاته‌وه یان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكات.