سیستمی په‌روه‌رده، خوێندن و رێگه خۆشكردن بۆ فێربوون، بڕیار له داهاتووی جۆری ژیانی تاك ده‌دات له هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا. ئه‌مه‌ش به‌ر له‌وه‌ی كه به پله‌ی یه‌كه‌م، پێوه‌ندی به هه‌لی خوێندنه‌وه هه‌یه، توانای زگماكی تاكیش ده‌ورێكی باڵا ده‌بینێت بۆ كردنه‌وه‌ی دنیای خوێندنی به‌رفراوانتر و چانسی زیاتر له به‌رده‌م ئه‌و تاكه‌دا. به‌ر له‌وه، ده‌رامه‌تی ئابووریی خێزان و پله و پایه و پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئاماده‌كردنی تاك و جۆری په‌روه‌رده‌وه رۆڵێكی گه‌وره ده‌بینن.
په‌روه‌رده و فێربوون كه له ته‌مه‌نێكی تایبه‌تدا (یه‌ك هه‌تا نۆ ساڵ، په‌روه‌ده‌ی خێزانی. فێربوون له ده‌ره‌وه‌ی خێزان، یه‌ك هه‌تا ١٨ ساڵ) ده‌بێت ده‌ستی پێ كرابێت، به زۆری بڕیاری پێگه‌یشتنی تاك ده‌دات. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م پارچه‌یه له زنجیره‌ی خۆ دروستكردنی (تاك) و په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێ بۆ كاركردن و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی. پرۆسه‌ی خوێندن و فێربوون، ئه‌گه‌ر به شێوازێكی ئاسایی و له كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، ده‌بێت هه‌تا ته‌مه‌نی ١٨ ساڵی كۆتای پێ هاتبێت و رێگه ئاماده كرابێت بۆ قۆناغه‌كانی خوێندن و فێربوونی هه‌مه‌جۆر و بۆ هاتنه ناو ژیانی كار و خۆ دروستكردن (بێگومان هه‌موو قاعیده‌یه‌ك شێوازی هه‌یه). ئه‌گه‌ر ئه‌مه پچڕاندنی تیا ببێت، پینه‌كردن و پێ گه‌یشتنه‌وه‌ی ئاسان نابێت و روودانه‌وه‌ی ده‌بێته كۆسپ له به‌رده‌م دروستكردنی ئه‌و كه‌سایه‌تییه.
دیارده‌ی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵگه‌ی دواكه‌وتوو ئه‌وه‌یه، بێ ده‌رامه‌ته‌كان و نه‌ناسراوه‌كان، منداڵه‌كانیان له گرنگترین مافی مرۆڤ؛ فێربوون و خوێندن و خۆ دروستكردن و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش، كاركردن، بێ به‌ش ده‌كرێن. خۆ ئه‌گه‌ر بێت و به‌شیشیان هه‌بێت، ئه‌مه‌یان بۆ ئاسان ناكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵخۆشكه‌ره ئه‌وه‌یه، بڕیارده‌ری دروستبوونی تاك و به‌شداری له ژیانی خوێندن و فێربوون و خۆ رۆشناكردندا به پله‌ی یه‌ك، به‌هره‌یه كه پێوه‌ندی به زگماكییه‌وه و توانا و هۆشیاری خودی ئه‌و تاكه‌وه هه‌یه. ئه‌مه‌ش نایه‌ته كڕین و فێربوونی مه‌حاڵه. به‌ڵام ئه‌م به‌هره‌دارانه ئه‌گه‌ر بێ ده‌رامه‌تی ئابووری و په‌رته‌وازه‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و كۆمه‌ڵێك هۆكاری تر، رێگریان بن و داڕشتنی داهاتوویان سستی ببینێت، ئه‌وا به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌ڕه‌تی گه‌وره له ده‌ست ده‌چێت، كه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسان نابێت، ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت.
ئه‌م به‌هره‌داره بێ فرسه‌تانه له كۆمه‌ڵگه‌ی بێ ئاگا و خۆپه‌رستدا، له زۆر حاڵه‌تدا به‌ره‌و رێگه‌ی تووڕه‌بوون و لادان له رێگه ده‌ڕۆن. زۆریان ده‌بنه نێچیر بۆ رادیكالی هه‌مه‌جۆر و مه‌به‌ست و ئامانجی دیارینه‌كراو. یاخود سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و یاخی ده‌بن.
جیاوازیی چینایه‌تی به‌هۆی خوێندنه‌وه، پلانی داڕشتنی داهاتووی تاكی رۆژهه‌ڵاتی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی به گشتی؛ لێره‌دا كوردی به تایبه‌ت، به رێژه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له ده‌ستی خۆیدا نییه. ئه‌مه بڕیاری دایك و باوكه و خێزانه و بێ ره‌چاوكردنی ماف و توانای ئه‌و منداڵه، بۆ ئه‌و منداڵه بڕیار ده‌درێت. ئه‌گه‌ر له‌م پلانه لا بدات، ئه‌و منداڵه/گه‌نجه، ده‌بێته جێی گاڵته‌جاڕی و نه‌فره‌ت لێ‌كردن له لایه‌ن خیزان و ده‌وروپشت و به "فاشیل" ناو ده‌رده‌كات. واتا دێینه سه‌ر ئه‌و راستییه‌ی: بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌سته‌زمان و بێ ئاگا دروست نه‌بێت، پێویستمان به تاكی زمان و بیرئازاد و فراوان و هزر جوانه كه پاڵپێوه‌نه‌ری دروستبوونی، پێوه‌ندی به توانا و به‌هره‌ی خودی خۆیه‌وه هه‌بێت! هه‌موو كه‌سێك به‌هره‌یه‌كی هه‌یه، ده‌بێت بدۆزرێته‌وه. به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه ئاسان نییه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك و ئه‌و هۆكاره‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستی منه، دابین نه‌كردنی سیستماتیك و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه له وه‌رگرتنی خوێندن و فێربووندا و په‌ره‌پێدان به پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیروبۆچوونی تاك هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش ناعه‌داله‌تی له وه‌رگرتنی كاردا، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی به‌شداری نه‌بوونی (پارتیسیپێشن) له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا. بێ به‌شه‌كان، دینامیتی ته‌قینه‌وه‌ن له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نادادپه‌روه‌ردا.
زۆربوونی ژماره‌ی باخچه‌ی ساوایانی تایبه‌ت و خوێندگه و كۆلێجی بیانی و ئه‌هلی، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه به‌ره‌و پیشكه‌وتن ده‌چێت و ئه‌م كه‌مینه‌یه‌ی كه په‌روه‌ده ده‌كرێت له‌م شوێنه تایبه‌ته جیاكراوانه‌دا، ده‌بنه پارچه‌یه‌كی كاریگه‌ر له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا. نه‌خێر! ئه‌مه ئه‌نجامه‌كه‌ی دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه به‌سه‌ر چه‌ند بلۆكێكدا و جیاكردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له یه‌كتر (هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه) و دروستكردنی سیستمی چینایه‌تی (وه‌ك له كاتی كۆلۆنیالیزما) به‌گوێره‌ی كۆرزێتێكی كۆنی كلاسیكی و به‌رماوه‌ی كۆلۆنیالیسه‌ته‌كان، به‌ڵام له به‌رگی سێكولاریزم و به ناو رۆشنبیران كه ئه‌مه ته‌نیا خزمه‌تی كه‌مینه‌یه‌كی به پله‌وپایه و ناوداره‌كان ده‌كات.
ئه‌نجامی ئه‌م جۆره تێگه‌یشتنه له په‌روه‌رده‌ی تاك ئه‌م خاڵانه‌یه: ١. تێركردنی هه‌ستی "ئیگۆئیسمی"/خۆپه‌رستی دایك و باوكی ئه‌و منداڵانه‌ی كه له‌م سیستمه كه‌مینه‌یییه كۆپی كراوه. ٢. دابینكردنی هه‌ستی چینایه‌تی و خۆ به مرۆڤێكی به‌رزترزانین لای ئه‌و منداڵانه، ٣. دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه له ره‌وتی زۆرینه (مێنستریم) و یاخیبونیان له كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌وه، ٤. سه‌ختكردنی یاخود مه‌حاڵكردنی گونجاندنی ئه‌و منداڵانه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی زۆرینه‌ی له داهاتوودا.
ده‌بێت لێره‌دا پرسیارێك له خۆمان بكه‌ین؛ ئایا ئه‌م كه‌مینه‌یه‌ی به‌م جۆره په‌روه‌رده و به‌ڕی ده‌كرێت، به چاوی تایبه‌تمه‌ندی لێیان ده‌ڕوانرێت و چاوه‌ڕوانی خه‌یاڵییان لێ ده‌كرێت و فشارێكی زۆریان له‌سه‌ره، له كوێ كاریان بۆ دابین ده‌كرێت له داهاتوودا و چ جۆره كارێك ؟ من باسم له كوالیتی كاره، نه‌ك كار به مووچه‌ی زۆر و بێ به‌رهه‌م. بیرمان نه‌چێت، ئه‌مانه هه‌موو خاوه‌ن خێزانی ناسراو و پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ریستۆكراتی و سیاسی نین. زۆر له‌م تاكانه‌ی (كه ره‌نگه پاره‌ی خوێندن و به تایبه‌تبوونیان، به قه‌رز دابین كردبێت) ده‌بنه دۆڕاوه‌كان كه سه‌روه‌ت و سامان داده‌نێن بۆ دروستبوونی تایبه‌تمه‌ندی بۆ منداڵه‌كانیان! به‌ڵام فاكته‌ره‌كانی تریان نییه.
كۆمه‌ڵگه‌ی جیاكراوه یا تێكه‌ڵ ئایا چی به‌سه‌ر ئه‌وانه دێت كه به رێگه‌یه‌كی سه‌خت (به‌تایبه‌تی به‌هۆی لایه‌نی ئابوورییه‌وه) هه‌مان به‌ڵگه‌نامه یاخود به‌رزتر به‌ده‌ست ده‌هێنن (له‌و "كه‌مینه" تایبه‌ته) و خاوه‌ن كاراكته‌ر و بیركردنه‌وه‌ی فراوان و رۆشنان و نابینرێن و بێ كار ده‌مێننه‌وه؟ زۆر به ئاسانی ئه‌وه رووده‌دات كه ئێسته ده‌یبینین؛ یاخیبوون و جێهێشتنی نیشتمان، چونكه ئه‌مانه له زه‌وینه‌ی به سیاسی و حزبیكراوی كوردستان، خۆیان نابیننه‌وه و نایانه‌وێت ببنه خۆراكی دووبه‌ره‌كی و سێبه‌ره‌كی و .. هتد. خۆیان به‌خاوه‌نی نیشتمان نازانن.
وردبوونه‌وه له وڵاتانی پێشكه‌وتوو كه رێكخستنی ژیانیان به پرۆسه‌یه‌كی دوور، به قۆناغی هه‌مه‌جۆر و به كاتێكی زۆر و كۆشش و بیركردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه و به‌راوردكردنی چه‌ندان نه‌وه‌ی پێشتر ئه‌نجام دراوه و سیستماتكی پێداگۆگی خۆی بۆ دۆزراوه‌ته‌وه، ده‌بینین ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆسه‌ی دروستبوونی سیستمی په‌روه‌رده نه‌بێت/نه‌بووبێت، به‌ڕێوه‌بردنی خوێندنگه و باخچه‌ی ساوایان و هه‌تا په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شارستانی، ته‌نیا له سه‌ر لێشێواندن و ئاڵۆزی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاخیبوون زیاتر هیچی لێ ناكه‌وێته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێی نه‌هامه‌تییه ئه‌وه‌یه، له كاتێكدا له كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كاندا، مۆراڵ و پێكه‌وه‌ژیانی تاكه‌كان له په‌ره‌سه‌ندندایه، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌تا بێت له‌م قییه‌مانه دوور ده‌كه‌وێته‌وه. چونكه تاكه‌كان له یه‌كتر دوور ده‌خرێنه‌وه و ئه‌مه له ناو خێزانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا هه‌تا بێت تێكه‌ڵاوتر ده‌بێت و له ناوخۆیدا جیاوازییه‌كانی زه‌قتر ده‌بنه‌وه. ده‌بینین كه سنووری مرۆیی و به‌یه‌كگه‌یشتن نێوان پارچه‌كانی كوردستان نه‌ماون، به‌زاندنی سنوور به‌هۆی په‌نابه‌رییه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتمان شێوازێكی نوێی داوه به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی.
له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌م تێكه‌ڵاوییه و ئه‌م جیاوازییانه بكرێنه سه‌رچاوه‌ی هێزی كۆمه‌ڵگه، بوونه‌ته جیابوونه‌وه و دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی كۆمه‌ڵگه له یه‌كتر و تۆراندنیان له یه‌كتر.
ئایا تا ئێسته هیچ پلان و پرۆگرامێك هه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌مه‌جۆری "هێته‌رۆجێن" ی كوردی ئه‌مڕۆ؟ پێش روودانی كاره‌سات و سه‌ر لێشێواندنی زیاتر، وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ به‌رگری/"پرێڤێنتڤ" له به‌یه‌كدادانی ئه‌و پارچه جیاوازانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، ده‌بێت سوود وه‌ربگیرێت له‌و سه‌رچاوه ئازادییه به‌هێزه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كه به‌هۆی نه‌بوونی ژێرده‌سه‌ته‌یی عه‌ره‌ب له كوردستانی باشووردا دروست بووه. ئه‌مه هه‌نگاوی یه‌كه‌مه. پلان و پرۆگرام بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا له ناو فایله بیرچووه‌كانی وه‌زاره‌ت و رێكخراوه‌كاندا نه‌مێننه‌وه، ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێن و شوێن و بودجه و كاتی گونجاو و كه‌سانی پسپۆڕی بۆ دابین بكرێن. هه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده و نه‌بوونی ئاماده‌باشی بۆ گه‌نج له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا ده‌بێته تێكشكاندنی بڕبڕه‌ی پشتی كۆمه‌ڵگه‌ی ساز و ته‌ندروست. چونكه ئه‌و هه‌ڵانه‌ی به پچووكی دروست ده‌بن له سه‌ره‌تاوه، دوایی كه گه‌وره بوون چاره‌سه‌ریان ئاسان نابێت.
له به‌رنامه‌ی په‌روه‌ده‌یی مۆدێرنی وڵاتانی پێشكه‌وتوودا، كۆنسێپتی "به‌یه‌كگه‌یشتنه‌وه" ی تاكه‌كان و پارچه‌كانی كۆمه‌ڵگه "ئینكلوژن"/ "تێكه‌ڵبوون" به‌رنامه‌ی تایبه‌تی بۆ دانراوه. یه‌كه‌م شوێن كه ئه‌م به‌رنامانه‌ی تێدا تاقی ده‌كرێنه‌وه، له‌به‌ر ده‌ركی ماڵه‌كان، باخچه‌ی ساوایان و خوێندگه‌كانه. بێگومان ئه‌مه هیچ سوودی نییه ئه‌گه‌ر له ناو خێزانه‌كاندا هزری چینایه‌تی پێڕه‌و بكرێت! هه‌تا دروستبوونی كه‌مینه‌ی ده‌ره‌وه‌ی "كۆمه‌ڵگه‌ی زۆرینه" به‌هێزتر بێت، به‌رهه‌مهێنانی هه‌ڵبژارده "ئێلیت" له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ناڕه‌وا زۆر بێت، گونجاندنی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه "ئینتگرێشن" پێكه‌وه سه‌ختتر ده‌بێت. ئه‌مه‌ش ماوه‌ی ٢٥ ساڵه له كوردستان رێگه‌ی بۆ ئاسان كراوه و به دامه‌زراندنی خوێندگه و باخچه‌ی ساوایان و زانكۆی ئه‌هلی، جیاوازییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌وره دروست كرا له كوردستاندا. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه، تێكه‌ڵكردن هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، تێگه‌یشتن له یه‌كتر و دروستبوونی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، مۆراڵ و یه‌كبوونی مرۆیی "ئینكلوژن" ئاسان ده‌كات.
كۆكردنه‌وه‌ی منداڵی خێزانی كه‌مده‌رامه‌ت، منداڵی پاره‌داره‌كان، منداڵی خێزانه ناسراو و نه‌ناسراوه‌كان، منداڵی كه‌مئه‌ندام و منداڵه‌كانی كه‌مئه‌ندام نین له ژێرخانی خوێندندا یه‌كه‌م هه‌نگاوه بۆ داڕشتنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆیی و به ئاگا و دوور له گه‌نده‌ڵییه‌وه. تاك و كۆمه‌ڵگه خڕۆكه‌یه‌كی ته‌واو دروست ده‌كه‌ن. واتا تاكه‌كان كۆمه‌ڵگه دروست ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵگه‌ش به‌رهه‌می تاكه‌كانه و پێچه‌وانه‌ش راسته. ده‌مه‌وێت بڵێم، ده‌بێت هه‌ردوولا پشتگوێ نه‌خرێن.