ئاراس نووری ئه‌حمه‌د ته‌ها
نه‌خێر و به‌ڵێ پرسه گرنگه‌كه نییه، پرسه گرنگه‌كه بیركردنه‌وه و هوشیاربوونه به‌و بڕیاره‌ی كه تاكی كورد به به‌ڵی یان به نه‌خێر ده‌یدات.
ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن، "به‌ڵێ" بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كورد، ته‌نیا له خۆشه‌ویستی و دڵسۆزییانه‌وه نییه بۆ كورد. ئه‌م "به‌ڵێ"یه هه‌میشه له هۆشیارییه‌وه نه‌هاتووه و كۆمه‌ڵێكی زۆر كه ده‌ڵێن "به‌ڵێ" پێش ئه‌وه‌ی له گوتنیدا بیریان له كوردبوونی خۆیان چاره‌نووسی كورد كردبێته‌وه، بیریان له به‌رژه‌وه‌ندییه تاكه‌كه‌سییه‌كانی خۆیان كردووه‌ته‌وه.
ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن "نه‌خێر" بۆ ریفراندۆم، ته‌نیا هۆكارێكی نییه و هۆی جۆراوجۆر له گوتنی ئه‌و "نه‌خێر"ـه‌دا هه‌یه. له‌وانه‌یه به‌شێك له‌وانه به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕه‌وه بڵێن نه‌خێر. ئه‌مانه‌ش ده‌بێت له یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه و نه‌خرێنه یه‌ك ریزه‌وه.
بۆ نموونه "نه‌خێر"ی كه‌سانێك هه‌یه هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هیچ متمانه و هیوایه‌كیان به كه‌سانی سیاسیی و لایه‌نه‌كانیان نه‌ماوه كه بتوانن ئه‌و بارودۆخه خراپه‌ی هه‌رێم پێیادا تێده‌په‌رێت چاكی بكه‌ن. ئه‌م "نه‌خێر"انه له باوه‌ڕنه‌مانی ئه‌و كه‌سانه‌یه به‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی هه‌ڵیانبژاردوون و به‌و حكوومه‌ته‌ش كه كاروباری هه‌رێمه‌كه‌یان به‌ڕێوه ده‌بات. ئه‌مانه له‌وه دڵنیا بوونه‌ته‌وه كه ده‌نگی شه‌قام له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه ناگوێزرێته‌وه بۆ ئه‌و ناوه‌نده‌ی ده‌بێت بڕیاری خۆشبه‌ختی و دادپه‌روه‌ری تیادا بدرێت بۆ تاكی كورد.
ئه‌وه‌ی نایه‌ته شاردنه‌وه ئه‌وه‌یه، نوێنه‌رانی ئه‌م تاكانه‌ی كۆمه‌ڵگه كه ده‌بێت ده‌نگیان بگه‌یه‌نن به‌وانه‌ی له‌سه‌ریانه ژیانیان بۆ چاك بكه‌ن، وا ده‌بینن ئه‌گه‌ر ده‌نگیشیان بگات به شوێنی بڕیار، ده‌نگه‌كه‌یان فه‌رامۆش ده‌كرێت و ئه‌وانیش له‌و بارودۆخه خراپه‌ی تیایدا ده‌ژین، وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه.
كاربه‌ده‌ستانی حوكمی و حزبی و په‌رله‌مانتاران له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وه نییه هیچ كارێكیان نه‌كردبێت، ئه‌وان كاری زۆریان كردووه، به‌ڵام ئه‌و كارانه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ست و پاره‌داره‌كاندا كراون، ئه‌وه‌نده زۆر و به‌رچاون ئه‌و كارانه‌یان شاردووه‌ته‌وه كه بۆ خه‌ڵكی به گشتی كراون. ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه بیروهۆشی تاكی كوردی ته‌نیوه و وای كردووه كه پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌ك پرسێكی چاره‌نووسساز بیر بچێته‌وه و فه‌رامۆشی بكات.
ئه‌و تاكانه خه‌یاڵیان هه‌ر لای ئه‌وه‌یه چۆن تۆڵه له‌وانه بكه‌نه‌وه كه ئه‌وانیان له مافه‌كانی خۆیان بێبه‌ش كرد و پشكی شێریان دا به‌وانه‌ی خاوه‌نی كورسی و ده‌سه‌ڵات و پاره‌ن.
بێبه‌شی ته‌نیا له پاره‌و مووچه و موڵكدا نییه، به‌ڵكو له دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و مافی خوێندن و فێربوون و ته‌ندروستی و به‌ده‌ستهێنانی كار به‌دی ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی له كوردستانی باشوور ده‌گوزه‌رێ، چینایه‌تییه‌كی ترسناكه و بێباكییه به‌رامبه‌ر تاكی بێبه‌ش. تاك هه‌ست به‌وه ناكات له وڵاتی خۆیدا وه‌ك هاووڵاتی رێزی لێ بگیرێت.
هه‌موو پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به سیسته‌می حوكمڕانی له كوردستانی باشووردا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای تاكه‌كه‌س و هاووڵاتی نه‌بێت ئه‌و یه‌كده‌نگییه له پرسه چاره‌نووسسازه‌كانی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی و ریفراندۆم ئاسان نابێت. چاكسازیش كاتێك چاكسازییه‌كی واقیعی و باوه‌ڕ پێكراو ده‌بێت كه له لووتكه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه‌وه ده‌ست پێ بكات.
ئه‌ڵمان گوته‌نی: ئه‌گه‌ر ویستت بزانیت ئه‌و ماسییه‌ی گرتووته كه‌ڵكی خواردنی هه‌یه، ده‌بێت سه‌یری سه‌ری ماسییه‌كه بكه‌یت، ئه‌گه‌ر سه‌ره‌كه‌ی بۆگه‌نی كردبێت ئه‌وه ده‌بێت هه‌مووی فڕێ بده‌یت چونكه كه‌ڵكی خواردنی نه‌ماوه.
له‌م بارودۆخه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه خراپه‌ی هه‌رێمدا كه بێباكییه‌كی زۆری ده‌سه‌ڵاتداران له به‌رامبه‌ر ژیانی تاكه‌كه‌سدا ده‌بینرێت، ده‌بێت وا له تاكه‌كان بكات هوشیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا بكه‌ن و ده‌نگی خۆیان له‌و پرسه چاره‌نووسسازه‌دا به سه‌پاندنی مه‌رجه‌كانی خۆیه‌وه بۆ باشتركردنی ژیانی وه‌ك تاكه‌كه‌سێك به‌كار بێنێ.
تاكی كورد له‌بری ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و شه‌پۆله‌ی هه‌رزه‌یی سیاسی كه‌سانێك به‌مه‌به‌ستی هێنانه پێشه‌وه‌ی خۆیان دروستیان كردووه، ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن چۆن مه‌رجه‌كانی خۆیان به‌و شێوه‌یه دابڕێژن پێوه‌ستیان بكات به پرسه‌ی ده‌نگدانه‌وه به جۆرێك له دوای ده‌نگدان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بیر نه‌چنه‌وه و پشتگوێ نه‌خرێن.
واته ده‌بێت ئه‌وان ده‌نگ به "به‌ڵێ" بده‌ن، به‌ڵام به‌و مه‌رجانه‌وه كه هه‌یانه. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانیشیان فه‌ارمۆش نه‌كرێت، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك مه‌رجه‌كانیان گرێ بده‌ن به ده‌نگه‌كه‌یانه‌وه كه سه‌ركه‌وتنی ده‌نگێ "به‌ڵێ" وا بكات مه‌رجه‌كانیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه فه‌رامۆش نه‌كرێ. ئه‌وان ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسییانه‌دا ده‌نگ به "به‌ڵێ" بده‌ن كه جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی ئه‌وانیان به‌قه‌ده‌ر سه‌ركه‌وتنی "به‌ڵێ" له‌لا گرنگه.
ده‌بێت له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمدا به‌ره‌یه‌كی مه‌ده‌نی (مێیینه و نێرینه، گه‌نج و به‌ته‌مه‌ن) دروست بكرێت دوور له‌وانه‌ی چه‌ندان ساڵه به ناوی جۆراوجۆری وه‌ك ته‌كنۆكرات و رۆشنبیر و ئه‌كادیمی خۆیان بردووه‌ته پێشه‌وه و به‌های ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی نه‌بووه كه راپۆرته‌كانیان له‌سه‌ر نووسیوه.
كاری ئه‌م به‌ره‌یه ئه‌وه ده‌بێت:
١- هه‌موو ئه‌وانه‌ی ماوه‌ی ساڵانی رابوردوو ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست بووه، چ به‌هۆی پله‌یه‌كی حزبییه‌وه، چ به‌هۆی وه‌رگرتنی ئه‌ندامێتی په‌رله‌مانه‌وه و چ به‌هۆی بوونیان به وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، لێپرسینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت، چی‌یان كردووه و پلانی كارییان چی بووه و به چ رێگه‌یه‌ك له‌سه‌ر كورد و تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كاریان كردووه.
٢- ئه‌وانه‌ی له خاڵی یه‌كه‌مدا جێی متمانه بن و باوه‌ڕ به به‌رنامه و پلانی كاریان بكرێت، ده‌توانن بۆ دامه‌زراوه‌ی نوێی كوردستان بێنه‌وه ناو هه‌ڵبژاردن.
٣- ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كرێنه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستی حزبی، خاوه‌ن پله‌ی به‌رز له په‌رله‌مان و حكوومه‌تدا، ده‌بێت ببنه كه‌سانێكی شووشه‌یی. واتا ده‌بێت هه‌موو موڵك و ده‌سه‌ڵات و پاره و هتد بخه‌نه ڕوو. بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له سه‌ری ماسییه‌كه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت.
٤- لیژنه‌ی چاودێری بۆ ئه‌م هه‌موو ده‌زگایانه دروست بكرێت و راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی بداته به‌ره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.
كورد كاتی زۆر له‌ده‌ست چوو به ململانێ و ناشیرینكردنی یه‌كتره‌وه. له‌بری وێرانكردنی به‌رده‌وام، ده‌بێت گفتوگۆ له‌سه‌ر داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ داهاتووه‌یه‌كی ره‌خنه‌هه‌ڵگری دروستكه‌ر بێته كایه‌وه.