دیاردەی ئامۆک و کوشتنی مامۆستاکان


AMOK
وشەیەکە لە زەمانی کۆلۆنیالیستەکاندا بۆ یەکەمجار لە مالایزیا بیستراوە.

لە مالایزیا کە پیاوێك شەرەف و ئابڕووی دەشکا، دەکەوتە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شەلم کوێرم ناپارێزم، بە هاوار و دەنگێکی پڕ لە توندوتیژی خەڵکی دەکوشت و هاواری ئەکرد، "ئامۆک ئامۆک" .

کۆلۆنیالیستەکان ئەمەیان وەرگرت و خرایە ناو زمانی ئەوروپاییەوە و بەتایبەتی ئەوروپای رۆژئاوا.

واتا شەرەف و ئابڕوو (کە سایکۆلۆجیای مرۆڤ /زیاتر نێرینە تێکدەدات)، هەتا ئەمڕۆش هۆکاری یەکەمی ئەم کووشتارەیە، کە یەك کەس پێی هەڵئەستێت!

بۆ یەکەمجار ساڵی ١٨٧١ لە شاری زاربرویکن/ئەڵمانیا خوێندکاری گیمناسیومێك/ قوتابخانە، بە چەك چەند خوێندکار و مامۆستای بریندار کرد.
گەورەترین ئامۆك کە لە ئەڵمانیا ڕووی دا، ساڵی ٢٠٠٢ بوو، لە شاری "ئێرفۆرت" /رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا.
لەم کووشتارەدا، ڕۆبێرتی ١٩ ساڵ لە  خوێندگەکەی خۆی ١٦ مامۆستا و خوێندکار دەکوژێت و دوای ئەوە خۆیشی کوشت!

زۆرینەی ئەو "ئامۆکانە"ی لە دنیادا  لەناو خوێندگە ڕوو دەدەن و بکوژەکە بە هۆکاری نەخۆشی دەروونییەوە بەمە هەڵساوە، بکوژەکە دوای کووشتارەکە، خۆیشی دەکوژێت، بەڵام ئەم
بکوژەی کوردستان خۆی نەکووشتووە.
بۆچی؟
بۆچی لەناو  خوێندگە و زانکۆکاندا کوشتار لەلایەن یەك کەسەوە ڕوو دەدات؟

یەکێك لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی، گۆڕانی ژیانی کۆمەڵگە و لایەنی سایکۆلۆجی ئەو کۆمەڵگەیەیە و داواکاری و گوشاری کۆمەڵگەیە بەرامبەر بە تاك. زۆرجار ئەمە ناوترێ، بەڵکو وا  پێشان دەدرێت. 
لای خۆمان  بە زۆری وشەی "فاشیل"ی  بۆ بەکار دەهێنرێت! واتا، تاوانبارەکە پێش تاوانەکەی بە فاشیل ناوی براوە!

جا ئەو کووشتارەی ئەمڕۆ لەناو  زانکۆ و لە دەرەوەی زانکۆیش ڕووی دا، پێمان دەڵێت، کە کۆمەڵگە لە ئاستێکی قێزەوەندایە.

 لە بیرمان نەچێت، میدیاکان دەستێکی باڵایان هەیە لەم دیاردە جەرگبڕەدا.
جگە لەوە  بەهەڵە بەکارهێنانی  پلاتفۆرمەکان هۆکارێکی گەورەیە لە درووستبوونی ئەم دیاردەیەدا، کە لە کوردستان چارەسەری زۆر سەخت دەبێت.