ئاراس نووری ئه‌حمه‌د ته‌ها
بارزانی له زۆربه‌ی وتاره‌كانیدا ئه‌وه دووپاتده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر ریفراندۆم شكستی هێنا و رەوایهتێیهكی نێوده‌وڵه‌تی درا به ده‌وڵه‌تی عێراق تا خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر تاوانی سەربەخۆییی سزا بدات، ئه‌وا ئەو په‌یمانده‌دات به کورد تاوانه‌كه بخاته ئه‌ستۆی خۆی و وه‌ك قازی محه‌مه‌د له جیاتی کوردی خاوەن بەڵێ، بمرێت. ئه‌مه‌ی بارزانی ده‌یڵێت خه‌ڵكی كوردستان ناخاته ناو په‌یمانێكی سیاسییه‌وه له‌گه‌ڵ بارزانیدا، به‌ڵكو ده‌یانخاته ناو په‌یمانێكی ئه‌خلاقییه‌وه. ئه‌و په‌یمانه ئه‌خلاقییه‌ش هه‌م بارزانی و هه‌م بەرەی "بەڵێ" ده‌خاته ناو تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خته‌وه. لەو تاقیکردنەوەیەدا ئهوهدهردهكهوێت کێبوون ئه‌وانه‌ی بەڵێیان بۆ سەربەخۆییی كردووه له "حەزێکەوە" و کێبوون ئەوانەی له ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆبوونه‌وه بەڵێیان بۆ سەربەخۆییی كردووه.
ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ی به‌هۆی ئه‌و په‌یمانه ئه‌خلاقییه‌ی نێوان بارزانی ئه‌و خه‌ڵكه‌دا دێته‌ئاراوه چییه‌و ئه‌وانه كه له‌گه‌ڵ بارزانیدا به‌ڵێ بۆ سەربەخۆییی ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه ناو ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌وه چۆن تاقیده‌كرێنه‌وه؟ئه‌گه‌ر وه‌ك هه‌موو جارێك رێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی دژی سەربەخۆییی دروستبوو و داواكردنی سەربەخۆیی وه‌ك تاوان دژ به ده‌وڵه‌تی عێراقی ناسێنراو و هێزه هه‌رێمییه‌كان به عێراقیشه‌وه ده‌ستیان بۆ سه‌ركوتكردنی ده‌نگی سەربەخۆیی كورد كرده‌وه‌و كاتی ئه‌وه هات له‌سه‌ر به‌ڵێیان بۆ سەربەخۆیی سزا بدرێن، ئه‌وكاته بوارێك دێته پێشه‌وه بۆ ده‌ركه‌وتنی ئه‌وه‌ی كه بارزانی خاوه‌نی په‌یمانی خۆیه‌تی و په‌یمانه‌كه‌ی ناشكێنێ یان خه‌ڵكی كوردستان كه به‌ڵێی بۆ سەربەخۆییی كردووه په‌یمانه‌كه‌ی دهباتهسهرونایشكێنێ.
به‌ر له‌وه‌ی بارودۆخێكی ئاوا بێته‌پێشه‌وه، كه‌س به یه‌قینی نازانێت، بارزانی په‌یمانشكێن دەبێت یان ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه به به‌ڵێ بۆ سەربەخۆیی له‌گه‌ڵ بارزانیدا كه‌وتوونه‌ته ناو ئه‌و په‌یمانه ئه‌خلاقییه‌وه.هه‌ر قسه‌یه‌ك به‌ر له هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و بوارهلهسهر ئه‌وه‌ی بارزانی راست ده‌كات یان نا یان ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به‌به‌ڵێ داوه راستده‌كه‌ن یان راستناكهن،جگه له فاڵگرتنه‌وه هیچیتر نییه، بۆیه قسه‌كردنه‌كه‌مان بێمانایه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه بێت كێ په‌یمانشكێنی ده‌كات و كێی نایكات.
ئه‌وه‌ی ده‌بێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر به‌ڵێ بۆ سەربەخۆیی به رێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی به تاوانناسێنراو كاتی سزادانی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه هاته‌پێشه‌وه‌و بارزانی په‌یمانه‌كه‌ی برده‌سه‌ر، خه‌ڵكی كوردستان چی بكات؟تا بتوانێت په‌یمانه ئەخلاقییەکەی له‌گه‌ڵ بارزانیدا به‌رێته سه‌ر.
ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه ئاوای لێهات و كورد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا وتوویه‌تی ده‌مه‌وێت سه‌ربه‌خۆبم، سزایه‌كی جیهانی دراو بارزانی وه‌ك قازی محه‌مه‌د تاوانه‌كه‌ی خسته‌ئه‌ستۆی خۆی و خه‌ڵكی كوردستانی له تاوانه‌كه بێبه‌ریكرد و بڕیاریدا له جیاتی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بچێته دادگا‌و سزای تاوانهكهوهربگرێت ئه‌وكاته خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ونه ناوتاقیكردنهوهیهكی سه‌خته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وه قبووڵبكه‌ن كه بارزانی تاوانباره و ئه‌وان به نه‌زانی شوێنی بارزانی كه‌وتوون و ئه‌و به‌بێ ویستی خۆیان به‌ڵێی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەسەردا سەپاندوون، ئه‌وه خه‌ڵكی كوردستان په‌یمانه‌كه‌ی شكاندووه‌و درۆی له‌گه‌ڵ خۆی و بارزانیش كردووه كه به‌ڵێیان بۆ سەربەخۆیی کردووە. ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشانی دنیا ده‌دات كه كورد مییلهتێكه بۆ كۆیلایه‌تی دروستكراوه‌و ده‌بێت به په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش به ناوچاوی كورده‌وه كه لابردنی ئه‌سته‌مه. لێرەوە مێژووی نوێیکورد بە ملکەچی دەستپێئەکات.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ئیراده‌ی سەربەخۆیی هه‌بێت و سەربەخۆیی لای ته‌نیا حه‌زو هه‌ڵچوونێكی كاتی نه‌بێت، ئه‌وكاته نه‌ك هه‌ر رازی نابێت به‌وه‌ی بارزانی تاوانی سەربەخۆیی تەنیا له ئه‌ستۆی خۆی بگرێت و ئه‌وانی لێ بێبه‌ری بكات بەڵکو بە مافی خۆی دەزانێت، بەرپرسیاری بۆ بڕیاری خۆی هەڵبگرێت. ئەم ئیرادەیە دەتوانێت بەرهنگاری هه‌موو دنیا ببێتەوە، ئه‌گەر ئەو دنیایە سەربەخۆیی كورد به تاوان بزانێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بێت سزا بدرێت. ئەوکاتە كورد نییه تاوانبارە، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ن كه مافی سەربەخۆیی بۆ ئه‌م میله‌ته به ره‌وا نابینن. ته‌نیا بردنه سه‌ری ئه‌و په‌یمانه‌و ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی ده‌توانێت گه‌ره‌نتی سەربەخۆیی بۆ كورد بكات. ئایا بارزانی و خه‌ڵكی كوردستان خاوه‌نی ئیرادهییهكی ئاوان بۆ سەربەخۆیی یان ئه‌وه‌ی ئێسته له ئاراده‌یه ته‌نیا گه‌مه‌یه‌كی سیاسییه؟ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌داته‌وه داهاتووه.
بارزانی ساڵێکییان لەبەرلین چاوی بەکۆمەڵێك کورد کەوت و منیش له‌و دانیشتنه‌دا بووم، هەستام و وتم، بەڕێز بارزانی تا کەی حکوومەتی هەرێم پشت دەکاتە ئێمەی کوردی تاراوگە و هیچ ئاگادارمان نییە؟ ئێمە دەمانەوێت خزمەتی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان بکەین. لەو شوێنەی لێی دانیشتبوو لەگەڵ چەند کەسانێکی دی، سەرینا بەسەری دکتۆر فوئاد حوسێنەوە و ویستی بزانێت من کێم!ئەویش پێی وتبوو من کێم.
بارزانی لە جێی خۆی هەستا و روویکردە من و وتی: تۆ کچی قارەمانێکی کوردیت کە سەری ئێمەی پێ بەرزبووه‌تەوە. باوکی تۆ کاتێك کۆماری کوردستان لە مەهاباد شکستی هێنا وهەواڵی پێگەیشتکە بارزانی و کۆمەڵێك ئەفسەری تریش وەك قازی و هاوەڵەکانی لە سێدارە دەدرێن، باوکت رای‌کرد و ماڵ ومنداڵەکەی لەناو تەویلەی وڵاخدا(کە خۆیان لێ شاردبووەوە) جێهێشت و گوتی: نابێت، من ببەن پێش بارزانی نەمر لە سێدارەم بدەن، با من مەرگی ئەو نەبینم.
به‌ڕێز بارزانی، ئەمە بۆ من یەکەم جاربوو بیبیستم، چونکە باوکی ئێمە باسی جوامێری خۆی نەدەکرد. ئەو خۆی بە پێشمەرگەیەکی تاهەتایی دەزانی و کاری خۆی بە ئەرکی کوردایەتی دەبینی.
ئەمڕۆ پاش نیو سەدە زیاتر لەو رووداوە، چەند جارێك گوێم لە دواوتارت گرت. وتارێکی سیاسی نەبوو، وتارێکی ئەخلاقی بەرز بوو. وتارەکەت بردمییەوە ئەو ساتەی باوکم ئامادە بوو پێش بارزانی نەمر، بمرێت و دەڵێم، ئه‌گەر هات و سەربەخۆیی کورد بە تاوان دانرا و ئێوه پەیمانی ئەخلاقی خۆتان بردەسەر و خۆت کرد بە تاوانبار بۆ هەموو هەنگاوەکانی سەربەخۆیی، ئەوا منیش، ئاراس نووری ئەحمەد تەها وەك باوکم، ناڵێم من پێش بارزانی سزا بدەن، بەڵام دێم و لەگەڵتاندا دەچمە ریزی تاوانبارەکان.
ئەمە پەیمانە