گۆڕان فریادڕەس دەبوو ئەگەر هەڵەی بەم جۆرەی نەكردایە


هەڵەی یەكەم
بزووتنەوەی گۆڕان وەك بەرەنگاربوونەوەی جەماوەری، لە هێزی ناڕەزایی و تووڕەبوونی كورد دروست بوو. بەتایبەتی لە خەڵكی سلێمانی خۆراكی بزووتنەوەكەی وەرگرت. ئەوەی رابەری ئەو بزووتنەوەیەی كرد، بەڕێز كاك نەوشیروان موستەفا ئەمین مەلا خدر، نەزان نەبوو، مێژووی خۆی هەبوو (من باسی مێژووی رەش و سپی ناكەم) و مەبەستی خۆی هەبوو. دەیتوانی ماوەیەكی درێژتر وەك ئۆپۆزسیۆن بمایەتەوە و بە هەڵوێستی كوردانەی دڵسۆز لە خەڵك نزیكتر بكەوتایەتەوە، بەتایبەتی لەوانەی وەك تاك هیچ رابردوویەكی حزبییان نەبوو و هیچ پێداویستییەكی مادییان نەبوو بەو بزووتنەوەیە و لەوانەی بەهۆی ئەو بزووتنەوەیەوە نانبڕاو كرابوون، بەڵام ئەمە وا نەبوو، ئەگینا من خۆم یەكێك دەبووم لەوان، بەڵام گۆڕان زۆر زوو فێری لووتبەرزی و بێ منەتی بوو، وەك ئەوانی تر.

دووەم:
گۆڕان لەبری ئەوەی پیشانی بدات ئەو دەنگی هەموو كوردێكی بێ ماف و چەوساوەیە و ئاڵای ڕێزگرتنی تاكی كورد هەڵبگرێت، ناوی خۆی نا حزبی ئەكادیمییەكان و رۆشنبیران! ئایا لە سەدا چەندی ئەوانەی دەنگیان پێ دا، ئەكادیمی بوون؟ ئایا لە سەدا چەندی نەتەوەكەمان ئەكادیمین و هەلی خوێندنی ئەكادیمییان هەبووە؟  ئایا رۆشنبیرانی گۆڕان لەسەر چ بنەمایەك كاریان دەكرد بۆ وشیاركردنەوەی تاكی كورد و ناساندنیان بە مافی ئازادی خۆیان، بێ چەواشەكاری و بەكارهێنانی خەڵكانێكی زۆر تەنیا بۆ مەبەستێكی دیاریكراو، ئەویش ئەوەبوو لە هەنگاوی یەكەمدا تۆڵە لە یەكێتی بسەنرێتەوە و دووەمیان پارتی ناشیرین و لاواز بكرێت. ئەی دوای ئەوە چی رووی دا؟

سێیەم
گۆڕان كە بڕیاری دا ئەندامی پەرلەمان بنێرێتە هەولێری پایتەخت، نەدەبوو ئەوانە بخاتە ریزی پێشەوە كە ئیسلامی بوون، یاخۆ لە حزبێكی ترەوە هاتبوون و هەمان هەڵوێستی گەندەڵی و سەرمایەداری و ناڕەوایان نواندبوو، وەك حزبەكانی تر كە (گۆڕان خۆی ئەم هۆكارەی كردبووە دروشمی سەرەكی). گۆڕان بە شێوازێكی تر دروست بوو، سەرچاوەیەكی تری هەبوو كە دەبوو لە هەموو هەنگاوێكیدا پیشانی بدایە. لەگەڵ ئەواندا ژمارەی نوێژكەران زیاد بوو، مزگەوت زیاد بوو، زۆرتر جنێو بە ژن درا و سووكایەتییان پێ كرا (خۆم یەكێك بووم لەوانەی لەسەر وتارێكی سیاسی لە رووداودا، هەڕەشەم لێ كرا و نامەكانیانم ماوە). ئەی گۆڕان نەیدەگوت ئەو دەنگی ئازادییە و لەگەڵ مافی ژنە؟ یا ئەو مەبەستی بێ دەنگبوونی ژن بوو؟ خنكاندنی رەخنە بوو؟.

چوارەم:
كە گۆڕان بڕیاری دا بچێتە ناو حكوومەتی بنكەفراوانەوە، دەبوو رێزی لە ئەتەكێتی ناو پەرلەمان بگرتایە (نەك تەنیا بە گۆڕینی ستایڵی پۆشاكیان و بە باسی مافی پەرلەمانتارانی ئەوروپی..) دەبوو بزانن ئیتر وەك ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت وتاری سیاسیی خۆی بخوێنێتەوە. دەبوو بە ئەرگومێنتەوە ئیشی خۆی بكردایە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو پەیمانانەی دابووی بەوانەی پشتیوانی بوون.  
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی گۆڕان لەسەر گردەكە، پێم گوتن ئەو خەڵكە بەهۆی ئێوەوە بێ نان بوون و هەوڵ بدەن مانگی ٤٠٪ی مووچەكانتان كۆ بكەنەوە بۆ ئەو كەسانە و بۆ ئەو پڕۆژانەی كە ئەوانی تر نایكەن. هەوڵ بدەن ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێت چاكی بكەن و جۆرێكی تر سیاسەت بكەن، رێگەی ئەوانی تر مەگرن، هەنگاوێك بێن كە ئەوانی تر بە خەویش نەیانبینیوە. تەنیا یەكێكیان گوتی، خۆ وەڵا كەسمان خەونمان بەم هەموو پارەیەوە نەبینیوە! ئەوانی تر كە زۆریان تازە ئەندامی پەرلەمان بوون و بۆ بەغدا دەچوون، ئەمەیان بە دڵ نەبوو. یەكێكیان كە ژن بوو، پێی گوتم، ئێمەش وەك ئەندام پەرلەمانی حزبەكانی تر دەكەین، ئەمە مافی خۆمانە! واتا ئەمانیش وەك حزبەكانی تر كاریان كرد كە خۆیان نەفرەتیان لێ دەكردن، بەڵام لە كاتی پێویستدا و بۆ ئاژاوەنانەوە، هەر ئۆپۆزسیۆن بوون.
  
پێنجەم:
 رابەری بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێز كاك نەوشیروان موستەفا كە سەرۆكی ئەو حزبەیە، دەبوو كە بینی ئامانج و پەیامەكانی ئەو بزووتنەوەیە لەو پەرلەمانەدا جێی نابێتەوە، حكوومەت و پەرلەمانی جێ بهێشتایە و هۆكارەكانی بە شێوازێكی ئەقڵانی و سیاسی دابڕشتایە (نەك بە عاتفی) و لە هەموو پێوەندییەكانی بە پەرلەمان و حكوومەتەوە بكشایەتەوە. ئەمە بەهێزترین سیگناڵ دەبوو بۆ راست و دروستی ئەو بزووتنەوەیە. لە هەمان كاتدا ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت نابێت و نەبووە. خۆ كاك  نەوشیروان خۆی چەندەها جار گوتوویەتی باوەڕی بە نییەتی پارتی و ماڵی بارزانی نییە. چەندان تاوانی یەكێتی دەستنیشان كردووە.
لەبری ئەوەی فریادرەس بێت بۆ بزووتنەوەكەی، چوو دەستی خستە دەستی ئەو كەسانەی خۆی و لایەنگرانی چەندان ساڵە بە هۆكاری گەندەڵی بنەماڵەیی باس دەكران و پەلاماریان دەدرا، سەرەڕای ئەوەش خۆی دوور كەوتەوە. دووركەوتنەوەی كاك نەوشیروان (بەداخەوە) بووە هۆی ئازاردانێكی بێ سنووری لایەنگرانی و ونبوونی هێزێكی گەورەی جەماوەری كە بەو ئاسانییە جارێكی تر دروست نابێتەوە، ئەمە بەرپرسیارییەكی زۆر گەورەیە. ئەوە یەكەم هێزی نەتەوەیی كوردی بێبەش بوو، دوای راپەڕین. ئەوانەی ئومێدی چاكسازییان پێ درابوو، نائومێد كران. 
 
شەشەم:
ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەندامەكانی پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان، وەك ئەوەی بەشێك بن لەو حكوومەتەی كە دەڵێن لە كار كەوتووە، مووچە و مافی خۆیان هەیە، بەڵام كار ناكەن. لەبری ئەوە بوونەتەوە بە بەشێك لە ئۆپۆزسیۆن و دەچنە ناو خۆپیشاندەرانەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن نین بەو مانا یاسایییەی كە خۆیان باسی لێ دەكەن.
خۆپیشاندان مافی هەموو تاكێكە كە بزانێت هۆكارێك هەیە بۆ ئەو هەڵوێستە، بەڵام بزووتنەوەیەك كە هێشتا ناوی لە خۆی نەهێناوە، ئایا بە چ سیفەتێك خۆی تێكەڵ دەكات بەو جەماوەرەی كە لە هەموو لایەكەوە پەیمانی پێ دەدرێت و هیچ یەكێك لەو پەیمانانە (لەلایەن هەموو حزبەكانەوە) جێبەجێ ناكرێن.
ئایا گۆڕان بەشێكە لەو حكوومەتە یاخۆ لە دەرەوەی ئەو هەیكەلەیە؟ خۆساغكردنەوە ئەركی یەكەمی سەرشانی گۆڕانە. وا ئێستە رێگەیان بۆ كرایەوە، با بڕیاری خۆیان بدەن. 
بوون بە ئۆپۆزیسیۆن لە سیاسەتی هەموو دنیادا ئاسانترە وەك لە بوون بە بەشێك لە گرێبەستی ئیمزاكراو و چوونە ناو حكوومەتەوە، چونكە ئیمزاكردنی بەرنامەی حوكمڕانی، بەستنەوەی هەموو لایەنەكانە بەو رێككەوتنە. بوونی ئۆپۆزسیۆن بە ئەكتەرێك لە ناو حكوومەتدا، سەختە بۆ ئۆپۆزسیۆنێك كە مانەوەی لەسەر ئەوە وەستاوە ئۆپۆزسیۆن بێت.
ئەو نەتەوەیەی چەندان تراژیدیای بەسەر هێنراوە، ئەمڕۆ پێكهاتەكانی هێندە هەمەجۆرن، ئیتر بەو ئاسانییە چەواشە ناكرێت. نە بە پەیمانی حكوومەت و نە بە ئاگر خۆشكردنی هیچ حزبێكی ئۆپۆزسیۆن. هێزی میلەت لەوە گەورەترە، كۆمەڵێك بەرپرس و بازرگان و خاوەن بەرژەوەندی و داخ لە دڵ بە نیازن بێ ڕێزگرتنی ئەو میلەتە، بێ سنوور بەكاری بێنن.
یاریكردن بە كەرامەتی میلەتی كوردی باشوور و بە تایبەتی بەكارهێنانی خەڵكی سلێمانی بەرامبەر بەوانەی دەنگیان دا بە هەموو ئەو حزب و پەرلەمانتارانەی كە خۆیان بە نوێنەری میلەت ناو نا، دەبێت خاڵی كۆتای هەبێت. هەڵەی چوونەوە بۆ بەغدا و ناوزڕاندنی پێشمەرگە، ئەمە كاپیتلێكی خۆی پێویستە، بەڵام با منیش تێكەڵی نەكەم .

ئاراس نووری ئەحمەد تەها