كاتێك ناپلیۆن نیوه‌ی دنیای داگیر كرد، هیگڵ گوتی: ئه‌مه كۆتایی مێژووه. به‌ڵام چه‌مكی كۆتایی مێژوو له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا جارێكی تر هاته‌وه ناو گفتوگۆی ناوه‌نده ڕامیاریی و میدیاییه‌كانی دنیا، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی به ڕه‌گه‌ز ژاپۆنی فۆكۆیاما گوتی "نه‌زمی نوێی جیهانی به ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌می‌ریكا كۆتایی مێژووه".
بۆ منیش گه‌ڕانه‌وه‌ی "محه‌مه‌د" چوونه ناو مێژووه. هاتنه‌وه‌ی محه‌مه‌د پاش وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری له نه‌خۆشخانه‌كانی فڕه‌نسا، به‌ڵگه و دۆكیۆمێنتێكی به‌هێزه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه توركیا له ڕۆژئاڤای كوردستان چه‌كی فۆسفۆڕی سپی به‌كار هێناوه. به‌مه‌ش توركیا له ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤی دنیادا خه‌جاڵه‌ت ده‌بێت.
كه وێنه‌كانی محه‌مه‌دم بینی، ئه‌و ڕۆژانه‌ی سه‌ره‌تای په‌لاماردانی توركیا بۆ ڕۆژئاڤای كوردستان و به‌كارهێنانی چه‌كی فۆسفۆڕم هاته‌وه یاد، نا هه‌ر بیرم نه‌چوو بوو، بیریشم ناچێته‌وه، وه‌ك ئه‌مین فه‌یزی ده‌ڵێت:
كه جه‌یشی غه‌م هجومی كرد
نیزامی عومری من تێك چوو.
خه‌وم نه‌ما، خواردنم نه‌ما، ناو ده‌مم بوو به برین، گریان بوو به پیشه‌م، هیچیشم له ده‌ست نه‌ده‌هات. به‌ڵام ڕۆشتم پێم نا به ئاڵاكه‌ی توركیادا و فۆتۆم گرت و بڵاوم كرده‌وه. دواتر له هه‌ركوێ خۆپێشاندان دژی توركیا ده‌كرا، له‌وێ بووم.
شیعرێكم به ناوی "محه‌مه‌د" نووسی، له ڕۆژنامه‌ی زه‌مه‌ن بڵاوكرایه‌وه. هه‌ر له‌و هه‌فته‌یه‌دا هاوڕێم دكتۆر سالار تاوگۆزی وه‌ریگێڕا بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و له ڕۆژنامه‌ی ئه‌لمه‌شریق بڵاویان كرده‌وه. پاشان پشتیوان كه‌مال و ده‌یڤیدشوك وه‌ریانگێڕا بۆ ئینگلیزی و له سایتێكی ئینگلیزی‌دا له‌گه‌ڵ چوار شیعری ترم بڵاو كرانه‌وه. دوای ئه‌وه‌ش دكتۆر ملكۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی جوانی له‌سه‌ر نووسی و له گۆڤاری ڕامان بڵاوی كرده‌وه.
سووتانی محه‌مه‌د به چه‌كی فۆسفۆڕ بۆ من و ئه‌و هاوڕێیانه‌یشم قه‌زیه‌یه‌كی ئێجگار گرنگ بوو، كارمان بۆ كرد. كاتێ ئه‌و ده‌قه‌م نووسی بۆ من محه‌مه‌د كۆتایی مێژوو نه‌بوو، سه‌ره‌تایش نه‌بوو، به‌ڵكو چوونه ناو مێژوو خۆی بوو.
كه له هه‌واڵه‌كاندا بینیم محه‌مه‌د ته‌ندروستی باشه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو حێزانه‌كه‌ی، دیسان گریام. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان فرمێسكه‌كانم سارد نه‌بوون، گه‌رم بوون. نه‌مده‌زانی چیبكه‌م، ته‌له‌فۆنم بۆ هاوڕێم دكتۆر حه‌كیم كرد و دڵخۆشییه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ش كرد، ئێسته‌سش دڵخۆشیم له‌گه‌ڵ ئێوه به‌ش ده‌كه‌م.
لێره‌شه‌وه وه‌ك خۆم زۆر سوپاسی هه‌موو ئه‌و ئازیزانه ده‌كه‌م خاوه‌ندارێتیان له محه‌مه‌د كرد. موحه‌مه‌د كۆتایی مێژوو نییه لای من، چوونه ناو مێژوو خۆیه‌تی.