هێزی لاو

PM:12:18:12/08/2021 ‌
قسەكردن لەسەر هێزی لاو، بە تەنیا لەڕووی هێزە جەستەییەكەوە نییە كە دەتوانێ زۆر لە كێشەكانی ژینگەی دەوروبەری ڕێك بخاتەوە و خۆی بگونجێنێ لەگەڵ هەموو هەلومەرجە نەخوازراوەكانی ژیان. بەڵكو مەبەست ئەوەیە قسە لەسەر تیشك خستنەسەر ئەو گۆڕانكارییە ئەقڵانییەی خێرا خێرا بەسەر دڵ و هزر و بیركردنەوەی لاودا دێت تا تەمەنێكی هەڵكشاو، یاخۆ تێڕوانینە لەسەر گۆڕانكارییە فسیۆلۆجییەكانی جەستەی لاو، كە كاریگەریی تەواوی هەیە لەسەر ڕەنگدانەوەی كارەكانی دەرحەق بە كۆمەڵگەكەی و خێزان.  

دەمانەوێ ئەوە شی بكەینەوە كە لاو چۆن بەریەككەوتنەكانی و هەموو كاریگەرییەكانی دەسەلمێنێت؟ بۆیە گرنگە لەو ڕوانگانەوە گفتوگۆ بكەین.

پێوست ناكات خەریكی ئەوە بین چۆن پێناسەی لاو بكەین یا چۆن بیناسین، چونكە ئەوە تەنیا قسەیەكی سواو و دروشمییە، كەواتە گرنگ ئەوەیە چۆن هێز بە لاو بدەین بۆ ئەوەی بیناسین و بیخەینە ڕوو، دواتر پێناسەی بكەین، چونكە بەبێ تاقیكردنەوەی هێزی لاو، هیچ ئەنجامێك بەدەست نایەت بۆ ئەوەی سەرنجی خۆمانی تێدا دەربڕین، بۆیە پێویستە لاو لە هێزە مەعریفی و فكرییەكەوە هەڵسەنگێنین نەك لەڕووی هێزی بازووەوە. 

 بە گشتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لاو خولیای هاوسەرگیریی هەیە لەگەڵ ئارەزووەكانی، واتە تێكەڵبوون و چێژوەرگرتن لە حەزەكانی نەك بەتەنیا لەڕووی سێكسییەوە، بەڵكو ئێستە ئارەزووە وشكەكان زۆر لە ئارەزووە شێدارەكان لەلای لاوان، زیاتر پەرەی سەندووە. چۆن؟                                                     
 ئەوەی ڕوونە و دەبینرێت و دەتوانرێ بخوێنرێتەوە، ئەوەیە لاو ئێستە ئارەزووی كڕینی ئۆتۆمبێل، شوێنی نیشتەجێبوون، ئیشێكی جێگیر بۆ داهات و سەفەری هەیە. هاوسەرگیریی كاتی، لەگەڵ چەندان پەرچەكرداری تری وەك حۆمزام و جلوبەرگەكەی، جوانیی سەر و رووخساری، پاشان باوەڕبوون بەوەی ڕاستە لە رەفتارەكانیدا زۆرترین مافی دەوێ لە بەرانبەر كەمترین ئەرك، ئەوانە و چەندان شتی تر، زیاتر لە دەوری ئارەزووی وشكی لاو كۆ بوونەتەوە. 

 ئەوەی لە بەرانبەردا دەبێت بەشێداری لاو تێكۆشانی بۆ بكات، ئەوەیە كرداری بەرهەمهێنانە بكەنە رێی ژیانیان كە لەم ڕووەوە نەك هەر لە قەیرانداین، بگرە كێشەی زەقی سەردەمە و ڕوون بەدیار دەكەوێت.                                       لە ڕووی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی لاوی داهێنەردا، دوو جۆر گرفت دێتە پێش، ئەوانیش ئەو لاوەی داهێنانێكی هەیە پێویستی بە پشتیوانییە، بەڵام تا ئێستە هیچ یاسایەك نییە بۆ ئەو بوارە گرنگە. دووەم ئەوەی بەرهەمهێنان دەكات تاكەكەسە و هەوڵەكەی زۆر داخراوە، واتە تا كۆتایی تەمەنی بەرهەمهێنانەكە موڵكی خۆیەتی و كەسی تر ناتوانێ فێری ببێت یا موڵكداری و پشكداری تێدا بكات، ئەمانەش پێویستیان بە كولتوورسازی هەیە، بۆ ئەوەی بیرۆكەكان فرەوان بكرێن و زۆرتر پشك بكەوێتە ناو پڕۆژە بچووكەكان و دواتر لە گەورەبوونیاندا دەكەونە خزمەتی گشتیی و كۆمەڵگەوە نەك تاكێك. 

  سەرنجێك كە پێویستە بگوترێ لەسەر هێزی لاو، ئەوەیە كە زۆرجار بەرواردكردنە لە نێوان هێزی جەستەی لاو لە بەرانبەر هێزی بیركردنەوەی لاو، ئایا ڕووی داوە هێزی بیركردنەوەی بەسەر هێزی جەستەیدا سەربكەوێت؟ مەبەست هەیە لەم پرسیارەدا، زۆرجار لە واقیع و لە فیلمیشدا بینیومانە چۆن كۆمەڵێك بە زەبری هێز توانیویانە زۆر بەربەست بشكێنن و ئەوەی بیانەوێ بیكەن، بەڵام لە بەرانبەردا تەنیا بە بیرۆكە یان پلانی كەسێك سەركەوتنەكەیان ئاوەژوو بووەتەوە، كەواتە هێزی ئەقڵ زۆر لە هێزی بازوو كاریگەرترە ئەگەر بەگەڕ بخرێت. نموونەیەكی تر ئەو لاوانەی پێوەندییان كرد بە گرووپە توندڕەوەكانەوە، كاریگەرییەكەی چی بوو؟ دیارە كاریگەریی فكر بوو كارێكی دەكردە سەر هزریان كە خۆیان خۆكوژ بكەن و بجەنگن، واتە هێزی جەستەی خۆیان بكەنە قوربانی هێزی بیركردنەوەیان، لێرەدا دەسەلمێت كە هێزی لاو لە بیركردنەوە و فكردایە نەك لە هێزی جەستەدا، سەرنج بدە كوڕێكی لاو تاتۆیەك دەكات، پرچی سفر دەكات و ڕووخساری دەگۆڕێت، واتە هێزی جەستەی بۆ  قوربانی هێزی فكر و بیركردنەوەی بەكار دێنێت.

كچێكی لاو هاوسەرگیری دەكات و منداڵی دەبێت، هێزی جەستەی خۆی دەسووتێنێت بۆ پەروەردەی منداڵەكەی، واتە جەستەی خۆی پیر دەكات بۆ ئەوەی باوەڕی پێی هەیە، كەواتە ئێمە دەبێت لە هێزی فكرەوە لاو بخوێنینەوە، نەك شانوشەوكەت، وەك دەبێت لە ڕووی هزرەوە لاو گۆش بكەین بۆ نیشتمان، بۆ ئەوەی خاوەنی تەمەنێكی درێژ بین.  

لە ڕۆژی جیهانی لاواندا بەرنامەی كار چڕ بكرێتەوە لەسەر پەروەردەی هزر و پێگەیاندن، بۆ ئەوەی نیشتمانێك لە سەرمایەی مرۆیی ئەقڵانیمان هەبێت كە ئایندەی كومەڵگەكەمان بنیات دەنێن.