شه‌ماڵ نووری
به‌غدا له‌سه‌ر ناردنی 450 ملیار دیناره‌كه‌ی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، رێككه‌وتنه به‌راییه‌كه‌ی حكوومه‌تیش بۆ راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراقدا ده‌بێت، به‌مه‌ش له دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2020ی عێراق، هه‌رێمی كوردستان 10.5 تریلیۆن دیناره‌كه‌ی خۆی له كۆی 145 تریلیۆن دیناری بودجه‌كه وه‌رده‌گرێت.
هه‌رچۆنێك بێت گه‌یشتن به لێكتێگه‌یشتنی سه‌ره‌تایی بۆ گره‌نتیكردنی پشكی كوردستان له گه‌وره‌ترین بودجه له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا، هه‌نگاوێكی دڵخۆشكه‌ره و چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی تریش ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندكردنی بودجه به‌هۆی خۆپێشاندانه‌كانی شیعه و مشتومڕه‌كانی ناو په‌رله‌مانه‌وه دوا بكه‌وێت، ئه‌وا به‌پێی بڕگه ئیداریی و یاساییه‌كانی بودجه، به‌غدا پابه‌نده به ناردنی 450 ملیار دیناره‌كه‌ی هه‌رێم، به‌مه‌ش بۆ ساڵی 2020 مووچه‌خۆرانی هه‌رێم متمانه‌یه‌كیان لا دروست ده‌بێت و كاسبكارانیش دڵنیا ده‌بنه‌وه له ساڵێكی باش و پڕ جموجووڵی بازاڕ.
به‌ڵام خۆ ناكرێ هه‌رێم هه‌موو هێلكه‌كانی بخاته ناو سه‌به‌ته‌ی ده‌وڵه‌تێكه‌وه كه مێژووه‌كه‌ی پڕه له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و په‌شیمانبوونه‌وه له به‌ڵێن و رێككه‌وتنه‌كانی، بۆیه كورد ده‌بێ چه‌ند پلان و به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤیشی هه‌بێت كه ده‌كرێ ناوی لێ بنرێت پلانی A و B.
له خۆیدا پڕۆژه‌یاسای بودجه‌كه خاڵی زۆر گرنگی تێدایه كه ده‌كرێ مافێكی زۆری هه‌رێم و شایسته داراییه‌كانی كوردستانی لێ مسۆگه‌ر بكه‌یت، ئه‌گه‌ر شاره‌زای دارایی و كه‌سانی هونه‌ریی یارمه‌تیده‌ری گفتوگۆ و دانوستانه‌كان بن، له قۆناغی گفتوگۆكانی ناو هۆڵی په‌رله‌مانیشدا نوێنه‌رانی كورد ئه‌ركێكی قورس و گرنگیان ده‌كه‌وێته سه‌رشان به جۆرێك ئه‌گه‌ر هاوئاهه‌نگی و هه‌وڵی سیاسی نه‌درێت، ئه‌وا گورزی گه‌وره به‌ر پشك و ماف و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌وێت، كه‌واته ئه‌مه ده‌مانباته دیوی ئه‌وبه‌ری مه‌به‌سته‌كه‌مان، ئه‌ویش به پشتبه‌ستن به مێژووی 100 ساڵه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق و ئه‌و كێشه و ته‌نگژه سیاسی و ئابوورییانه‌ی عێراق پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت متمانه به به‌رده‌وامبوونی گه‌شبینییه‌كان بدرێت.
چونكه وێڕای ئه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه زۆره و له سنووری 48 تریلیۆن دیناردایه، خه‌رجییه سه‌روه‌رییه‌كانی 46%ی بودجه‌كه پێك دێنێت و لایه‌نی وه‌به‌رهێنان له بودجه‌كه‌دا په‌راوێز خراوه و وڵات نغرۆی قه‌رزی ده‌ره‌كی بووه، كه‌چی ئه‌م وڵاته هیچ دید و پلان و سیاسه‌تێكی ئابووری و دارایی روونی تێدا نییه و ته‌نیا به‌ڵێن و ته‌كتیك نه‌بێت، هه‌موو ئه‌مانه كه‌لێن و خوار و خێچی گه‌وره‌ی ناو بودجه‌كه‌ن و به به‌ڵێنه‌كانی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه راست نابنه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت داشكان به‌خۆیه‌وه ببینێت.
له‌م بارودۆخه‌دا ئێمه‌ی كورد چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له ناوه‌ڕاستی ڕێ ئه‌زموونی تاڵی رابردووی بڕینی بودجه به‌رۆكمان نه‌گرێته‌وه؟
به‌و پێیه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان رۆژانه له نێوان 550 – 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته و له ناوخۆ بڕی داهات و رسووماتی تر به‌رده‌ستن، ده‌توانرێ ئه‌و رێژه كه‌مه‌ی بودجه‌ی ئه‌مساڵ له‌و رێیانه‌وه قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه، ده‌بێت شاندی هه‌رێم هه‌وڵی ئه‌وه بدات هیچ نه‌بێ خه‌رجی و تێچوونی ده‌رهێنانی ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ی به به‌غدای ده‌ده‌ن، گره‌نتی بكات، هه‌روه‌ها حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له ئاماده‌باشیدا بێت و ئه‌م رێیانه بگرێته‌به‌ر:
1-هه‌رێم رۆژانه 550 بۆ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م دێنێت، واتا دوای راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه، به‌تێكڕا نزیكه‌ی 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی بۆ ده‌مێنێته‌وه، ئه‌م بڕه نه‌وته ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی ئابووری سوودی لێ وه‌ربگرێت له پاڵاوتگه‌كان و پیشه‌سازیی نه‌وتیدا.
2-حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نابێ خه‌رجییه‌كانی ئه‌وه‌نده زیاد بكات، ببێته هۆی نه‌بوونی سیوله‌ی نه‌ختینه‌یی له بانكه‌كانیدا.
3-خه‌رجی و تێچوونی كۆمپانیاكانی نه‌وت به‌تایبه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنانی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌كه بخاته ئه‌ستۆی به‌غدا.
4-به په‌له ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020ی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پاره‌یه‌ی له به‌غداوه دێت ئاماده بكات، چونكه نه‌بوونی بودجه جگه له‌وه‌ی كه‌موكورتی دارایی و نه‌بوونی نه‌خشه‌ڕێی دارایی ساڵانه‌ی حكوومه‌تیشه.
5-ریزبه‌ندی بدات به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان و گرنگی به‌و پڕۆژانه بدرێت كه خه‌رجی و تێچووی دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌سته‌به‌ر ده‌بێته‌وه.
6-هه‌نگاوی كرده‌نی به‌ره‌و هاوبه‌شیكردنی نێوان هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت بنێت، ده‌كرێ هه‌ندێك پڕۆژه‌ی گرنگی وه‌ك كاره‌با و ئاو و ئاوه‌ڕۆ به وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بدرێت.
7-خانه‌نشینكردنی فه‌رمانبه‌ر ئاره‌زوومه‌ندانه بێت و مه‌رجه‌كان زۆر كه‌م بكرێنه‌وه، چونكه دواجار فه‌رمانبه‌ر به‌پێی ساڵانی خزمه‌ت و مووچه‌كه‌ی پاره‌ی خانه‌نشینی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت و حكوومه‌ت و گه‌نجینه‌ی هه‌رێم زیاتر سوودمه‌ند ده‌بن و هانی فه‌رمانبه‌رانیش ده‌درێت روو بكه‌نه كه‌رتی تایبه‌ت.
8-متمانه بۆ بانك بگه‌ڕێنرێته‌وه تا خه‌ڵك دووباره پاره له بانك دابنێنه‌وه.
9-هه‌موو كۆمپانیا و پڕۆژه و كارگه‌كان پابه‌ند بكرێن بێ جیاوای باج و رسوومات بده‌ن.
10-له بودجه‌ی پترۆدۆلار سوود له ئه‌زموونی راپرسی له‌سه‌ر ریزبه‌ندی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كان له‌گه‌ڵ هاووڵاتییاندا وه‌ربگرێت، واتا شێوازی به‌شداری خه‌ڵك له بڕیار و پڕۆژه‌كاندا به‌تایبه‌تی بۆ دانیشتووانی گوند و شاره‌دێ.
11-هه‌رێم له به‌رده‌م هه‌لێكی مێژووییدایه به په‌ره‌پێدانی كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی كه له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی له به‌غدا، ده‌توانێ سه‌رجه‌م شاره‌كانی عێراق بكاته بازاڕی خۆی.
12-جگه له پڕۆژه‌یاسای چاكسازیی له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشین و ئیمتیازه‌كان، هه‌نگاوی به‌په‌له و خێرا له چاكسازیی كه‌رتی تایبه‌تیش بنرێت.
ده‌كرێ ئه‌م بۆچوونانه وه‌ك بناغه‌یه‌ك بۆ پڕۆژه و شیكاریی وردتر سوودی لێ وه‌ربگیرێت، به‌تایبه‌تی دوای ده‌ركه‌وتنی و ژماره و داتا و زانیارییه‌كانی تری تایبه‌ت به بودجه.