هونەری قسەکردن و سیمینارگێڕان

AM:10:05:29/10/2019 ‌

هونەری قسەکردن یەکێکە لە هونەرە زێدە بەرفراوان و ئاڵۆزەکان و ناکرێت بە چەند خوولەک و چەند سەعاتێک قسەی لێ بکرێت. بەداخەوە بە زمانی کوردی سەرچاوەی زۆرمان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی فراوانتر قسەی لێ بکەین. به‌ڵام هەوڵ دەدەین بێ لەو چەند سەرچاوە کەمە، زانینی خۆشمانی بخەینە سەر.

نەخشەڕێگه‌

دەبێت سەرەتا بیر لەوە بکەینەوە ئێمە لە کوێ قسە دەکەین؟ 
ئایا لە ماڵەوە دانیشتووین و لەگەڵ ئەندامانی خێزانی خۆمان قسە دەکەین، یان میوانیشمان هەیە؟
ئایا لە کاتی پیشووداین و لەگەڵ هاوڕێیانی زانکۆ قسە دەکەین، یان بۆ کلاسێک؟
ئایا سیمینارێکی گشتیمان هەیە، یان تایبەت بە ده‌سته‌بژێك "نوخبە"یەک؟

ئایا لە ڕادیۆوە قسە دەکەین و خەڵک تەنێ گوێیان لە قسەکانمانە، یان لە تەلەڤزیۆنین و ڕەنگە سەدان هەزار کەس بمانبینن؟
بۆ ئەم مەبەستە دەبێت ئامادەکارییەک بکەین، چاکترە پێی بڵێین نەخشەڕێگه‌ و پاشان دەتوانین لە شێوەی پاوەرپۆینت ڕێکی بخەین، یان ئەگەر ئەوە نەکرا، خاڵە گرنگەکانی باسەکە لەسەر کاغەزیك بنووسین و لە بەردەم خۆماندا دایبنێین وەک کلیلێک بۆ بیرکەوتنەوە و باسکردن بە کاریان بێنین.

ئەگەر باسەکە بابەتێکی وێژەیی، سیاسی، ئاینی، زانستی، هونەری یان هەر بابەتێکی لەم جۆرە بێت، دەبێت ئامادەکارییەکی باشی بۆ بکەین. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت لە خۆمان بپرسین:

شارەزایی

ئایا من ئەو کەسەم کە شارەزاییەکی باشم هەبێت لەو بابەتەی هەڵمبژاردووە؟ ئایا زانیارییەکی گشتیم هەیە کە بتوانم وەڵامی زۆربەی پرسیارەکانی ئامادەبووان بدەمەوە؟

بۆ کێ قسە دەکەم

باسەکەی من بۆ کێیە؟ ئەوانەی دانیشتوون و گوێگرن ئاستی ڕۆشنبیرییان چۆنە؟ ئاخۆ من ئەو شتانە دەزانم کە ئەوان پێشتر دەیزانن؟ ئایا کەسانێک دانیشتوون کە ڕەنگە زانیارییەکی فراوانیان هەبێت لەسەر بابەتەکە؟ بۆیە تا دەکرێت دەبێت زانیاریی خۆت زێدەتر بکەیت و ئاستی تێگەیشتنت بەرزتر بکەیتەوە.

چۆن قسە دەکەم

دەستپێکردنی قسە لە سیمینارێکدا هەر وەک دەستپێکردنی کتێبێکە. ئەگەر نووسەر لە لاپەڕەی یەکەمدا نەیتوانی سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت و وزەی بەردەوامیی خوێندنەوەی بداتێ، ئەوە نووسەرەکە سەرکەوتوو نەبووە و ئەگەری زۆر هەیە خوێنەر پاش خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک بێزار ببێت و ئیدی دەست لە خوێندنەوەی کتێبەکە هەڵبگرێت. بۆیە گرنگە بزانیت چۆن دەست بە قسەکانت دەکەیت و چۆن سەرنجی گوێگرەکان ڕادەکێشیت. ئەوان بە پەرۆشەوەن بزانن تۆ چی دەڵێیت، چۆنی دەڵێیت و چۆن دەست پێ دەکەیت؟ نابێت دەستپێکردنەکەت بێزارکەر بێت، زۆر باسی خۆت مەکە، یان ئەگەر باس دەکەیت دەبێت قسەکانت سەرنجڕاکێش بن. 
بەم شێوەیە دەتوانێت گوێی دانیشتووان قەرز بکەیت و وایان لێ بکەیت بەردەوام بن لە گوێگرتندا.

زمان

زمان ئامرازی گەیاندنە، ئەوەی دەتەوێت باسی بکەیت بەهۆی زمانەوە دەیگوێزیتەوە. بۆیە دەبێت دەسەڵاتت بەسەر زمانی سیمینارەکەدا هەبێت. زمانێکی گونجاو بە کار بێنیت بۆ ئەو بابەتەی باسی دەکەیت. زمانێک بێت تا ئاستێك سادە و بێ گرێوگۆڵ، چونکە تۆ بە تەواوەتی ئاستی ڕۆشنبیریی گوێگرەکانت نازانی. بۆیە دەبێت زمانەکە تایبەت نەبێت بە نوخبەیەکی ڕۆشنبیر (بۆ نموونە).
پێوەندیی بە چاو

هەوڵ بدە هەمیشە لەگەڵ ئامادەبووندا بە چاو پێوەندیت هەبێت، واتە تەماشایان بکەیت و قسەیان لەگەڵدا بکەیت، بەم شێوەیە دەتوانیت زیاتر سەرنجیان ڕابکێشیت. تەماشاکردنەکەت دابەش بکە بەسەر هەموواندا، نەک تەنێ تەماشای کەسێک یان گۆشەیەکی تایبەت بکەیت. 
دەکرێت تەماشاکردنەکەت بکەیتە دوو بەشەوە: تەماشاکردنی گشتی، واتە چاوگێڕانێک بەسەر هەموو ئامادەبووندا، هەروەها تەماشاکردنێکی تایبەت، بەڵام کورت. تەماشای هێج جێیەکی تر مەکە، جگە لە پاوەرپۆینت یان کاغەزی بەردەمت، هەروەها ئامادەبووان. 

بە شتی ترەوە خۆت خەریک مەکە

نابێت لە کاتی قسەکردندا بە شتی ترەوە خۆت خەریک بکەیت، بۆ نموونە موبایل، خۆ چاکترە هەر لە سەرەتای سیمینارەکەدا هەم موبایلی خۆت بێدەنگ بکەیت و هەمیش داوا بکەیت ئامادەبووان موبایلەکانیان بێدەنگ بکەن.

 گوێگرێکی باش بە

ڕاستە تۆ لە سیمینارێکدا قسە دەکەیت، بەڵام بۆ ئەوەی قسەکەرێکی باش بیت، دەبێت گوێگرێکی باشێش بیت. لە کاتی گفتوگۆ و پرسیاردا پێویستە تەنێ سەرنج بدەیتە ئەو کەسەی قسەت لەگەڵدا دەکات و بە چاو پێوەندیت لەگەڵیدا هەبێت، خۆت بە کاغەزەکانی بەردەمتەوە خەریک مەکە، تەماشای جێیەکی تر مەکە، کەسەکە تێبگەیەنە کە تۆ بە پەرۆشەوە گوێی لێ دەکریت. 
هێندەی وەخت بە خۆت دەدەیت بۆ قسەکردن، وەخت بە بەرانبەرەکەیشت بدە و قسەی پێ مەبڕە. ئەگەر هەر زۆر درێژەی دایێ، بە شێوەیەکی جوان خۆت بخەرە ناو قسەکانییەوە.

قسەی بابەتییانە

هەوڵ بدە قسەکانت بابەتییانە بن، چڵوپۆی زۆری بۆ دروست مەکە، دەنا سیمینارەکەت بەلایەکی تردا دەڕوات. 
کە قسە دەکەیت بە دڵنییایی و باوەڕبەخۆبوونەوە قسە بکە، مەهێڵە ئامادەبوون لە قسەکانت بکەونە گومانەوە. هەوڵ بدە بە نموونەی زیندوو کە زیاتر بەسەر خۆتدا هاتبێت پشتگیری بۆ قسەکانت پەیدا بکەیت. چاکیشە جار جار بەسەرهاتی زۆر کورت یان پەندی پێشینان بۆ پشتیوانیی قسەکانت بەکار بێنیت.

تەبەقەی دەنگ

با تەبەقەی دەنگت گونجاو بێت لەگەڵ شوێنی دانیشتن و ئامادەبوواندا. قسەکردن بۆ 10 کەس جیاوازە لە قسەکردن بۆ 100 کەس، بەرزی و نزمی لە توونی دەنگدا گرنگە، جەختکردن لەسەر ئەو ڕستە و وشانەی مەبەستە بەلاتەوە بە چاکی بگاتە گوێی ئامادەبوون، گرنگە. 

دەنگت لە پێویست بەرزتر نەبێت، هەروەها کزتریش نەبێت. بیر لەوە بکەرەوە دانیشتووانی ڕیزی دواوە بە چاکی گوێیان لێت بێت.

بابەتی کێشەلەسەر

ئەو بابەتانەی کێشەیان لەسەرە هەمیشە هەستیارن، بۆ نموونە ئاین و سیاسەت. تۆ دەبێت لەم لایەنەوە هەوڵ بدەیت هاوسەنگی بپارێزیت، هەوڵ بدەیت بێلایەنانە و بابەتییانە قسە بکەیت. بوار بە ئامادەبوون نەدەیت باسەکەت ببەن بە ئاقارێکی تردا کە کێشە بۆ سیمینارەکەت دروست دەکات. 

هەر کاتێک زانیت یەکێک لە تەوەرەکانت لە ڕێڕەوی خۆی دەرچوو، چاکترە کۆتایی بەو تەوەرە بهێنیت. گرنگە گفتوگۆکان ئاشتییانە بن و ڕێز لە هەموو بیروباوەڕە جوداکان بگیرێت. لە دواییدا سەرەڕای جیاوازیی بیروڕا، سیمینارەکە بە ئاشتی کۆتایی پێ بێت.

خاڵی هاوبەش

هەمیشە هەوڵ بدە بە دوای خاڵە هاوبەشەکاندا بگەڕێیت و خۆت لە باسکردنی خاڵە جیاوازەکان کە دەزانیت دەبنە هۆی کێشە و دەردەسەری دوور بخەرەوە. بەم شێوەیە دەتوانیت سیمینارێکی بێکێشە و سەرکەوتوو بکەیت.

هەق بە کێیە

هەرگیز پێت وا نەبێت تەواوی هەق بە تۆیە، بوارێک بۆ بەرانبەرەکەت جێ بهێڵە کە ڕەنگە ئەویش لەسەر هەق بێت، بەم شێوەیە لە گرژی و گفتوگۆی توند دوور دەکەویتەوە. 

توندڕۆکان هەمیشە مایەی ئاژاوەگێڕین بەهۆی ئەوەی بەرانبەرەکەیان ناخوێننەوە. تۆ نە دەبێت خۆت وا بیت و نە بهێڵیت ئەوانەیشی وان، دەست بەسەر سیمینارەکەتدا بگرن.

ئەگەر هەڵە بوویت

ڕەنگە وا ڕوو بدات لە کاتی سیمینارەکەدا بۆت دەربکەوێت کە تۆ لەسەر خاڵێکی دیاریکراو هەڵە بوویت، چاکترە دانی پێدا بنێیت و داوای لێبووردن بکەیت، وەک لەوەی سوور بیت لەسەر قسەی خۆت. ئەگەر شتێکت نەزانێ بڵێ بەداخەوە نایزانم، بەمە گەورەیی دەنوێنیت.

کات گرنگە

هەوڵ بدە ئاگات لەو کاتە بێت کە بۆت دیاری کراوە، لەوە زیاتر درێژەی پێ مەدە، بەڵام چاکە هەمیشە بابەت یان تەوەری یەدەکت پێ بێت، ئەگەر کاتت بە دەستەوە ما دەتوانیت پڕی بکەیتەوە. کات بۆ پرسیار و گفتوگۆ دابنێ، زۆربەی جار پرسیارەکان کاتێکی زۆرتر دەبەن وەک لەوەی بۆت داناون.

ئەمانەت

ئەگەر لە کاتی قسەکردندان نموونەت هێنایەوە لە قسەی خەڵکی تر دەبێت، بە ئەمانەتەوە باسی بکەیت خاوەنی قسەکە کێیە، مەیکە بە قسەی خۆت.

قسە ڕێوشوێنی خۆی هەیە

ئەگەر تۆ وەک سیمینارگێڕ پیاو بیت یان ژن، چاکە بزانیت بۆ کێ قسە دەکەیت، لە کوێ قسە دەکەیت، چی دەڵێیت، چۆنی دەڵێیت؟. هەندێ جار ئەوەی تەنێ بۆ ئامادەبووانی پیاو باس دەکرێت ڕەنگە بۆ ئامادەبووانی تێکەڵ بە شێوەیەکی کەمێک جیاوازتر باس بکرێت، هەروەها بۆ ئامادەبووانی ژن.  یان ئەوەی بۆ مێردمنداڵ و لاو باس دەکرێت بە زمانێکی جیاوازتر باس دەکرێت وەک لەوەی بە گەورەساڵان باس دەکرێت.

ئەو سەرچاوانەی سوودم لێ وەرگرتوون جگە لە شارەزایی و بۆچوونی خۆم:

فێربوونی تەکنیک و هونەری ئاخافتن. نووسینی گۆندۆلا هیرش، وەرگێڕانی برایم فەرشی. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.
تەکنیک و هونەری گوێگرتن. دۆکتۆر فازڵ جاف