کۆچبه‌ر بیت یان کۆچپێکراو، په‌نابه‌ر بیت یان په‌ناپێدراو، ڕۆژێکیان باروبنه‌ت کۆ ده‌که‌یته‌وه و ده‌یانئاخنیته نێو جانتایه‌که‌وه، کۆڵه‌پشتییه‌که‌وه، یان ڕه‌نگه جانتا و کۆڵه‌پشتیشت پێ نه‌بێت، به ته‌نیا یان له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌تدا، منداڵتان هه‌بێت یان بێ منداڵ بن، بڕێک له ڕه‌کوڕێشه‌ت هه‌ڵده‌کێشیت و ده‌یده‌یت به کۆڵتدا، به‌شی زۆریشیان به‌جێ ده‌هێڵیت به‌و هیوایه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه سه‌ریان. خواحافیزی له مه‌رگ ده‌که‌یت و ڕووه و تاراوگه هه‌نگاو ده‌نێیت، پێت وایه دۆزه‌خت جێ هێشتبێت و ئۆغرت به‌ره‌و به‌هه‌شت بێت.
هه‌ر که گه‌یشتیته تاراوگه‌که‌ت، ئه‌و تاراوگه‌یه‌ی تا ڕاده‌یه‌ک خۆت بۆ خۆتت هه‌ڵبژاردووه، ڕه‌گ و ڕێشه‌ت ده‌سپێریته خاکێکی نامۆ، ناچاریت وا بکه‌یت، چونکه ترسی ئه‌وه‌ت هه‌یه ئه‌و ڕه‌گانه بمرن.
له نیشتمانی خۆتدا باوک بوویت، خاڵ، مام، ئامۆزا، میمزا، خاڵۆزا، هاوڕێ، هاوسێ، خاوه‌ن پیشه، یان کارمه‌ند. له کۆمه‌ڵگه‌دا ڕێوشوێنت هه‌بوو، پله‌وپایه‌ت هه‌بوو، به گه‌رمی سڵاوت ده‌دایه ناسیاوه‌کانت، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی نه‌شتده‌ناسین، دوو هێند به گه‌رمییه‌وه وه‌ڵامیان ده‌دایته‌وه. ئێستە بێبه‌شیت له هه‌موو ئه‌و ناونیشانانه، که‌سێکی بێ‌ناو و بێنیشانیت. ڕه‌نگه ئێستەیش هه‌ر باوک بیت، به‌ڵام ئه‌و باوکه‌ی جاران نیت، تۆ هێنده‌ی منداڵێکی بێده‌سه‌ڵات پێویستت به یارمه‌تی هه‌یه. تۆ ئێستە نامۆیت به خۆت و ده‌وروبه‌رت، ده‌وروبه‌ریشت به تۆ نامۆن. پێویسته له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ بکه‌یت و هه‌موو ئه‌وه‌ی بنیاتت نابوو و جێت هێشتن، سه‌رله‌نوێ دروستیان بکه‌یته‌وه. وه‌ک منداڵێکی ساوا زمان بگریت به زمانی تاراوگه‌که‌ت، هیچ نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی باری غوربه‌ت و لێحاڵینه‌بوون سووک بکه‌یته‌وه، ته‌نێ به‌م شێوه‌یه چاوت ده‌کرێته‌وه و به ده‌وروبه‌ر ئاشنا ده‌بیت.
تۆ له گرۆی (ئێمه)ه‌وه که‌وتیته نێو گرۆی (ئێوه)وه، هه‌ر که خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی تاراوگه باسی خۆیان ده‌که‌ن، ده‌ڵێن: ئێمه، کاتێکیش باسی تۆ بکه‌ن ده‌ڵێن: ئێوه. بیرت نه‌چێت تۆ له گرۆی بیگانه‌کانیت، هه‌ر کاتێک ئه‌م گرۆیه باسی خۆی بکات ته‌نیا له‌و کاته‌دا تۆ له گرۆی (ئێمه)یت: ئێمه‌ی کۆچبه‌ر، ئێمه‌ی کۆچپێکراو، ئێمه‌ی په‌ناهه‌نده، ئێمه‌ی بێگانه...
ئاگاداری ئه‌و ڕهگوڕیشانهبه له‌گه‌ڵ خۆت هێناتن، بیانپارێزه، به‌بێ ئه‌وان تۆ ده‌مریت، له ڕابردووت هه‌ر هێنده‌ت بۆ ماوه‌ته‌وه، ئه‌و ڕابردووه‌ی که ڕه‌نگه ڕۆژێک له ڕۆژان بگه‌ڕێیته‌وه لای. وه‌ک گلێنه‌ی چاوه‌کانت بیانپارێزه، که گه‌ڕایته‌وه ئه‌م ڕه‌گانه و ئه‌وانه‌ی به‌جێت هێشتن یه‌ک ده‌گرنه‌وه، هه‌نگین ده‌توانیت به پێوه ڕاوه‌ستیت، ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌ر خوازیاریت به پێوه بژیت و به پێوه بمریت.
تۆ ترساوی، تۆ له‌وه‌ی پاشه‌ڕۆژی تاراوگه به په‌نهانی بۆی هه‌ڵگرتوویت، تۆقیویت. باشه حه‌ق به تۆیه، چونکه ده‌بینم دڵنه‌وایی خۆت به‌وه ده‌ده‌یته‌وه که ته‌مه‌نی تاراوگه چه‌ند ساڵێکه، به خێرایی ده‌بڕێته‌وه و پاشان ده‌گه‌ڕێیته‌وه نیشتمان، وا نییه هاوڕێ؟
یه‌کسه‌ر ده‌چیت و به دوای هاومه‌ینه‌تییه‌کانتدا ده‌گه‌ڕێیت، به‌ڵێ تۆ له مه‌ینه‌تی و قه‌یراندا ده‌ژیت، به که‌یفی خۆت نییه، هه‌ستی پێ بکه‌یت یان نا، ددانی پێدا بنێیت یان نا، ئه‌مه ڕاستییه‌که و ناتوانی خۆتی لێ بدزیته‌وه. هاومه‌ینه‌تییه‌کانت ده‌دۆزیته‌وه و ئه‌وانیش ده‌تدۆزنه‌وه، وه‌ک چۆن پێویستت پێیانه ئه‌وانیش پێویستیان به تۆیه. ده‌ست ده‌که‌یت به پراکتیزه‌کردنی داونه‌ریتی نیشتمان، داونهریتگهلێک به‌ر له‌وه‌ی خاکی وه‌ته‌ن به‌جێ بهێڵیت گوێت نه‌ده‌دانێ. له پڕ زمانی دایک به لاته‌وه گرنگ ده‌بێت، هه‌م بۆ خۆت و هه‌م بۆ منداڵانت، به بێ زمانی دایک ڕه‌گه‌کانی ئێره و ئه‌وێت، ئه‌وانه‌ی له نیشتمانی خۆره‌تاودا به‌جێت هێشتن، یه‌ک ناگرنه‌وه.
له پڕ خواردنه‌کانی ڕابردوو گرنگ ده‌بن به لاته‌وه، داونه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئاینی، جه‌ژن و بۆنه‌کان، جلوبه‌رگ، شیعر و چیرۆک و یاری، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ژێر ناوی فه‌رهه‌نگدا کۆ ده‌بنه‌وه، مانا و به‌هایه‌کی تر له لات په‌یدا ده‌که‌ن. ئه‌و فه‌رهه‌نگه ناسنامه‌ی تۆیه، ناسنامه‌یه‌ک که ده‌ته‌وێت بیپارێزیت و زیندوو بیهێڵیته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بیگوێزیته‌وه بۆ منداڵه‌کانت.
جار جار ده‌قیژێنیت و هاوار ده‌که‌یت به‌سه‌ر منداڵه‌کانتدا که نابێت له ماڵه‌وه به زمانی بێگانه قسان بکه‌ن. تۆ ده‌ته‌وێت به ناسنامه‌ی نیشتمان و فه‌رهه‌نگه‌که‌ی په‌روه‌رده‌یان بکه‌یت. له هزری خۆتدا پلانی دواڕۆژ داده‌ڕێژیت. سبه‌ینێ که گه‌ڕایته‌وه پێویسته منداڵه‌کانت به زووترین کات و به ئاسانی ئامێته‌ی نیشتمان ببن، بۆ ئه‌وه‌ی جێپێیه‌ک بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه، ڕه‌گه‌کانیان تێکه‌ڵ به ڕه‌گی نیشتمان بێت، وا نییه هاوڕێ؟
هاکا منداڵێکی نوێتان بوو، منداڵێک ڕه‌گی له نیشتمانی تۆ به‌جێ نه‌هێشتووه، چاوه‌ڕێ ده‌که‌یت زمان بگرێت و فێر بێت بێژێت: دایه، باوه، شیر، ئاو، هه‌ر کاتێکیش فێری قسه بوو، یاریی پرسیار و وه‌ڵامی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌یت: ناوت چییه؟ ئه‌ویش ناوی خۆی ده‌ڵێت. خه‌ڵکی کوێیت؟ پاشانیش هه‌ر خۆت فێری ده‌که‌یت بێژێت: کوردستان. به‌م شێوه‌یه ده‌ته‌وێت به به‌نێک گڕیی بده‌یت به نیشتمانه‌وه، ئه‌مه یه‌که‌م به‌نی پێوه‌ندییه، ئه‌وانی دیکه پاشان دێن. سبه‌ینێ وه‌ختێ گه‌ڕایته‌وه بۆ نیشتمان بێگومان ده‌ته‌وێت خۆی بهاوێژێته باوه‌شی دایکته‌وه و به کوردی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات، ئه‌مه ئه‌گه‌ر جارێ دایکت له ژیاندا مابێت. مه‌گه‌ر وا نییه؟
ساڵ ده‌رباز ده‌بن، خه‌م که‌ڵه‌که ده‌که‌ن، به‌رده‌وام به به‌نی تازه منداڵه‌کانت به دایکی نیشتمانه‌وه گرێ ده‌دیت، نه‌ک ته‌نێ به‌ن، به‌ڵکو گوریسیش. تۆ ده‌ته‌وێت له ڕێی منداڵه‌کانته‌وه په‌یامێک بنێریت بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆت نایگه‌یتێ، ئه‌م په‌یامه خۆت ده‌ینووسیت، ئه‌ویش به‌هۆی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵانت و چه‌کدارکردنیان به ناسنامه‌یه‌کی گونجاو، که تا ڕاده‌یه‌کی باش له‌وه‌ی خۆت بچێت. له پڕ هاوارێک ده‌که‌یت و ئێژیت: قسه‌کردن به زمانی بێگانه له ماڵه‌وه قه‌ده‌غه‌یه. که‌چی له بیرت ده‌چێت له‌م وه‌ڵاته‌دا تۆ خۆت بێگانه‌یت.
ڕۆژێک له‌و ڕۆژه ده‌گمه‌نانه‌ی هه‌تاو چاوشارکێ ده‌کات، به هاوکاره‌کانت ده‌ڵێیت: به خاوخێزانه‌وه سه‌فه‌ری وڵات ده‌که‌م. یه‌کێکیان ده‌پرسێت: باشه هه‌ست به چی ده‌که‌یت که به ته‌مایت سه‌فه‌ری ئه‌وێ بکه‌یت؟ به هه‌موو شانازییه‌که‌وه و خێرا وه‌ک برووسکه ده‌ڵێیت: هه‌ست ده‌که‌م ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ نیشتمانه‌که‌م.
ڕۆژانی سه‌ردانه‌که‌ت زۆر به خێرایی ده‌رباز ده‌بن، به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستیان پێ بکه‌یت، به بێ ئه‌وه‌ی فریا بکه‌ویت ته‌ماشای ده‌وروبه‌رت بکه‌یت، به بێ ئه‌وه‌ی کاتێک بۆ خۆت و خێزانه‌کت ته‌رخان بکه‌یت. له نزیکترین هه‌لدا که ده‌ستت ده‌که‌وێت به هزره‌کانی خۆتدا ده‌چیته‌وه، به خه‌مه‌کانی تاراوگه‌دا ده‌چیته‌وه، پاشانیش له‌و ڕه‌گانه‌ی کاتی خۆی لێره له نیشتماندا به‌جێت هێشتبوون ورد ده‌بیته‌وه، چیت بۆ ده‌رده‌که‌وێت؟ هیچ شتێک وه‌ک خۆی نه‌ماوه، هه‌موو شتێک گۆڕاوه، ئه‌و که‌سانه‌ی له خاڵێکی دیاریکراودا به‌جێت هێشتن، له‌وێ نه‌ماون. ڕۆژگار ئه‌مانی گواستووه‌ته‌وه، به هزر و ڕۆح و له‌شه‌وه. به ته‌واوه‌تی، بیر و گوفتار و کرداریان گۆڕاوه. زه‌رده‌شت به بزه‌یه‌که‌وه خۆی نیشانت ده‌دات و به چاوترووکانێک بزر ده‌بێت.
باشه هاوڕی، تۆ به ته‌مای چی بوویت؟ تۆ پێت وا بوو شته‌کان له جووڵه ده‌وه‌ستن و به ته‌مای گه‌ڕانه‌وه‌ی تۆ ده‌بن؟ تۆ هه‌رگیز ئه‌وه‌ت نه‌بیستبوو که ده‌ڵێت: هه‌موو شتێک له گۆڕانی به‌رده‌وامدایه، ته‌نانه‌ت مرۆڤیش؟ تۆ خۆیشت به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بکه‌یت، گۆڕاویت. له خۆڕایی ئه‌و ڕه‌گانه‌ی تاراوگه‌ت پاراست، پێت وابوو له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ی ئێره یه‌ک ده‌گرنه‌وه، سه‌رکه‌وتوو نه‌بوویت به‌ڕێزم، زۆر به ساده‌یی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه لۆجیکی تێدا نه‌بوو.
کاتێکیش که‌سێک پێت ده‌ڵێت: (ئێوه) ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌ژین به‌خته‌وه‌رن. خۆت ده‌گریت بۆ ئه‌وه‌ی قاقا پێ نه‌که‌نیت، نه‌ک ته‌نێ له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆت به به‌خته‌وه‌ر نازانیت، به‌ڵکو زیاتر له‌به‌رئه‌وه‌ی لێره‌ش تۆ له گرۆی (ئێمه) نیت، ته‌نانه‌ت له نیشتمانی خۆیشتدا، له‌و نیشتمانه‌ی چاوت تێیدا به دنیا هه‌ڵهێنا و گه‌وره بوویت و خه‌باتت له پێناویدا کرد، ئه‌وه‌تا ته‌زووی غوربه‌ت سه‌رتاپاتی داگرتووه، لێره‌ش پێت ئێژن (ئێوه)، ئێوه ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌ژین، هه‌نگین بۆ یه‌که‌م جار هه‌ست ده‌که‌یت ئه‌و ڕه‌گانه‌ی به‌جێت هێشتبوون، مردوون، یان هاکا مردن.
جانتاکه‌ت پڕ ده‌که‌یت له نائومێدی و شکست، خۆت و خێزانت ڕێگای تاراوگه ده‌گرنه‌وه به‌ر. کاتێ ده‌گه‌یته ئه‌وێ، له فڕۆکه‌خانه پۆلیسی پاسپۆرت به بزه‌یه‌که‌وه پێت ده‌ڵێت: به‌خێر بێیته‌وه بۆ ماڵی خۆت! هه‌ستێکی سه‌یر سه‌رتاپات داده‌گرێت، تۆ ده‌زانیت ئه‌و پۆلیسه به ڕاستیی بوو، به‌ڵام له‌وه دڵنیا نیت ئایا گه‌ڕاویته‌وه بۆ ماڵی خۆت یان نا.
دوای چه‌ند ڕۆژێک ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ کاره‌که‌ت. هاوکاره‌کانت پێشوازیت لێ ده‌که‌ن، یه‌کێکیان هه‌مان پرسیاری پێشووت لێ ده‌کات: ئێستە هه‌ست به چی ده‌که‌یت که گه‌ڕاویته‌وه بۆ ئێره؟ به دوودڵییه‌که‌وه ده‌ڵێیت: هه‌ست ده‌که‌م گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ نیشتمانم.
ئه‌و کاته بۆ یه‌که‌مجار هه‌ست ده‌که‌یت که تۆ به‌هه‌شتی نیشتمانت به دۆزه‌خی تاراوگه گۆڕیوه‌ته‌وه.