حاڵی حازر پێوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ری و به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ، كه كاری كردووه‌ته سه‌ر شێوازی دیپلۆماتییانه‌ی كورد له ده‌ره‌وه‌دا، هه‌روه‌ها كاری كردووه‌ته سه‌ر لایه‌نی سیاسیی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی كه چه‌ندان رێكاری جۆراوجۆر له‌خۆ ده‌گرێت له نێوان كوردستان و وڵاتانی تردا.
ده‌رككردن به گۆڕانكارییه به‌رده‌وامه‌كانی دنیا، واقیعی سه‌رده‌مییانه‌یه، حكوومه‌ته‌كان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان باشترین رێ بدۆزنه‌وه تا شانبه‌شانی ئه‌و گۆڕانكارییانه وڵاته‌كانیان گه‌شه پێ بده‌ن و دۆخی خۆیان سه‌قامگیر بكه‌ن. ئه‌وه‌ی روون و ئاشكرایه سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مه‌سروور بارزانی، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه و كار له‌سه‌ر سیستمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه هاوبه‌شه‌كانی جیهانی، وه‌ك گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و به‌ره‌نگاری كۆڤید ده‌كات، هاوشان له‌گه‌ڵ ئابووری جیهانی هه‌نگاو ده‌نێ.
ئه‌م راستییانه له ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانانه ده‌رده‌كه‌ون كه له‌مدواییانه‌دا بۆ وڵاته عه‌ره‌بی و رۆژئاواییه‌كان ئه‌نجامی دا.
به درێژایی مێژوو وڵاتان چه‌ندان جار هاوبه‌شه‌كانی خۆیان گۆڕیوه و هاوبه‌شی تازه‌یان گرتووه، بۆ نموونه كاتی خۆی شۆڕشی ئه‌مه‌ریكا دژی داگیركاریی به‌ریتانی هه‌ڵگیرسا، به‌ڵام له هه‌ردوو جه‌نگه جیهانییه‌كاندا دژی ئه‌ڵمانیا یه‌كیان گرت، تا له دواییدا هه‌رسێ وڵات به‌رانبه‌ر به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات [سۆڤییه‌تی یه‌كگرتوو]ی جاران، یه‌ك بگرنه‌وه. به‌كورتی، كاتێك شتێك له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌بێت، ئه‌وا وڵاتان هاوكاری و هاوبه‌شی دروست ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و پێی ده‌گوترێ "هاوكاریی سیاسی".
هاوكاریی سیاسی زۆرتر له كۆنسێپت نزیكه نه‌ك له ده‌سته‌واژه، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه حكوومه‌تی وڵاتان به‌یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ن بۆ سه‌رخستنی یه‌ك ئامانجی هاوبه‌ش، ده‌كرێ ئه‌و هاوبه‌شییه سه‌ربازی بێت یان ئابووری یاخۆ كولتووری.
هاوبه‌شیی ئابووری كار ده‌كات له‌سه‌ر گونجانی هێزی سیاسی و ئابووری به‌یه‌كه‌وه، دووپات ده‌كاته سه‌ر خۆشگوزه‌رانی و گرێ ده‌درێته‌وه به به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتان. وه‌ك ده‌بینین له‌مدواییاندا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێوه‌ندییه‌كانی خۆی چڕ كردووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو.
له كاتێكدا ئێمه له‌سه‌ر عێراق حیساب كراوین، ئیتر بۆ هه‌وڵ نه‌ده‌ین كوردستان بخه‌ینه ناو بازنه‌ی ئابووری وڵاتانی كه‌نداو؟ یان به مانایه‌كی تر بۆ هاوكاری نه‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو؟ ئه‌مه وا ده‌كات پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاتانه‌دا گه‌شه بستێنێ. گرنگه ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی ئابووری سیاسی جیهانیش به‌كار به‌رین، چونكه ئه‌م جۆره هاوبه‌شییه قووڵتره له پێوه‌ندییه كلاسیكییه‌كانی نێوان وڵاتان، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌و جۆره هاوبه‌شییانه‌یه، چونكه رێی لۆجیكی ده‌كاته‌وه بۆ هاوبه‌شی ئابووری له‌گه‌ڵ وڵاتاندا.
پێوه‌ندییه رۆشنبیرییه‌كان رێ خۆش ده‌كه‌ن بۆ زۆرترین هاوبه‌شی له نێوان وڵاتاندا
پێوه‌ندییه كولتوورییه‌كان متمانه و له‌یه‌ك تێگه‌یشتن دروست ده‌كه‌ن له نێوان وڵاتاندا، له رێی به‌شدارپێكردنی ڕه‌سه‌نایه‌تی رۆشنبیری له هه‌ر وڵاتێكدا، ئینجا به هونه‌ر بێت یا وه‌رزش یاخۆ زانست. پێوه‌ندییه رۆشنبیرییه‌كان رێ خۆش ده‌كه‌ن بۆ زۆرترین هاوبه‌شی له نێوان وڵاتاندا. به‌رنامه رۆشنبیری و زانستییه‌كان یارمه‌تی وڵاتان ده‌ده‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی چه‌ندان كه‌ناڵی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له پێوه‌ندی سیاسیش‌دا ئاڵۆزی هه‌بێت.
كولتوور ده‌رگای گفتوگۆ به كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه بۆ هاوكاری له‌و بوارانه‌ی وه‌ك سیاسه‌ت هه‌ستیار نین. له ژێر سێبه‌ری گۆڕانكارییه خێراكانی جیۆسیاسیدا، پێوه‌ندییه كولتوورییه‌كان تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌بێت بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌سه‌ڵات و ئاسایشی خۆیان بپارێزن له دنیایه‌كی پڕ له كێبه‌ركێدا.
لێره‌وه داوا له حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌م په‌ره به‌و لایه‌نانه بدات و كه‌ناڵی زۆرتر و جۆراوجۆر بكاته‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتان، وه‌ك هێزێكی نه‌رم بۆ پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌كان و بنیاتنانی داهاتوویه‌كی باشتر و سه‌قامگیرتر بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان.
هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ هێزی نه‌رم به‌كار بێنێ بۆ بنیاتنانی پێوه‌ندی باش كه یارمه‌تی بدات له به‌شداریكردن بۆ هه‌ر گۆڕانكاری و تازه‌گه‌رییه‌ك له دنیادا روو بدات، هه‌روه‌ها بنیاتی بناغه‌یه‌ك بۆ باشتركردنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن.