كۆمه‌ڵگه وه‌ك باڵنده وایه، باڵیكی ژنه، باڵێكی پیاوه، بۆیه هه‌ر خه‌له‌لێك له باڵێكی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر هاوسه‌نگی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه. توندوتیژی كاریگه‌ریی نه‌رێنی هه‌یه له‌سه‌ر ئافره‌ت، كه رێگره له‌وه‌ی ئافره‌ت بتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و دروست به‌شداری كۆمه‌ڵگه بكات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر خێزان و كۆمه‌ڵگه به گشتی.
توندوتیژی دژ به ئافره‌ت قه‌یرانێكی جیهانیی شاراوه‌یه، سنووری جیۆگرافی یان رۆشنبیری نازانێ. زۆرترین چین كه دووچاری توندوتیژی ده‌بنه‌وه، ئه‌و ئافره‌تانه‌ن كه له كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ژار یان به هه‌ژاری ده‌ژین كه له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه دووچاری توندوتیژی ده‌بنه‌وه.
له دنیادا له نێوان هه‌ر سێ ئافره‌تدا، یه‌ك ئافره‌ت دووچاری توندوتیژی جه‌سته‌یی یان سێكسی ده‌بێته‌وه له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه (٣٥٪ ژنانی دنیا، واتا زیاتر له ملیارێك ژن له دنیادا) كه ئه‌مه‌ش به‌پێشێلكردنی مافی مرۆڤ داده‌نرێت، كاریگه‌ری خراپی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و عه‌قڵی له‌سه‌ر ئافره‌ته‌كه به‌جێدێڵێ.
توندوتیژی به‌رانبه‌ر ئافره‌ت له چه‌ندان شێوازدا خۆی ده‌نوێنێ، وه‌ك توندوتیژی له‌لایه‌ن خێزانه‌وه، گێچه‌ڵ و ده‌ستدرێژیی سێكسی، به شوودانی منداڵ، به‌زۆر به‌شوودان، بازرگانیی سێكسی، كوشتن به‌ناوی شه‌ره‌ف، خه‌ته‌نه‌كردنی كچان. ئه‌مه‌ش له ده‌رئه‌نجامی نایه‌كسانی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه دێته ئاراوه كه دووچاری ئافره‌ت ده‌بێته‌وه هه‌ر له منداڵییه‌وه تا ته‌مه‌نی پیری.
رێژه‌یه‌كی زۆری جیناكاران وا ده‌زانن توندوتیژی به‌رانبه‌ر ئافره‌ت ره‌فتارێكی ئاسایی و سروشتی و گونجاوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ش پشتگیری لێ ده‌كات، بۆیه واده‌زانن ده‌توانن ئه‌م توندوتیژییه ئه‌نجام بده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت. له كاتێكدا رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئافره‌ت مافی هه‌یه دوور له توندوتیژی بژیت، یه‌ك له‌و رێككه‌وتنانه‌ش رێككه‌وتنی له‌ناوبردنی هه‌موو شێوازێكی جیاكارییه دژی ئافره‌ت و له‌ناوبردنی توندوتیژی دژی ژنانه.
هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی كه‌شێك كه تێیدا ئافره‌تان ئازاد و دووره‌په‌رێز بن له توندوتیژی، شتێكی مه‌حاڵ نییه، ئه‌ویش له رێی ئیراده‌ی سیاسی و به‌رهه‌مهێنان له‌م بواره‌دا دێته ئه‌نجام، چونكه ئافره‌ت به‌شداره له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه، هه‌ر له ئه‌ركی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، رۆشنبیری… هتد. كاتی ئه‌وه هاتووه گۆڕانكاری ریشه‌یی بكرێت له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان له كوردستاندا، ئه‌ویش به چه‌ند رێیه‌ك دێته ئامانج:
_ خوێندن
خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه له‌لایه‌ن ئافره‌ت، به فاكته‌رێكی گرنگ داده‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی له توندوتیژی دوور بكه‌وێته‌وه كه به‌رانبه‌ری ده‌كرێت. بۆیه ده‌بێ رێ به ئافره‌ت بدرێ بخوێنێ بۆ ئه‌وه‌ی كار به‌ده‌ست بێنێ، تا بتوانێ مه‌سره‌فی خۆی بكات، پێدانی كاری باش و گونجاو به ئافره‌ت، هه‌روه‌ها پێدانی مووچه‌یه‌ك كه یه‌كسان بێت له‌گه‌ڵ مووچه‌ی پیاو، واتا له‌ناوبردنی هه‌موو جۆره جیاكارییه‌ك و نایه‌كسانییه‌ك له نێوان ژن و پیاو له شوێنی كاردا ده‌ڕه‌خسێنێت.
_ یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو
توندوتیژی دژی ژنان پێوه‌ندیه‌كی پته‌وی هه‌یه به نایه‌كسانی نێوان ژن و پیاو. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین رێگری له‌و حاڵه‌ته بكه‌ین، ده‌بێ كار له‌سه‌ر هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بكه‌ین له رێی كۆڕ و سیمینار و میدیا و سۆشیال میدیا و وۆركشۆپ… هتد. له هه‌مووی گرنگتر دانانی بابه‌تێك یان سیستمێك له قوتابخانه‌كاندا كه هۆشیاری یه‌كسانیی نێوان ره‌گه‌زه‌كان بگه‌یه‌نن به قوتابی.
_ له‌ناوبردنی گێچه‌ڵی سێكسی
گێچه‌ڵی سێكسی كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و باری ده‌روونیی ئافره‌ت، ناچاری ده‌كات كه چاوپۆشی یان له زۆر شتی ژیانی خۆی پاشگه‌ز ببێته‌وه، بۆ نموونه نه‌توانێ هه‌ندێك كار هه‌ڵبژێرێ كه ره‌نگه كه‌مێك دره‌نگ بگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه، یان نه‌توانێ له جێیه‌ك كار بكات كه زۆربه‌یان پیاون، یان ته‌نیا پیاو قۆرخیان كردووه، بۆیه ده‌بێ یاسایه‌ك هه‌بێ كه گێچه‌ڵی سێكسی به جینایه‌ت له قه‌ڵه‌م بدات.
_ لێپرسینه‌وه
ئه‌و پیاوانه‌ی كه توندوتیژی به‌رانبه‌ر ئافره‌ت به‌كار ده‌هێنن ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه و سزا نه‌درێن، ئه‌وا ئه‌و كاره به به‌رده‌وامی دووباره ده‌كه‌نه‌وه، جیا له‌وه ده‌بێ خێزانیش هۆشیار بكرێنه‌وه كه ئه‌وانیش رێگری له‌و تاوانه بكه‌ن و لێپرسینه‌وه بكه‌ن.
_ ده‌وری میدیا
میدیا و سۆشیال میدیا و تیڤییه‌كان رۆڵێكی زۆر كاریگه‌ر ده‌گێڕن له هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌ت، نابێ ئافره‌ت به‌جۆرێك نمایش بكه‌ن كه وه‌ك كاڵا سه‌یر بكرێت، به‌ڵكو ده‌بێ ئافره‌ت به‌جۆرێك بخه‌نه‌ڕوو كه مایه‌ی رێزلێنان بێت.
_ خستنه‌ڕووی كێشه‌كان
ده‌بێ هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگه رۆڵێك بگێڕێ له باسكردن و داكۆكیكردن له توندوتیژی دژی ژن، هه‌روه‌ها كه‌سانێك كه جێی رێزن له‌ناو كۆمه‌ڵگه و پێگه‌ی باشیان هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی حكوومه‌ت بێ یان شه‌خسی یان نه‌ته‌وایه‌تی، ده‌بێ داكۆكیكار بن له توندوتیژی به‌رانبه‌ر به ژن، چونكه ئه‌مانه وه‌ك ئایدۆڵن له‌ناو كۆمه‌ڵگه و خه‌ڵك گوێیان لێ ده‌گرن، هه‌روه‌ها ئه‌ركێكی گشتییه.
_ پێشكه‌شكردنی پشتگیری
پشتگیریكردنی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه دووچاری توندوتیژی بوونه‌ته‌وه به‌هه‌موو جۆره پشتگیرییه‌كی مه‌عنه‌وی و رۆحی و ده‌روونی، هه‌روه‌ها بتوانن ئه‌زموونی خۆیان بۆ خه‌ڵك بگێڕنه‌وه تا كۆمه‌ڵگه له كێشه‌كان باشتر بگات.