كۆدی نیگەرانی!

PM:02:19:15/09/2017 ‌
نووری بێخاڵی

(1)
بەختەوەری و بەدبەختی
نیگەران مەبن، ڕۆحێكی سەركەش هەموو شتێكە. لە بیرتان نەچێت، ئەگەر بەشێوەیەكی رەهایش نەبێت، بەڵام بەختەوەرترین مرۆڤ ئەوانە نین كە هەموو شتێك، یان باشترینی هەموو شتەكانیان هەیە، بەڵكو مرۆڤە بەختەوەرەكان ئەوانەن، لە هەموو شتێكی سادە و ساكار كە هەیانە، بۆ خۆیان جوانترین و باشترین شت دروست دەكەن.
دەشێ خەڵكانێك باشترینی هەموو شتەكانیان هەبێت، وەلێ سەرێكی سەرگەردان و ڕۆحێكی پەژمووردەیان هەبێت و نەتوانن خۆشەویستی بكەن. كەچی لەولاوە خەڵكێك هەبێت سادە و ساكار و سەرەتایی بژین، بەڵام سەرێكی بڵند، ڕۆحێكی سەركەشیان هەبێت و خۆشەویستی لە نیگایاندا بڕسكێ و لە پەیڤینیدا چرۆ بكات و لە پێوەندی بەوانی ترەوە بەردار بێت.
ئەگەر یادەوەریم درۆم لەگەڵ نەكات، ئەوە (كافكا)یە لە شوێنێكدا دەڵێ: بەدبەختی تەحەمول ناكرێ، بەختەوەری هەر هیچ.
ئێوە قەت بیرتان لە نهێنیی ژیانی پشتی دەرگە و پەردەی پەنجەرەكان كردووەتەوە؟
قەت پرسیاری ئەوەتان لە خۆتان كردووە، ئاخۆ لەودیو دەرگە و پەردەی پەنجەرەی ئەوانەی باشترینی شتەكانیان هەیە و ئەوانەیش سادەترین، چی دەگوزەرێ؟
خەیاڵتان بۆ ئەوە چووە كامەیان ئاوەدانترن بە خۆشەویستی، گەرمترن بە میهرەبانی و ڕۆشنترن بە ژیان و پێكەنین؟
هەرگیز دیقەتی ڕووخساری فریودەر، نمایشكار، فێڵباز و ترس تێزاوی زۆرینەی ئەوانەی یەكەم و سیمای پاك، خاكی، ڕاستگۆ، بێ دەمامك و دڵنیای ئەوانی دووەمتان داوە؟

ئێوە بۆ ساتێك لە شوێنەواری ئاماژە و نیشانەكانی (ئیرەیی) لە ڕوانین و گفتی هەردووكیان ورد بوونەتەوە؟ جارێك سەرنجی درۆ و ماكیاجی تریقانەوەی زۆربەی ئەوانەی یەكەمتان داوە و گوێتان بۆ پێكەنینی قووڵیی ناوەوەی ئەوانەی دووەم هەڵخستووە كە تەنیا بە خەندە و بزەیەكەوە دەری دەدەنەوە؟
جارێك، تەنیا جارێك، خۆتان ڕادەستی ئەم بیركردنەوەیە بكەن و جڵەوی خەیاڵتان بۆ ئەم سادەیییە شل بكەن، ئەوكات بە لایەنی كەمەوە تێدەگەن، ئاسوودەیی ویژدان و بەختەوەریی ڕۆحی، دەوڵەمەندترین گەنجینەن.

(٢)
هۆگربوون
هۆگربوون بە خۆتەوە، هۆگربوون بە مانای چوونەوە ناو خۆت، نەك خۆپەرستی و نەرجسییەت، هەرگیز دابڕان نییە لە دەوروبەری خۆت. بەپێچەوانەوە، ڕەنگە لەو خەڵوەتی هۆگربوونەتدا، دەرزیی خەوشێكی خۆت بچێت بە چاوتا و بێدار ببیتەوە. لەوانەیە لەم سرووتی چوونەوە ناوەوەی خۆتدا، دڕكی هەڵەیەكی خۆتت، لە چاوی ئاگایتدا بچەقێ و  و ڕابچڵەكیت.
هۆگربوونێك دواجار بەهۆیەوە بەر لە سەركۆنەكردنی بەرامبەر، ببیتە ئاوێنەیەك بۆ ڕەنگدانەوەی كەمتەرخەمی و كێماسییەكانی خۆت. هۆگری و گەڕانەوەی لەم چەشنە هێندەی وزەی نوێبوونەوە و بەردەوامیت پێ دەدات، دوو ئەوەندەیش هێزی وەڕسی و گلەییكردنت تێدا دەكوژێت. سرووتی هۆگریی خۆت و ڕۆچوون بە ناوەوەتدا دەرفەتی ئەوەت پێ دەدات بەخۆتدا بچیتەوە، بەخۆداچوونەوە لە ئاستی بیركردنەوە، خوێندنەوەی دەوروبەر و دیاردەكان، دەربڕین و پێوەندیكردن لەگەڵ ئەوانی تردا. 
خەوشێك كە كەم و زۆر، بە ئاست و ڕێژەی جیاواز لە هەمووماندا هەیە، بەرامبەرەكانمان وەك ئەوەی هەن نایانبینین، هاوكات نامانەوێ وەك ئەوەی هەین، بەرامبەرەكانمان بمانبینن، بەڵكو وەك ئەوەی خۆمان دەمانەوێ، بڕیار لەسەر ئەوان بدەین، بە هەمان پێوەریش، وەك ئەوەی خۆمان دەمانەوێ، بمانبینن. ئەم دژكارییە یان ئەم پارادۆكسە، هۆكارێكی سەرەكیی قووڵبوونەوەی ئەم هەموو ڕۆحی یەكتری ناشیرینكردن و یەكتری سڕینەوەیەیە كە كۆمەڵگەكەمانی لە ئاستە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكەیدا تووشی پەتا و نەخۆشی درم كردووە.
بۆ ئەوەی چارەسەرێكی ئەم ڕۆحە بیمارەمان بكەین، پێویست دەكات واز لەوان بێنین و بچینەوە ناو خۆمان. لە ناوەوەی خۆماندا دەرزیئاژنینی گرێ شێرپەنجەیییەكانی ئەم پەتایە بكەین و ئەگەر هەبن، ڕیشەكێشیان بكەین. پێویست دەكات لەو كەلی خۆ بەهەمووشتزانە دابەزین، لەم داری لووتبەرزییە بێینە خوار و بوێریدانە بەرخۆمان بۆ كارێكی لەم چەشنە، شەڕە لەگەڵ خۆت، شەڕێكە سەخت، بەڵام شەڕێك تیایدا براوە دەبین، هەم لەگەڵ خۆمان و هەمیش لەگەڵ بەرامبەرەكانمان.
ئەو چاوەڕوانییەت لە خۆت بێت نەك بەرامبەر. ئەوەی لەوانی تری چاوەڕێ دەكەیت، لە خۆتەوە دەستی پێ بكە. ئەمەش بەم هۆگرییە دەكرێ. هۆگرییەك لەناو چاڵی خەفڵەتدا دەستت دەگرێ و دەبێتە كڵاوڕۆژنەی ڕۆشنایی بەسەر تاریكیی بێئاگاییت. 

(٣)
ئەو ڕۆژەی فریا ناكەون ببنەوە بە خۆتان
تەمەن تەنیا ژمارەیە، جیاوازیی سیاسی و ئایدۆلۆجی لە فریوێكی دەستی مرۆڤ خۆی زیاتر، هیچی تر نین، تەنانەت دووری نێوان مرۆڤەكانیش هەرگیز بەربەست نییە، كاتێ شتەكە پێوەندی بە دڵەوە هەبێت. ئەو كاتەی دوو دڵ گیرۆدە و پێوەستی یەكتری دەبن و خۆشەویستی و لەیەك تێگەیشتن بە یەكتریان دەبەستێتەوە، ئیتر شتێك نامێنێت بە ناوی ئاستەنگ و بەربەست، ڕێگری نێوانیان بكات.
تەمەن و سیاسەت و ئایدۆلۆجیا و دووری، تەنیا تارمایین، تراویلكەن، غوبارن و خۆشەویستی دەیانڕەوینێتەوە و بەرپێی ڕێبوارانی ڕۆشن دەكاتەوە. 
یەكتریتان خۆش بوێت، ڕۆژێك دادێ پەشیمان دەبنەوە كە لە بری لێبوردەیی، ڕق. لە جیاتی ئاشنایەتی، كینەتان بەرامبەر یەكتر قووڵ كردەوە. پەشیمان دەبنەوە كە ئیتر فریا ناكەون بچنەوە سەر ڕەسەنی خۆتان، ڕەسەنی مرۆڤبوون.