نووری بێخاڵی
ئایا ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر له ئاسته سیاسی و ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت له ئاسته كۆمهڵایهتییهكهیشدا، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌خاته‌وه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی عه‌قڵانی و تێپه‌ڕاندنی دۆخی خۆ به قوربانیزانین؟ به‌و مانایه‌ی ئاخۆ بوێری ئه‌وه‌ی ده‌داتێ چاو به چییه‌تی و ماهیه‌تی بوون و شووناسی خۆیدا بخشێنێته‌وه؟
ئه‌و تراجیدیایه كه درێژكراوه‌ی زیاتر له مێژووی 100 ساڵه‌ی ناو ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌یه، هێزی ئه‌وه‌ی پێ ده‌دات سه‌رله‌نوێ خۆی شوناس بكاته‌وه و له به‌رگێكی تردا خۆی به‌رهه‌م بێنێته‌وه؟ ڕوونتر بڵێین، ئایا شكستی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، ئازایه‌تیی خۆتاوانباركردن و دادگاییكردنێكی عه‌قڵانی سیسته‌می سیاسی و بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تیی دنیای خۆی پێ ده‌به‌خشێ؟ سیسته‌م و بونیادێك كه بناغه‌كه‌یان له‌سه‌ر كۆڵه‌گه‌كانی پاساودانه‌وه‌ی شكست، خۆدزینه‌وه له ئه‌رك، ڕاكردن له به‌رپرسیارێتی، كاوێژی خۆبه‌قوربانی نیشاندان و تهخوینكردی ئه‌ویتر، دامه‌زراوه.
ئه‌م پرسیارانه و زۆری تر، هه‌وڵێك نین بۆ په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و ڕاستییه ڕێژه‌یییه‌ی (هه‌مووی نا) كه ناپاكیی ناوخۆیی، هۆكارێكی ئه‌م تراجیدیایه بوو، به‌ڵام ههوڵێكیشن بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستییه ڕێژهیییهش، وه‌ك به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ناو مێژووی تراجیدیا و شكسته‌كانی ئێمه‌دا بخاته‌وه ژێر پرسیار.
خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن بۆ ئه‌و تراجیدیا و شكسته، هه‌روا به ساده‌یی و سه‌رپێی ناكرێ. ڕووداوێك نییه به‌رمه‌بنای (سۆز، هه‌ڵچوون، كه‌فوكوڵ و وه‌ڵامی ئاماده‌كراو، بڕیاری پێشوه‌خته، كاوێژ و لێدانه‌وه‌ی قه‌وانی سواو) هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێ. ڕوون و ڕاشكاوتر، له ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌كی عه‌قڵانی و وردبوونه‌وه له بونیاده سایكۆلۆجی و سۆسیۆ - سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ژیارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌سه‌ر كۆی ئاسته‌كانی (كه‌سێتیی تاك، ستراكتۆری كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری سیاسی)، نه‌ك هه‌ر تێگه‌یشتن، یان ڕاستتر، بینینی كۆی گۆشه نادیار و ڕه‌هه‌نده په‌نهانه‌كانی ئه‌م شكست و تراجیدیایه، كارێكی ئاسان نییه، به‌ڵكو سته‌مێكی تره له خۆمانی ده‌كه‌ین و ڕه‌وایه‌تی به دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م تراجیدیا و شكستانه له سبه‌ی خۆماندا ده‌ده‌ین.
به‌هه‌رحاڵ، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بابه‌تی وتارێكی كورتی ڕۆژنامه نین، بۆیه لێره ته‌نیا سه‌رنجێكی كورت له‌باره‌ی شكسته‌كه ده‌خه‌ینه ڕوو، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی كه پێوه‌ندی به (شوناس و هێز)ه‌وه هه‌یه.
دیوێكی ئاشكرا و ڕه‌هه‌ندێكی ڕۆشنی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی، كه‌وا به‌رده‌وامی و دووباره‌بوونه‌وه‌ی شكست و تراجیدیاكان له‌ناو مێژووی سیاسیی ئێمه‌دا، له‌ناو مێژووی ململانێ و مامه‌ڵه‌ی پڕ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی نێوان ئێمه و ئه‌وانی تر، ته‌نانه‌ت له نێوان هێز و گرووپه سیاسییه‌كانماندا، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ: (كوردایه‌تی!) سه‌ری (كوردبوون!)ی خواردووه و ده‌خوات.
به‌و مانایه‌ی به‌شێكی زۆری شكست و تراجیدیاكانمان، به‌رهه‌می كوردایهتین (كوردایه‌تی وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی عه‌وامفریوی بارگاوی به دروشمی بریقه‌دار) و دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و شكست و تراجیدیانهش له شوێنكات و قۆناغی جیاواز و له سای هه‌لومه‌رجی جیاوازی ناو مێژووی ئێمه و درێژبوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌مڕۆ، پێوه‌سته به به‌رده‌وامیی جووڵه‌ی ئه‌م (كوردایه‌تی)یه له ههبوونماندا، هه‌روه‌ها پێوه‌سته به نائاماده‌یی هێز له دوێنێ و ئه‌مڕۆی ئێمه‌دا. هێزی دداننان به شكست، هێزی خۆخوێندنه‌وه، هێزی ڕه‌خنه له‌خۆگرتن، هێزی تێهه‌ڵچوونه‌وه و خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه.
زیندووێتیی ناپاكی (خیانه‌ت) له‌ناو دوێنێ و ئه‌مڕۆ و ئه‌گه‌ری سبه‌ی ئێمه‌دا، هۆكارێكی لاوه‌كی دووباره‌بوونه‌وه‌ی تراجیدیاكانمانه، دیوێكی زۆر بچووكی شكستهكانمانه. به‌و پێیه‌ی كاوێژی ده‌می ئه‌و (كوردایه‌تی)یه‌یه كه توانای، یان ویست، یاخۆ ئیراده‌ی تێپه‌ڕاندنی خۆی نییه بۆ ئاقاری (كوردبوون).
له لایه‌كی تره‌وه، له گرێدانه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه به چه‌مكی (هێز)، مه‌به‌ستمان هێزه وه‌ك فاكته‌ری بوون و مانه‌وه و به‌رده‌وامی. دیاره هێز به هه‌ردوو باره مه‌عنه‌وی و مادییه‌كه‌ی، به‌ڵام ئایا له ڕابردوو و ئێسته‌دا كورد خاوه‌نی ئه‌و هێزه‌یه؟ ئه‌وه پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه‌یه.
له باری مه‌عنه‌ویدا مه‌به‌ستمان هێزی فیكر، هێزی خۆخوێندنه‌وه، هێزی شهرمنهكردن له شكست، هێزی ئازایه‌تیی ڕه‌خنه له‌خۆگرتن، هێزی سه‌رله‌نوێ خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه، هێزی تێپه‌ڕاندنی دۆخی باو، هێزی هه‌ڵسانه‌وه.
له باره مادییهكهیشیدا (هێزی سه‌رباز و چه‌ك)، مه‌به‌ستمان هێزی دیسپلینكراوی سه‌ربازی، هێزی نیشتمانی داشۆراو له ئینتمای حزب، هێزی تۆكمه‌ی پێوه‌ست به بڕیارێكی سه‌نتراڵی نه‌ته‌وه‌یی - نیشتمانی، نه‌ك هێزی ملكه‌چ و به‌رفه‌رمانی فڵان و فیسار فه‌رمانده، ئایا ئێمه له كوێی بوونی ئه‌و هێزهداین؟
زۆر به كورتی، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئێمه وه‌ك كورد هه‌ر ده‌رگیری كوردایه‌تی بین (وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ناو هه‌راوهۆریای هوتاف) و نه‌كه‌وینه ناو بازنه‌ی كوردبوون (وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی ناسیونالیستی تۆكمه)، بوون به خاوه‌ن ئه‌م هێزه كاریگه‌ره ئه‌سته‌مه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو هه‌تا خه‌ریكی پینه و په‌ڕۆكردنی چییه‌تی و ماهیه‌ت و هۆكار و پاشخان و ئه‌تمۆسفیری شكسته‌كانمان و پاساودانهوهیان بین، ئه‌وا به دڵنیایییه‌وه شكست له دوای شكست ده‌چنینه‌وه. هاوكات له نائاماده‌یی (كوردبوون)دا وه‌ك پڕۆژه‌ی شوناس، وه‌ك بناغه‌ی به نیشتمانی و دامه‌زراوه‌ییبوونی گوتار و هێز، هه‌رگیز ناتوانین دۆخی شكست و چه‌قین تێپه‌ڕێنین.
با هه‌ر له‌ناو ئه‌م نه‌هامه‌تییانه‌دا بغارێین، وه‌لێ كه له‌ناو (كوردبوون)دا نه‌توێینه‌وه، تا ده‌ستبه‌رداری ورده ئینتمای لۆكاڵی نه‌بین، تا نه‌ته‌وه له هه‌ژموونی گوتاری خێڵ ڕزگار نه‌كه‌ین، تا نیشتمان له دیوه‌خانی حزب بچووك بكه‌ینه‌وه، نه ده‌بین به خاوه‌نی ئه‌و هێزه و نه دۆخی غارانیش فریامان ده‌كه‌وێت و ئه‌گه‌ری ئه‌م شكست و تراجیدیانهش به‌رده‌وام وان له پێشمانه‌وه.