بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ لە ئێستەدا؟

PM:05:46:16/02/2022 ‌
ڕووسیا نایەوێت ئۆکراینا بچێتە هاوپەیمانی ناتۆوە، چونکە بەوە هێزەکانی ناتۆ دێنە سەر سنووری وڵاتەکەی. لە كاتێكدا ڕووسیا 25% گازی سروشتی هەموو ئەوروپا دابین دەکات و بۆ ترساندنی ئەوروپا، ئامادەیە گوشار بخاتە سەر کەرتی وزە لە ئەوروپادا.

بۆ نموونە، ئەڵمانیا کە بەهێزترین ئابووری ئەوروپایە، 50%ی پشت بە گازی سروشتی ڕوسیا دەبەستێت. ئێستە ئەوروپاییەکان بیر لە سەرچاوەی تازەی گازی سروشتی دەکەنەوە.

ئەو وڵاتانەی گازی سروشتیان زۆرە، یان دوورن یان دۆستی ئەوروپا نین، بۆ نموونە، کازاخستان و ئۆزبەکستان، گازیان هەیە، بەڵام بۆرییەکان بە ئۆکراینادا دەڕۆن. میسڕ گازی زۆرە و دەیدات بە ئیسرائیل، بەس دوورە و عەمەلی بۆ ئەوروپا نییە، ئێرانیش گازی زۆرە، بەس نەیاری ئەوروپایە و هاوپەیمانی ڕووسیایە.

هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە کە یەدەگی گازی سروشتی زۆرە، پێش دوو هەفتە ئەردۆگان داوای گازی سروشتی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست عێراق بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بەرز بکاتەوە.

لە پڕ دوێنێ دادگای خەولێکەوتووی فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا هەرێم نابێت دۆسیەی وزەی بەدەستەوە بێت. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئێران دەستی بەسەر دادگای فیدڕاڵی عێراقدا دەڕوات و نایەوێت هەرێم ببێت بە بەشێک لە ڕێکەوتنی جیهانی وزە و پێگەی هەبێت. جگە لەوەیش بەردێکە بۆ شکاندنی دوو نیشانە، لێدانیشە لە هەوڵەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی لەگەڵ سەدر و هاوپەیمانە سوننەکانی.

ئە‌ڤین عەزیز/  كردارناس 
ستۆكۆڵۆم/ سوید