سەرهەڵدانی دەوڵەتی شارستانی

AM:11:27:21/01/2022 ‌
 ئەگەر سەدەی نۆزدە بە سەدەی گەشانەوە و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم ناو ببەین ئەوا دەکرێت سەدەی نوێ (21)، بە سەدەی سەرهەڵدان و گەشەکردنی دەوڵەتی شارستانی ناو ببەین.

دەوڵەتی شارستانی تێرمێکە بانگەشە بۆ دەوڵەتێکی هەمەجۆر دەکات نەک زمان و ئیتنیکێکی دیاریکراو و ناوچەیەکی مێژوویی. واتە بەهەموو پێوەرێک تێرمی دەوڵەتی شارستانی جیاوازە لە دەوڵەتە نەتەوە و بانگەشەکانی دەوڵەت نەتەوە. لەم ڕووەوە دەکرێت نموونەکانی چاینا، هندستان، تورکیا و ئێران وەرگرین. 

ئەوەی گرنگە، کاتێک ناوی دەوڵەتی شارستانی دەبەین، دەبێت بەئاگا بین لەوەی بە دۆخێکی ئەرێنی لەم تێرمە نەڕوانین، بەڵکو ئەو بە ئاشکرا دیدێکی نالیبراڵە. چونكە ئەو لەسەر دیدێک خۆی بنیات دەنێت کە دژ بە جیهانیبوونی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییە، بە ئاشکرا دەڵێت بانگەشە بۆ پێناسەکردنی جیهانیبوونی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیی گشتیی ستاندارد لە دنیادا، پێناسە و ناساندنێکی هەڵەیە، پێچەوانەی بە گەردوونیکردنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو شارستانیەتێک پێویستی بە داودەزگای سیاسییە کە ڕەنگدانەوەی کلتوورەکەی خۆی بێت. 

ئایدیای دەوڵەتی شارستانی لە هەمانکاتدا تایبەت و دیاریکراوە، لەم ڕووەوە کەمینە و پەناهەندەکان ناتوانن خۆیان بگونجێنن لەناو ئەم سیستمەدا، چونکە ئەوان بەشێک نین لە چەقی شارستانییەکە. بۆ نموونە، لە یەکێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکاندا سەرۆکی چاینا ژینگ پینگ باسی لە شارستانیەت و مێژووی بێ هاوتای چاینا کرد. ئەگەرچی ئەم ئایدیایە لەلایەن ڕۆشنبیری چاینایی ژانگ واوی لە "زانکۆی فودان" بەرز کرایەوە و گەشەی پێدرا. بە جۆرێک ئەو لە کتێبەکە کاریگەرەکەیدا ''شەپۆلەکانی چاینا، سەرهەڵدانی دەوڵەتی شارستانی''، ئارگومێنتی ئەوە دەخاتەڕوو کە دەوڵەتی مۆدێرنی چاینا سەرکەوتوو بووە، چونکە ئەو لە پشت بەستن بە ئایدیای ڕۆژئاوایی گەڕاوەتەوە و بایداوەتەوە سەر ڕەگی خۆی و شوێن مۆدێلی خۆی لە کۆنفۆشیۆس و نەریتی میریتۆکراتیک کەوتووە. 

هەرچەندە ژانگ ئەم ئایدیای لە نووسەری ڕۆژئاوای مارتن جاکوس وەرگرت کە لە کتێبە بەناوبانگ و پرفرۆشەکەیدا بەناوی ''کاتێک چاینا دنیا بەڕێوە دەبات''، ئارگومێنتی ئەوەی خستە ڕوو کە بوونی چاینا بە دەوڵەت نەتەوە، دەگەڕێتەوە  بۆ ١٢٠ - ١٥٠ ساڵ لەمەوپێش، لە کاتێکدا، چاینا وەک مێژووی شارستانی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر. 

ئەو باوەڕی وایە کە سروشتی کاراکتەر و پێکهاتەی شارستانی چاینا، ئەو دەوڵەتە بەشێوەیەک ئاڕاستە دەکات کە بەرەو نۆرم و بەهایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ببات کە زۆر جیاوازە لەو نۆرمە باوانەی لە ڕۆژئاوا هەن. بۆ نموونە، وەک ئەوەی دەیبینین دەوڵەت لە چاینا پێویست بووە لەسەر پێوەندی خێزان خۆی بنیات بنێت، جیاواز لەو ئایدیایەی لەسەر پێوەندی نێوان تاك و کۆمەڵگە خۆی بنیات دەنێت.  
هاوشێوەی چاینا، هندستان خاوەن دانیشتووانی زۆرە کە خۆی دەدات لە ملیارێک کەس زیاتر. تیۆریستەکانی پارتی فەرمانڕەوا بەهاراتیا جاناتا باوەڕیان وایە کە هندستان لە دەوڵەتێکی ڕووت و پەتی زیاترە، بەڵکو ئەو شارستانیەتێکی ڕوون و ئاشکرایە. بۆ پارتی فەرمانڕەوا بی جەی پی، ڕوونترین تاکە ئەدگاری شارستانێتی هندی، دینی هندۆسییە. ئەم بیرۆکەیە ناڕاستەوخۆ مسوڵمانان دەخاتە ئاستی پلە دوویی هاووڵاتی ناو ئەو شارستانییەتە. 

جایەنت سینها کە وەزیرە لە حکوومەتەکەی نارێندرا مۆدی، باوەڕی وایە باوکانی دامەزرێنەری هندستان لە نموونەی لال نەهرۆ، هەڵە بوون لەوەی هندستانیان کردەوە بەڕووی دیدە ڕۆژئاواییەکاندا و باوەشیان بۆ سۆسیالیزمی زانستی کردەوە، بەداخەوە ئەوان باوەڕیان بە دیدێکی کارپێکراوی جیهانی هەبوو، لە کاتیكدا دەبوو هندستانی دوای داگیرکاری، لەسەر کلتووری هندی خۆی بنیات بنرایەتەوە و پشتی بە کلتوور و فەرهەنگە دەوڵەمەندەکەی خۆی ببەستایە، نەک ئایدیاکانی ڕۆژئاوا. 

ئاڕاستەیەکی نزیک بەم دیدە، لەلای تورکیاش دەبینرێت، گوردێنیز کە ئێستە لە پشت هەنگاوە تازەکانی ئەردۆغانەوەیە، باوەڕی وایە نزیکبوونەوە و هاوپەیمانبوون لەگەڵ ڕووسیادا، خەون و ویستی موستەفا کەمال ئەتاتورك بووە. گۆردێنیز ئاماژە بە نامەیەکی ئەتاتورك دەکات بۆ لینین کە دەنووسێت: تورکیا هەرگیز نابێت بە بەشێک لە هیچ هاوپەیمانییەک دژ بە ڕووسیا. بەڵام دوای مردنی موستەفا پاشا، سەرۆکی نوی واژووی ڕێکەوتنێکی کرد لەگەڵ فڕەنسا و بەریتانیا دژ بە یەکێتی سۆڤیەت. 

دواتر تورکیا ڕۆیشتە ناو ناتۆ بوو بە ئەندام لەو ڕێخراوەدا لە ساڵی ١٩٥٢، کە بەڕای ئەو مارشاڵە دەریاییە، ئەمە هەڵەیەکی جیۆپۆڵەتیکی بوو بۆ تورکیا. چونکە دەڵێ، دەبوو تورکیا ڕێچکەی فینلەندی بگرتایە و بێلایەن بووایە لە کێشە و ململانێکانی جەنگی سارددا. بەو پاساوەی تورکیا نابێت ببێت بە پاشکۆ بۆ ئەوروپاییەکان و خاوەنی شارستانێتە، بە جۆرێک گەورەترە لە دەوڵەت نەتەوەیەک، چونكە ئێمە ئەمڕۆ تەنیا نوێنەرایەتی تورکی ناو ئەناتۆلیا ناکەین، بەڵکو نوێنەری تەواوی تورک دەکەین لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ بەڵکان.

دیدی دەوڵەتی شارستانی لە ڕووسیایشدا بە چواردەوری سەری سەرکردەکانی ڕووسیادا دەخولێتەوە و بوونی هەیە. هەندێ لەو ئایدیایانەی بە چواردەوری پووتنەوەن، باوەش بە چەمکی دەوڵەتی شارستانی دەگرنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕووسیا شارستانێتی ئۆراسیا پێشکەش دەکات و نوێنەرایەتی دەکات، هیچ کات نابێت بیر لەوە بکاتەوە کە ئینتیگرەیت لەگەڵ ئایدیای خۆرئاوادا بکات. 

لە ئارتیکەڵە نوێکەیدا، ڤلادسلاڤ سۆرکۆڤ ڕاوێژکاری نزیکی پووتن دەڵێت، دووبارەکردنەوەی هەوڵێکی بێ بەرهەمە، ئەگەر وڵاتەکەی بیەوێت ببێتەوە بە بەشێک لە شارستانێتی ڕۆژئاوا، ئەو هەوڵە کۆتای هاتووە، بۆیە لە بریتی ئەوە باشترە ڕووسیا باوەش بۆ شوناسی خۆی بکاتەوە و پێ لەسەر شوناسی خۆی دابگرێت. تەنانەت دەڵێ، جێی سەرسوڕمان و نیگەرانییە هەندێک لە سکۆڵەرە ڕاستەڕەوەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئادیدیای بەها جیهانییەکان لە ناویشیاندا ئەوان زۆر دووپات لەسەر سروشتی شارستانیەتی ڕۆژئاوایی دەكەنەوە، لە کاتێکدا ئەمە بۆ ڕووسیا گونجاو نییە.

ئەم رێچکەگرتنەوەی دەوڵەتی شارستانی و گەڕانەوە بۆ میراتی شارستانی لەناو ئیدارەکەی ترەمپیشدا دەبینرا، بەشێوەیەک کەسێکی وەک ستیڤ بانون کە پیشتر لە ئیدارەی ترەمپدا بەرپرسیارێتی هەبوو، هەمیشە دووبارەی دەکردەوە کە شەپۆلی فرەوانی کۆچ و کەمبوونەوەی نەریتی کریستیانیی، سەر دەکێشێت بۆ بنکەنکردنی شارشتانیەتی ڕۆژئاوا. 

دواتر ترەمپ باندی لەسەر زۆر وڵاتی ئیسلامی و ڕۆژهەڵات دانا و ڕێگەی نەدان کۆچ بکەن بۆ ئەمەریکا، بە جۆرێک سەرەڕای گۆڕینی ئیدارەکەی ترەمپ، بەڵام هێشتا کارمەندەکانی سەر بە ترەمپ کۆسپ دەخەنە بەردەم پرسەکانی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی دنیای ڕۆژهەڵات. لە هەمانکاتدا وەک هەوڵێک بۆ وەستاندنی ئەم بنکەنکردنە، بانون یارمەتی دروستکردنی ئەکادیمیای جودۆ کریستیانیی رۆژئاوای دەدا. بە جۆرێک لە ئیتاڵیا نەخشەی دروستکردنی سەرکردایەتی نەوەی نوێی دەکێشا. بانونیزم بووبوو بە ئایدیا و سەنتەر لەناو ئایدلۆلۆجیای ترەمپیزمدا، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد "کۆچبەر بنکەنی نەریتی ئەمەریکایی دەکات".