مەلا مستەفا بارزانی، ڕێبەری ئەفسانەیی کوردستان، لە دووەمین دەیەی سەدەی بیستەم، هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە و ئەوەندەی نەخایاند ناوبانگی سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و لە ئاسمانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا دەرکەوت. ئەو، یەکێک لە ڕێبەرە ناودارەکانی کوردستان بووە کە کارنامەی ژیانی پڕشانازیترین سەردەمەکانی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانی لەخۆدا تۆمار کردووە.
بارزانی لە پێگەی ڕێبەرێکی کاریزمایی لە سەدەیەکی پڕگێژاو و تۆفاندا بزووتنەوەی کوردستانی ڕێبەرایەتی کرد و لە قۆناغە چارەنووسسازە مێژووییەکاندا، بە پشتبەستن بە جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانە و کەڵکوەرگرتن لە عەقڵیەتی سیاسی، ئەندازیاریی ڕەوت و ڕەوگەی خەبات و شۆڕشی کرد و ئازارەکانی نەتەوەکەی بە جیهانی کردەوە.
ژیانی ئەم قارەمانە نەتەوەییە، لە هەمان سەردەمی منداڵییەوە، وەک ژیانی نەتەوەکەی لێوان‌لێو بوو لە هەوراز و نشێوی زۆر، لە تەمەنی سێ ساڵیدا و لەگەڵ دایکی کەوتە زیندانی مووسڵ، لە 18 ساڵیدا هاتە ڕاسپاردن بۆ دیدار و دانیشتن لەگەڵ شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولقادری نەهری، ڕێبەرانی سیاسی کورد، تا بەرەو تورکیا سەفەر بکات.
لە تەمەنی 19 ساڵیدا بە مەبەستی پشتگیری لە شێخ مەحموودی حەفید (نەمر) سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، هێزەکانی خۆی بەرەو سلێمانی جووڵاند. ساڵێک دواتر، بارزانی ئیتر فەرماندەیەکی 20 ساڵان بوو کە بۆ ڕزگارکردنی "ئەندریک پاشا" لە چنگی هێزەکانی تورک چوو بە هانای ئەرمەنییەکانی تورکیاوە.
پاش حەوت ساڵ دوورخرانەوە لە بەغداد و سلێمانی، لە ساڵی 1945 سەرکردەیەکی 41 ساڵە و خۆگرتوو بوو کە لەگەڵ چەند هەزار پێشمەرگە لە بارزانەوە بەرەو مەهاباد ڕۆیشت و هاوڕێ لەگەڵ قازی محەمەد سەرۆک کۆماری کوردستان، سەرکردایەتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستانی بە پلەی ژەنراڵی کرد.
ساڵی 1947 واتە تەمەنی 43 ساڵی، هاوکات بوو لەگەڵ ڕێپێوانە ناودارە مێژووییەکە، كە مەهابادی خوێناوی بە کەنارەکانی رووباری ئەرەسەوە گرێ دا، ئەمەش لە دەستەویەخەبوونێکی پارتیزانی و ناهاوسەنگ لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی ئێران، عێراق و تورکیا کە دەرئەنجامەکەی بوو بە پەنابەرییەک بۆ ماوەی 12 ساڵ لە وڵاتی یەکێتی سۆڤیەت.
لە گەڕانەوەی بۆ کوردستاندا ڕێبەرایەتی و خەباتەکەی بە سەرکردایەتیی مەزنترین بزووتنەوەی کوردستان کامڵ کرد و ناوی لە مێژوودا وەک ڕێبەرێکی ئایدیالیست و رزگاریخواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دنیادا مایەوە.
بە بڕوای شیکارانی پرسەکانی کوردستان، ئەگەر خەبات، تێکۆشان و ڕێبەرایەتیی حەکیمانەی ئەم پیاوە کەم وێنەیە لە مێژووی کوردستاندا نەبوایە، ڕەنگە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ئەمڕۆ ڕەوت و روخسارێکی تری هەبوایە و مێژووی ئەم بزووتنەوەیە بەشێوازێکی دیکە دەشکایەوە. ڕوانگە و هەڵسەنگاندنەکان لەبارەی کەسایەتیی ئەم سەركردە، شایه‌تێکن لەسەر کارئەکتەری ئەفسانەیی و پێگەی بێ هاوتای ئەو لە بزووتنەوەی کوردستاندا.
ئەو ڕستانەی قازی محەمەد سەرۆک کۆماری کوردستان لە دادگای سەربازیی له زستانی ساڵی 1946 لە مەهاباد، لە بەردەم بەڕێوەبەرانی دادگای سەربازیدا بە هاوارەوە دەریبڕی، ئاوێنەیەکی باڵانوێنن بۆ نواندنەوەی کەسایەتیی بارزانی، كاتێك گوتی:
(مەلا مستەفا بارزانی هێمای جوامێری، کەرامەت، شەرافەت، بوێرییەکی لە شکست نەهاتوو و بەخشندەییە. ئەو وەک مسوڵمانانی سەدری ئیسلام پاک و بێگەرد و ڕاستگۆیە، هەروەها کە سەعدی دەفهرموێ: کۆی ئەو شتە باشانەی کە هەموو چاکەکان هەیانە، ئەو بەتەنیا هەیەتی... چون مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی چرای گەشاوەی سبەینێی نەتەوەی کوردن و منیش ئاڵای کوردستانم بەوان سپاردووە، هیوادارم ئاڵای نەتەوەکەی من ڕۆژێک لەسەر ئەم ماڵە و هەموو کوردستان بشەکێتەوە).
بێ هۆ نییه که هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، دکتۆر ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان که‌سایه‌تیی ناسراو و خاوه‌ن ئیمتیازی حه‌وته‌نامه‌ی «کوهستان-کوێستان» له تاران، له ساڵی 1946 له بڵاڤۆکە‌که‌یدا بەم شێوەیە ڕێبه‌رە گەنجەکەی کوردستان به خه‌ڵکی ئێران ده‌ناسێنێ:
«مه‌لا مسته‌فا، پیاوێکی ڕووناکبیره که زمانگه‌لی کوردی، عه‌ره‌بی و فارسی به باشی ده‌زانێ و تا ڕادەیەکیش شاره‌زای زمانی ئینگلیزی و تورکییه. کەسایەتییهکی دروستکار و قسە لەڕووە و بڕوایەکی بەتینی به نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌یه. پیاوێکی تێگەیشتوو و خاوەن لۆجیکە و بە نیسبەت ئەو کێشە و گرفتانەی دادێت، هەوڵ دەدات تا ئەو شوێنەی بلوێت ڕێگەی ئاشتی و عاقڵانە بگرێتە بەر».
لای خۆیەوە سه‌فه‌ر قاره‌مانیان خه‌باتکاری چه‌پخوازی ئازه‌ربایجانی و کۆنترین زیندانیی سیاسیی سه‌رده‌می حکوومەتی په‌هله‌وی له ئێران، له وتووێژ لەگه‌ڵ عه‌لی ئه‌شره‌ف دەروێشیان، هاوڕێیەتی خۆی لەگەڵ جەنەراڵ بارزانی له ساڵی 1946 به‌م چه‌شنه ده‌گێڕێته‌وه:
«مه‌لا مسته‌فا لە نوێژدا زۆر قایم و پڕ وزە بوو. ڕۆژێک له گوندی مێرگەوەڕ کەوتینەی بۆسەی دوژمنەوە. مه‌لا مسته‌فایان ئاگەدار کرده‌وه که سه‌ربازەکان گەمارۆی گونده‌که‌یان داوه. مه‌لا مسته‌فا خه‌ریکی نوێژ بوو. هه‌رچه‌ند داوایان لێکرد نوێژه‌که‌ی ببڕێ تا بتوانێ هه‌ڵبێ یاخۆ به شه‌ڕ بێ، بایه‌خی پێ نه‌دا، تا به ته‌واوی له نوێژه‌که‌ی بووه‌وه. ئێمه‌یش زۆر ترسابووین. له‌سه‌ر ئه‌سپه‌کانمان چاوه‌ڕێ بووین تا نوێژه‌که‌ی تەواو کات. كاتێك نوێژه‌که‌ی تەواو کرد و ده‌ستی به شه‌ڕ کرد، توانیمان لێیاندهین و گه‌مارۆی سه‌ربازه‌کان بشکێنن و له‌وێ ده‌رباز بین. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم مه‌لا مسته‌فا ئاوا نه‌ترس و خاوەن ئیمان بوو... »
هەروەها ئه‌بولحه‌سه‌نی ته‌فره‌شییان ئه‌فسه‌رێکی تری ئێرانی و ئه‌ندامی ڕێکخراوی ئهفسەرانی خوراسان کە له ساڵی 1946، وه‌ک سه‌فه‌ر قاره‌مانییان، هاوڕێی بارزانی بووە. له کتێبه‌که‌ی خۆیدا بە ناونیشانی «ڕاپەڕینی ئه‌فسه‌رانی خوراسان»، به‌م چه‌شنه مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ خوێنەران باس دەکات و دەنووسێت:
«مه‌لا مسته‌فا پیاوێکی تێگه‌یشتووه، ئەو زمانگه‌لی فارسی، عه‌ره‌بی و کوردی باش ده‌زانێ. به تورکیش قسه ده‌کات. له ڕێگەی گوڵستانی سەعدیهوه فێری فارسی بووبوو و هه‌ر بە شێوازی گوڵستانیش قسه ده‌کا... له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و جەماوەره‌که‌ی له‌سه‌ر سفره‌یەک داده‌نیشت و له‌گه‌ڵیان نانی ده‌خوارد، دەڕۆیشت بۆ شەڕ و لەگەڵیشیان لە سەنگەر دەخەوت... تەنیا ئەوەندە بەس بوو کە سواری ئەسپەکەی ببێ، ئەوکات بێ سێ و دوو 500 سواری چه‌کدار ده‌که‌وتنه شوێنی، بێ ئه‌وەی هیچ پرسیارێك بکه‌ن...
بارزانی شاره‌زاییه‌کی زۆری لهبلارەی زه‌وی و هه‌وراز و نشێوه‌کانی هه‌بوو، زۆر به وردی لێکی دەدایهوه و ئەوکات بڕیاری ده‌دا. هه‌رچه‌نده ئێمه پسپۆڕی کاروباری سه‌ربازی بووین و به شێوازێکی ئەکادیمی ڕاهاتبووین، به‌ڵام له ڕاستیدا پاش لێکدانه‌وه و تاوتوێیه‌کی زۆری نەخشە و ڕا و ڕاوێژ، ئەگه‌ر باش بڕیارمان بدایه، ئینجا وه‌ک ئه‌و بڕیارمان ده‌دا».
بارزانی له ساڵی 1966 له یه‌که‌مین نامه‌ی ڕۆشنگەرانەی خۆی بۆ «ئۆتانت» سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، به ڕوونی و ڕاشکاویی بڕوای به خه‌باتی ڕزگاریخوازیی کوردستان و ڕزگارکردنی گه‌لی کورد له ئازار و مەینەتییە مێژووییه‌کانی دەردەخات و دەنووسێ:
«پتر له چوار ساڵه که نیشتمانی ئێمە واتە کوردستانی عێراق، له‌گه‌ڵ شه‌ڕێکی ڕه‌گه‌زیی مەترسیداردا بەرەو ڕووە،؛ شه‌ڕێک درێژتر له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و چه‌ند مانگێک که‌متر له شه‌ڕی دووه‌می جیهانی. شه‌ڕێک به چه‌کی کاولکه‌ر و کوشندە که ته‌نیا که‌سانێک ده‌ره‌نجام و لێكەوتە پڕ له نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تییه‌که‌ی دەبینن که خۆیان جەنگێکی وایان ئەزموون کردبێ. ئه‌و گرفتانه‌ی که گه‌لی کورد تووشی هاتوون، به‌سوێتر و پڕئازارترن له کێشه و ئازارەکانی سه‌رده‌می ڕەش و تاریکی کۆلۆنیالیزم. ئه‌و سیاسه‌ته ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌یەی ده‌سەڵاتدارانی عێراق گرتوویانەتە بەر، بێگومان ئه‌گه‌ر له سیاسه‌تی پووچه‌ڵ و بێده‌ره‌نجامی حکوومه‌تی داگیرکه‌ری ڕۆدزیا و ئافریقای باشوور زۆرتر نه‌بێ، که‌متر نییه.»
ئەمەیە هه‌ڵاتن و داکه‌وتنی خۆرێکی دره‌وشاوه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان که تیشکه ڕێگە ڕۆشنکه‌ره‌که‌ی، بۆ هه‌میشه به‌رچاومان ڕوون ده‌کاته‌وه.