ژنکوژەکانی کۆمەڵگەی کوردی تەنیا نین.. لە پەراوێزی مەرگی ماریادا

PM:04:04:17/03/2022 ‌
پێشڕەو عەبدوڵا

دیاردەی ژنکوشتن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا حاڵەت نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆجی، کولتوورییە، کە ڕۆژانە و ماوە ماوە خۆی زیندوو دەکاتەوە و هەر جارەو دەموچاوێکی نوێی بکوژی پیاو و قوربانییەکی تری ژن دەبینیین، بەڵام ئەمانە تەنیا نین و ئەم کاروانە هێشتا لە برەودایە و ڕێگەی خۆی قووڵتر دەکاتەوە. 
ئەوەی پێوەستە بە کۆمەڵگەی کوردییەوە، کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاوازی هەیە و مەبەستی ئەم وتارە شرۆڤە و ڤەکۆڵینی ئەو ڕەهەندانەیە:

1-چۆنییەتی ڕوانینی پیاوی کورد بۆ پێگەی ژن

چۆنییەتی ڕوانینی پیاوی کورد بۆ پێگەی ژن هەم لە کۆمەڵگەکەیدا و هەم وەک هاوسەر و خوشک و نزیک. ڕەهەندی دووەم بریتییە لە ئاریشەی نێوان دوو ئەتنیکی کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگەی کوردی، ئەوانیش: هێزه کۆنسەرڤاتیڤە کۆمەڵایەتییەکە کە خۆی بە بەرگی ئاین ڕەنگڕێژ کردووە و ژنکوژەکان سەر بەم ئەتنیکەن و خواردنی هزری و جەستەیی خۆیان لەم هێزە کۆمەڵایتییە وەردەگرن. دووەم هێزە ڕۆشنبیرییەکەی کە ڕۆشنبیر و نووسەران نوێنەرایەتی دەکەن، زۆربەی ژنە کوژراوەکانیش نوێنەر، یان خوێنەر و سەرسامی ئەم دەستەبژێرە "نوخبە"یەن بۆ ژیان.

هەرچی هێزە کۆمەڵایەتییەکەیە، پیاو تێیدا باڵادەستە، چونکە کۆمەڵگەی کوردی لەڕووی دابەشکاری جێندەرییەوە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاره و ئەمەیش ڕیشەیەکی کۆنی هەیە و پێوەست نییە بەم ساتەی تێیدا دەژین. هەر لە دێرزەمانەوە کە کۆمەڵگەی کوردی خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بووە و پیاو تێیدا باڵادەست بووە، ڕەنگی پیاوسالاری یان دەرەبەگایەتی وەرگرتووە، هەروەک چۆن فەیلەسوفی ئەڵمانی هێگڵ لە کتێبی (العالم الشرقی) جۆری کۆمەڵگەکان دەبەستێتەوە بە جیاوازی جیۆگرفیای ئەو وڵاتانە، کە لەژێر گوشاری جیۆگرافیای وڵاتەکە، ناچارن خەریکی ئاژەڵداری یان کشتوکاڵ بن، بەمەیش دەبنە کۆمەڵگەی کشتوکاڵی یان ئاژەڵدار و لە هەردوو پانتاییەکەدا پیاو سەروەری خۆی لە هەمبەر ژندا بەدەست دەهێنێنت. 

خۆگەر بگەڕێینەوە بۆ پێشتریش کە کۆمەڵگەکان خەریکی ڕاووشکار بوون، کاری ژن و پیاو دابەشبوون بەوەی پیاو بەرپرس بووە لە قووتی ژیان و خواردن و ژنیش دەبووایە لە ماڵەوە بێت بۆ سەرپەرشتی منداڵ و عەیال. لێرەیشدا پیاو سالار و سەروەر بووە بەسەر ژندا. ئەمەیە وا دەکات لەناو بزووتنەوە فێمینیزمە ڕۆژئاوایەکاندا بگەڕێنەوە بۆ ئەم پاشخانە مێژووییە کولتوورییە، تایبەت لای ئیفلیین ڕید لە کتێبی (is biology  woman`s destiny? _ ئایا سروشتی جەستەی بایەلۆجی ژن، ئایندەی دیاری دەكات؟)، هەوڵی شرۆڤەی ئەم بارە دەدات.

ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ڕەهەندەکانی ئەم گوتارە لە پێوەندی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەوە دیارە ژن وەک کەرەستە و بووکەڵەیەکی سێکسی لە دیدی پیاودا وێنا کراوە، هەروەک لە نووسینی ترماندا تایبەت لە نامیلکەی (ژووری ژنە ڕووتەکان، چاوە شاراوەکەی پیاوی کورد) زۆر بە ڕوونی شرۆڤەمان کردووە، بەوەی هەر کاتێک پیاو وەک مایەی چێژ لە ژنی ڕوانی، لایەنە مرۆییەکەی وەلا دەنێت و تەنیا جەستە و بووکەڵەیەکی سێکسییە و نابێت هەناسەی ئەوە بدات ڕای هەبێت و بەرەنگاری داخوازییەکانی پیاو ببێتەوە. 

بەشێکی ئەم دەسەڵاتەی پیاو، جگە لەو فاکتەرانەی لە سەرەوە باسم کردن، لایەنی بەهێزی جەستەی بایەلۆجی خۆی و ئەو جیاوازییە بایەلۆجییەیە کە جەستەی بەهێزیی پیاوی سەپاندووە بەسەر جەستەی ژندا، ئەگەرچی ئیفلین ڕید زۆر توند بەرەنگاری ئەم بۆچوونە دەبێتەوە و پێی وایە، یەکێک لە زەرەرمەندەکانی  دەستی زانستی پزیشکی لە شیكردنەوەی جەستەی نێوان ژن و پیاودا، ژن بووە. کە زانستی پزیشکی ئەمەی وەک زانست و فاکتێکی نەگۆڕ، بەسەر ژن و پیاودا سەپاندووە. 

لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان، باو بووە کە پیاو هەمیشە ترسی لە سەربەخۆبوون و تایبەتمەندی سیفاتی ژن هەبووە، هەروەک سیگمۆند فرۆید لە باسی ئەم قەلەقیەی پیاودا دەنووسێت: پیاو لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا ترساوە ژن بێ هێز و لاوازی بکات، بۆیە هەوڵی داوە ژن لاواز بکات و کۆنتڕۆڵی بکات، بە تایبەت لە پڕۆسەی سێکسکردندا، پیاو قەلەق بووە لەوەی ژن ئاڕاستەی دەکات. سیگمۆند فرۆید، ژیانی سێكسی،2021، 155

بەڵام ئایا بۆ کۆمەڵگەی شارستانی ئەمە چۆن دەکەوێتەوە؟ فڕۆید باوەڕی وایە شارستانیەت هێشتا توندتر و بێ ڕەحمترە بەرانبەر ژن و لە دەسەڵاتخستنی و دەڵێ: هێزی توندوتیژی و ناکۆکی خۆشەویستی لای مرۆڤی پێش شارستانی هەرگیز ناگات بەو توندوتیژییە بەربڵاوەی لای مرۆڤی شارستانی هەیە. فڕۆید، 2021، 155

ئەمە بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە هێشتا پرسیاری ئەوەی لەسەرە ئایا قۆناغی سروشتی تێپەڕاندووە و هاتووەتە ناو قۆناغی شارستانییەوە؟ ڕاستییەكەی ئەگەر بەپێی ئەو دابەشکاریەی جان جاک ڕۆسۆ بێت، هێشتا کۆمەڵگەی کوردی قاچێکی لە قۆناغی سروشتی ماوەتەوە و قاچێکی بە ئاستەم هاتووەتە ناو قۆناغی شارستانییەوە. بگرە ئەو هاتنەیشی بۆ ناو قۆناغی شارستانییەت، چون لەڕووی پەیکەری ڕۆحییەوە هەڵگری هەمان  پەیکەری هێزە کولتوورییە عەشایەرە پیاوسالارەکەیە، ئەو جۆرە شارستانییە کێشەی سایکۆلۆجی و فکری بۆ دروست کردووە و تووشی دەیان درم و عوسابی دەروونی کردووەتەوە، چونكە ژیان لەم سەرەدەمە نوێیەدا بەو روانینە كۆنە بۆ ژیان، دیارە كە ژنان چۆن رووبەرووی سزای كۆمەڵگە و پیاو دەبنەوە. چونكە ژیانی نوێ دەرفەت دەداتە ژن بۆ تێكەڵاوی و دەركەوتن و مامەڵە ڵەگەل پیاو، پیاویش بەو ڕوانینە كولتوورییە كۆنەوە. 

لە ڕووی ئاینییشەوە، ڕاستە کۆمەڵگەی کوردی بە هەناوی کۆمەڵێک ئایندا ڕۆیشتووە، وەک مەسیحییەت و ئیسلام، بەڵام لەڕووی پەیکەری ڕۆحییەوە بە مانا گۆستاڤ لۆبۆنییەکەی، هێشتا ئەو پەکەرە ڕۆحییە پێچ بە هەموو ئیدیا و بیرەکان دەکاتەوە و سەروەری خۆی دەسەپێنێت و ژنیش هەر بە کۆیلەیی دەمێنێتەوە، هەموو جوڵەیەکیشی مایەی ترسە بۆ پیاو و نزیکترین شیان بریتییە لە کوشتنی ژن، چونکە مرۆڤی سەرەتایی و مرۆڤی ناو کولتوورە کوردییەکە، کە پیاو تێیدا باڵادەستە، نزیکترین شیان بۆ یەکلاکردنەوەی یاخییەکانی خۆی، بریتییە لە سڕینەوە و کوشتنی ئەو ژنە، چونکە مرۆڤی سروشتی هێشتا توانادار نییە بە کۆنتڕۆڵکردنی غەریزە وەحشیگەرییەکانی ناو خۆی. 

ئەگەر بە زمانی فڕۆید بیچوێنین ئایدی کوردی  idئایدێکی شەڕانگێز و چاوکوێرە و باوەڕی بە گفتوگۆ و تێگەیشتن نییە، چونکە هەم منەکەی ego هەم منەباڵاکەی  super egoپاڵپشتی کوشتن دەکەن بۆ یاخیبوونی ژنێک لە هێزە کۆمەڵایەتیەکە. تەنانەت هێزە ئاینیەکەیش ملکەچی پەیکەرە ڕۆحییەکەیە، چونکە هەم مسوڵمانەکان هەم ئێزیدی و مەسیحییەکانیش، لەبەرئەوەی لەناو کۆمەڵگەی کوردی دەژین، یان بڵێین خەڵکی ئەم ناوچەیەن و هەڵگری هەمان پەیکەری ڕۆحی کۆمەڵایەتین، هەمان چارەنووس بەسەر ژنە یاخیبووەکانی خۆیاندا دێنن، هەڵبەت ئامار و ڕووداوی بەرچاو زۆرن کە جگە لە مسوڵمانەکان،  مەسیحیش کاتێک ژنێک عاشقی کوڕە مسوڵمانێک بووە، کوژراوە، ئەگەرچی بە بەراورد بە مسوڵمانەکان کەمترە. بەڵام لە دەستی هەموو پیاوێکی کورددا تارمایی خەنجەرێک هەیە کە لە زگی ژنی گیر بکات، لای ئێزیدییەکانیش هەمان حاڵەت بوونی هەیە. 

خۆئەگەر هەریەک بە دروستی ڕۆ بچنە ناو ئاینەکەیان، چ ئیسلام چ مەسیحیەت و ئێزبدی، هیچیان پاڵپشتی کوشتنی ژن ناکەن، لە یاخیبووندا، تەنیا بۆ زینا نەبێت. ئەوەش بەتەنیا بۆ ژنەکە نییە، بەڵکو بۆ پیاوەکەیش راستە، بە تایبەت لای ئیسلام، بەڵام قەت نەماندی پیاوێک بکوژرێت، هەر ژن باجەكەی دەدات و لەسەر گومان و قسەیەک دەکوژرێت، بێ ئەوەی مەرجە ئاینییەکانی تێدا بێت، كەچی هەم پیاوانی ئاینی هەم دەزگا ئاینییەکان، لەژێرەوە دڵخۆش و پاڵپشتن بۆ کوشتنی هەر ژنێک کە یاخی دەبێت، تەنانەت لە ڕووی دەسەڵات و یاسایشەوە، ئەگەرچی یاساکانی حکوومەتی کوردستان ڕژدن و بە کوشتنی بە ئەنقەست مامەڵەی لەگەڵ دەکات. بەڵام لەبەرئەوەی دادگا و پۆلیس و حکوومەت هەمان پیاوێکن کە هەڵگری پەیکەرە ڕۆحییە عەشایەرەکەن، لە دڵەوە هاوسۆزن بۆ بکوژ نەک کوژراو. لەبەرئەوەی ئەو ژنەی دەشکوژرێت بە پاڵپشتی عەشیرەت و کۆمڵگەکەیە و لەبەرئەوەی بکوژ داوای یاسایی لەسەر نییە و تەنیا مافی گشتی دەیگرێتەوە، بە چوار ساڵی زیندان رزگاری دەبێت و وەک سەربەرزێک دێتەوە ناو کۆمەڵگە، جا زۆربەی جاریش ڕێك دەکەون گەنجێکی خوار تەمەنی 18 ساڵ ژنەکە بکوژێت، لەپێناوی سزای كەمتردا كە لە یاسای سزاندانی عراقییدا هاتووە.
واتە ئەوەی لێرە تەنیایە ژنە کوژراوەکەیە و بکوژەکە هەم سەربەرزە، هەم پاڵپشتی کولتووری و ئاینی و یاسایشی هەیە. 

2- كاتێک ئەتنیکە جیاوازەکان بەر یەکتر دەکەون
ڕەهەندی دووەم کێشەی نێوان دوو هێزی ناو کۆمەڵگەکەیە، ئەوانیش هێزە ئاینی و کولتوورییەکە پێکەوە لەگەڵ هێزە ڕۆشنبیرە ئازادیخوازەکە، جارێ پێکەوەبوونی هێزە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکە وەک پێشتر باسم کرد، هی وێکچوونی پەیکەری ڕۆحی نەتەوەکەیە، کە ئاینەکە خۆی ڕووخسار و قەباغە بۆ هێزە کۆمەڵایەتییەکە. 

واتە هێزە کولتوورییەکە ئاڕاستەی ئاینەکە دەکات، با لە ڕووخساریشدا وابێت کە ئەوە ئاینەکەیە کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکات، بەڵگەیش بۆ ئەمە زۆر ئاسانە، لە کوێدا کولتوور شتێکی بەڕەوا زانی، پیاوانی ئاینی بەڵگەکاری بۆ دەکەن و دەیشەرعێنن، کاتی خۆی لە مەسەلەی گەورە بە بچووک و ژن بەژن و مارەبەجارشدا، کە داخوازی کۆمەلگەکە بوو، هەر پیاوانی ئاینی دەیانشەرعاند، ئێستە کە کۆمەڵگە ئەمە ڕەت دەکاتەوە، ئەوانیش حەرامیان کردووە. یاخۆ ئێستە گۆمەڵگە پشتگیری ئەوە دەکات ژن بخوێنێ و کار بکات، لەلایەن پیاوانی ئاینیشەوە حەڵاڵ کراوە، لە کاتێکدا بیست ساڵێک پێش ئێستە، دۆخەکە پێچەوانە بوو، بۆیە زۆر ئاساییە ئەم دوو هێزە لە پاڵ یەک و پاڵپشتی یەکترن، لە مەسەلەی حەرام و حەڵاڵ و ڕەوایەتیدان بە زۆر شتی ناو کۆمەڵگە و لەگەڵ یەکبوونیان لە مەسەلەی کوشتنی ژندا. 

هێزی دووەم ڕۆشنبیر و نووسەران و شاعیرەکان و چینێکی تایبەتی کۆمەڵگەن، بەخۆیان و خوێنەرەکانیانەوە بە شوێن دەرچە و دەرگەی تایبەتدا وێڵن، بۆ دەرچوون لە دەسەڵاتە ئاینییە کۆمەڵایەتییەکە و داوای ئازادی تاک و بەرگری لە ئازادی ژن دەکەن. لە کاتی بوونی ڕووداوی کوشتنی هەر ژنێکدا، ئەم دوو ئەتنیکە جیاوازە بەگژ یەکدا دەچنەوە و شەڕەکەیان نوێ دەبێتەوە.

مێژووی دەرکەوتنی ڕۆشنبیران کە زیاتر بەلای دیموکراسی و عەلمانیەتدا دەشکێنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتای سەتەی 19 و سەرەتاکانی سەتەی 20، لەژێر کاریگەری هەژموونی عوسمانییە عەلمانییەکان و شکستی خەلافەتی عوسمانی ئیسلامی، ڕۆشنبیرانی کوردیش سەرەتا لە چوارچێوەی گۆڤاری (مەشروتیەت) لە ساڵی ۱۹۰۳ شەریف پاشا دەنووسێت: بەڵگەی ئازادیخوازی کورد، ئەوەیە کە ئافرەتی کورد قەت پەچەی نەپۆشیوە. مەسعود عەبدولخالق، ڕیشەی ئیلحاد لە كوردستان/ 2018، ۱۲۰.

دواتر دروستبوونی کۆمەڵەی هیوا و گرووپی دیکە، پاشان دروستبوونی حزب کە زیاتر ڕۆشنبیران داڕێژەری بوون، بەڵام دواتر حزبیش بە پاڵپشتی عەشایەر و هێزە ئاینییەکە، بەلای کۆمەڵگە نەخوێندەوارە عەشایەرەکەدا شکایەوە و ڕۆشنبیران بوونە کەسی پەراوێزی حزب و کۆمەڵگەیش، هەروەک کێشەی نێوان باڵی مەکتەب سیاسی پارتی دێموکراتی کوردستان و سەرۆکی ئەوکاتی پارتی، کە دواتر سەرۆک زاڵبوو بەسەر گوتاری ڕۆشنبیرانی ئەوکات و پارتی وەک حزب خستەوە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵگە و پیاوانی ئاینییەوە و ئەوانی دوورخستەوە. کێشەی نێوان ئەم دوو هێزە کۆنە و لە بوونی هەر ڕووداوێکدا لەڕێی نوێنەرەکانییەوە شەڕی یەکتر دەکەن. 

لە کێشەی کوشتنی ژندا، زۆربەی جار وا ڕێك دەکەوێت، ژنەکە نوێنەری جیهانی ڕۆشنبیرەکانە و بکوژیش نوێنەری هێزە کۆمەڵایەتییەکەیە. کاتێکیش لە سۆشیال میدیا هەواڵێک بڵاو دەبێتەوە، هەردوو گرووپ دەکەونە وێزەی یەکتر و یەکتر تاوانبار دەکەن.

3- دیدگادی هێزە کۆمەڵایەتییەکە بۆ ژنی کوژراو
هەڵبەت لە کۆمەڵگەی عەشایەری کوردیدا، ژن شتێکە لە شتەکانی پیاو، خاوەندارێتی پیاو بۆ ژن ڕیشەیەکی کۆنی هەیە و ئەوە پیاوە خاوەنی ژنە، هەموو مافێکی خاوەندارێتیش دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکە، بەجۆرێک عەیبە و چاکەی بۆ شتەکە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بۆ خاوەنەکە دەڕوات. کاتی خۆی كە کەرێک هی ماڵێک بووە، حاڵەت هەبووە کەرەکە لاقە کراوە، ئەم لاقەکردنە ڕاستەوخۆ لەسەر خاوەنەکەی حساب کراوە و بووەتە هۆی کوشتنی کەسی لاقەکەر. واتە کێشەی موڵک ئەوەیە بەشێکە لە جەستەی خاوەن موڵک. هەروەک تێکشکانی ئوتومبیلێک خاوەنەکەی بە تێکشکانی خۆی دەزانێت. دۆڕاندنی کەڵەشێرێک لە شەڕدا، واتە دۆڕاندنی خاوەنەكەیشی. 

کێشەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا کێشەی خاوەندارێتی ژنە لە کۆمەڵگەکەدا، بۆیە هەموو کردار و ڕەفتاری ژن هی خۆی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ هی پیاوی ناو خێزانەکەیەتی، تا کچە هی باوکە لە نەمانی باوکدا برا گەورە ئەو ئەرکە دەبینێت، لە نەبوونی برای گەورەدا مام، پاشان عەشیرەت و گەورەی خێڵەکە، کە شوو دەکات ڕاستەوخۆ مێرد خاوەنی ژنەکەیە، لەڕێگەی مێردەکەیشەوە شووبرا و خەزوور و نێرینەی ماڵی مێردەکەی خاوەندارێتی ژنەکە لەئەستۆ دەگرن. 

لە ڕوودانی هەر هەڵەیەک لەم ژنەدا، هەموو ئەو پیاوانە دەبێت باجی ئەو شەرمەزارییە بدەن و ئەوان بەرپرسن، ئەوەیشی ئەمە تۆخ دەکاتەوە کۆنەستی کۆمەڵگەی کوردییە، کە پڕە لە عەیبە و بکە و مەکە و بەپێی خەیاڵدانی ئەو کۆنەستە کوردەوارییە، عەیبەی ژنەکە بۆ هەموو خێڵەکەیە، بەڵام خەتا و عەیبەی پیاو تەنیا بۆ خۆیەتی و خۆی لێی بەرپرسە، هەڵبەت پیاوانی ئاینیش ئەمە زیاتر تۆخ دەکەنەوە و ئیش لەسەر ئەوە ناکەن کە ژن وەک چۆن لە قیامەتدا تەنیا خۆی بەرپرسە لەوەی جەهەنەمییە یان بەهەشتی، لە دنیاشدا ئەو مافەی پێ بدەن کە هەموو چاکە و خراپەیەک پێوەستە بە خۆیەوە، بەڵام عەقڵیەتی خەڵکی و پیاوسالاری کورد ڕێگە بە خۆی نادات دەست لە خاوەندارێتی ژن هەڵبگرێت، تا ئەوەی جار هەبووە تەڵاقیشی داوە، بەڵام هەر بەدوایەوە بووە کە چی دەکات و چی ناکات. 

یەکێک لەو دیدە سەیرانەی ئەم هێزە بە پاڵپشتی هێزە ئاینییە کولتوورییەکە لە مەسەلەی کوشتنی ژندا پێڕەوی دەكات، ئەوەیە خێرا دەستی تۆمەت بۆ ڕێکخراوی ژنان و نووسەر و ڕۆشنبیران درێژ دەکەن و پێیان وایە ئەوان هۆکاری بە کوشتددانی ژنانن. هۆکاری بە کوشتدان لەناو دوو کەوانەدا جێی لەسەر وەستانە. 

کێشەی ئەم عەقڵە ئەوەیە سەیری ئەوە ناکات و ئەوەی لا پرسیار نییە بۆچی ژن دەبێت بکوژرێت؟ بەڵکو زۆر بە شانازییەوە دەڵێت ئەوەی ژنان بە کوشت دەدات، ڕێکخراوی ژنانن و ئەوان هانی دەدەن یاخی بن لە برا و باوک، بۆیە دەکوژرێن. 
واتە کوشتنەکە وەک ئەوەی یاساییەکی موقەدەس و نەگۆڕ بێت و هیچ کێشەی تێدا نییە و ئەوە جێی پرسیار نییە، ئەوەی ناجۆر و نائاساییە لەم عەقڵەدا ئەوەیە بۆچی شوێن ڕێکخراوی ژنان دەکەوێت و پشت دەکاتە کۆمەڵگەکەی؟. واتە کوشتنەکە جێی هەڵوەستە نییە و هەر دەبێت بکوژرێت، ئەمە دیدە ترسناکەكەیە.
بکوژیش گەورەکراوی ئەم بیرەیە، چونکە بکوژ خۆی بەکار دەهێنرێت و نازانین ئایا ئەوە خۆیەتی دەکوژێت یان کۆمەڵگەکەی؟ ئەگەرچی ئێمە ئامارمان لەبەردەست نییە کە ئایا ئەوانەی ژنی خۆیان یان خوشکی خۆیان کوشتووە، ئایا دواتر لەڕووی ویژدانییەوە چییان لێ بەسەرهاتووە؟ ئاخۆ ئارام و ئاسوودەن؟ یان پەشیمان بوونەتەوە؟. 
من دڵنیام لەوەی هەموویان پەشیمانن و لە عەزابێکی دەروونی گەورەدا دەژین، بەڵام لەبەر پاڵپشتە کولتوورییەکە و ڕەوایەتیدان پێی، ناوێرن گوێ لە ناخی خۆیان بگرن، هەرچەندە زۆرجار دژوەستانەوە لە بەرانبەر ڕێکخراوی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، پێوەندی بە کوشتنەکەوە نییە، بەڵکو ڕقێکی کۆن و لەمێژینەیە و بەم ڕووداوانە، هێزە کۆمەڵایەتییەکە حەقی خۆیان لێ دەکاتەوە، ئەویش بە چەند هۆکارێک:

-ئەو ڕێکخراوانە بەشێکی زۆریان سەربەخۆ نین و پاشکۆی حزب و گرووپی ترن و بەو ئاڕاستەیە دەجووڵێنەوە ئیش لەسەر شاردنەوەی هەندێک دۆسیە دەکەن، لەپێناو ناشریننەبوونی ڕووی حزبەكەیان.
- ئەو کەسانەی لەم ڕێکخراوانە کار دەکەن، کەسانێکی ئاسایی و سروشتی نین لە دیدی کۆمەڵگەدا، کە زۆربەیان بێوەژن و بە جۆرێک برینداری دەستی کۆمەڵگەکەن و بە ڕقەوە دژی کۆمەڵگە و پیاو کار دەکەن.
- ئەوە جگە لەوەی بەرپرس و کارمەندانی ئەو ڕێکخراوانە، بە مووچە و پارەی گەورە لەسەر ئەم کێشەیە نان دەخۆن، بۆیە هێزە کولتوورییەکە نایبینێت بەدیلێکی جوان و باش بوونی هەبێت و هەمیشە دژی دەوەستێتەوە و لە بارێکیشدا کە ژنێک دەکوژرێت، کەم و زۆر پێوەندی بەوانیشەوە نەبێت، هەر دەیخەنە ئەستۆی ئەوان و ڕقی کۆنی پێ دەڕێژن.

4- دیدگای هێزە ڕۆشنبیرییەکە بۆ ژنکوژی
هەرچی هێزە ڕۆشنبرییەكەیە ئاین و كۆمەڵگە بە هۆی كوشتنی ژن دەزانێت و پێیان وایە هەم سیستمە كۆمەڵایەتییەكە، هەم ئاینییەكە پاڵپشت و هۆكارن بۆ ئەوەی هەر ژنێكی یاخی لە كۆمەڵگە، دەبێت بكوژرێت. ڕاستییەكەی كوشتن وەك تاوانێك و كارێكی قێزەون و ترسناك، لە هەموو بارێكدا بۆ ژن مایەی ڕسواكردن و لۆمەكردنە، بەڵام ئەوەی كێشەی گوتاری ڕۆشنبیری كوردییە، ئەوەیە ئایا چۆن ژن ئاڕاستە دەكات؟ بۆ كوێی ئاڕاستە دەكات؟

ئێمە دەزانین ئەوان هانی ژنێكی یاخی دەدەن هەموو نۆڕمە كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان ببەزێنێت و خۆی بێت، بەڵام ئەم گوتارە هێشتا ڕۆشن نییە و نازانین ئەو جیهانە ئازاد و یاخییە بۆ كوێیە و بۆ چییە؟ 
خاڵێكی تر ئەوەیە گوتاری ڕۆشنبیری ئێمە بۆ ژن ڕووی لەو ژنانەیە كە نە بە خوێن نە بە عەشیرەت سەربە عەشیرەت و خوێنی ڕۆشنبیرەكە نین، بەڵكو ڕووی لەو ژنانەیە كە نەناس و لەڕووی خزمایەتییەوە دوورن لەو. چونكە ئەو ئازادییە بە ڕەوا نازانن بۆ كچ و ژن و خزمەكانی خۆیان، كاتێكیش ژنان هان دەدەن بۆ ئازادبوون، بۆ ئەوەیە وەك هاوڕێ و عەشیق و دۆست لەگەڵی بن. ڕێكخراوی ژنان و فێمێنیستەكانی كۆمەڵگەی كوردی زۆر باش ئاگەداری ئەم یارییەن.

بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە كە هیچ یەك لەو ڕۆشنبیر و نووسەرانە ئامادە نین لەگەڵ ژنێكی ئازاددا هاوسەرگیری بكەن، چونكە كەسێتی ڕۆشنبیری ئێمە وەك پیاوە ئاینییەكە هەڵگری هەمان پەیكەری ڕۆحی نەتەوەكەیە و لە لۆمەی كۆمەڵگەكە دەترسێت. واتە تا ئەو جێیەی لەو دوورە كێشەی نییە ژن ئازاد بێت، بەڵام كاتێك دەرگەی خۆی دەگرێت، ئەوە ئیتر لەگەڵی نییە و بە تەنیا جێی دەهێڵێت.

نەك هەر ئەمە، هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی كەم و زۆر سەركۆنەی بكوژ دەكەن و بە توندی ڕووبەرووی دەبنەوە، كاتێك ئەو ژنە ژنی ئەو بێت یان كچی یان خوشكی بێت، وەك هەمان پیاوی ناو كولتوورەكە بیر دەكاتەوە. خۆئەگەر نەیشبێتە بكوژ، ئەوا كەسێتی ژنەكە تیرۆر دەكات و بە هەزاران ڕێگە لە ڕۆحی ژنەكە دەدات. چونكە گوتاری ڕۆشنبیری ئێمە ئایدۆلۆجییە و ڕۆ نەچووەتە ناو كەسێتی و دنیابینی ڕۆشنبیرەكەوە، جا چ جای خوێنەر و كۆمەڵگە. 
نموونەی ئەو ڕۆشنبیرانەیشمان زۆرن، كاتێك قبووڵی ئازادی یەكتریان نەكردووە و جیابوونەتەوە، ئەمە كارێكی ئاساییە، ئەوەی نائاساییە ئەوەیە دواتر دەكەونە وێزەی یەكتر و كەسێتی یەكتر تیرۆر دەكەن.

یەكێكی تر لەو كێشانەی هێزە كۆمەڵایەتییەكە ڕووبەڕووی گوتاری ڕۆشنبیری دەكاتەوە، ئەوەیە بۆ ژن بە كوشتن دەدات؟ پێشتر سەیر و سەمەرەی ئەم گوتارەی كۆمەڵگەم ڕوون كردەوە. بەڵام ئەوەی چاوی ڕۆشنبیری ئێمە نایبینێت، ئەوەیە باش دەزانێت سیستمە كۆمەڵایەتییەكە ژنی یاخی قبووڵ ناكات. لەولایشەوە ژنان ئاڕاستەی ئەو سیستمە دەكات، لە كاتێكدا ئەم هەنگاوە دەبێت دوولایەنە بێت. واتە دەبێت هەم زەوینەیەك بخوڵقێنێت و پانتاییەك ئامادە بكات بۆ ئەوەی ژن پێگەی هەبێت. هاوتەریب بەمە، ئینجا ئیش لەسەر ڕۆشنبیریی و ئازادی ژن بكات. 

بەڵام ڕۆشنبیری ئێمە تەنیا هانی ژن دەدات، ئەویش حەماس و هەڵچوونە نەك تێگەیشتن و بیركردنەوەی قووڵ، بۆیە حیكایەتی ژن لە كۆمەلگەی كوردیدا، حیكایەتی كۆترێكی ڕاهێنراوە بۆ فرین، بەڵام ئاسمانی بۆ فرینەكە نییە. 
دیسان حیكایەتی ژن كۆترێكی باڵنەخشینە كە رۆژانە ئەوەندە خۆی دەكێشێت بە قەفەزی كۆمەڵگەدا، تا دەمرێت. هەر كاتێكیش لە قەفەزەكە دێتە دەر تەنیاییە و كەسی لەگەڵدا نییە، بۆیە لەجێی ئەوەی كوژراو تەنیا نەبێت و هەموو كۆمەڵگەی لەگەڵ بێت، بە پێچەوانەوە بكوژی ژن تەنیا نییە و زۆرینە لەگەڵی هاوسۆزن.