چەپاندنە سێکسییەکان و بەهای ژن لە كۆمەڵگەی كوردیدا

AM:11:41:26/07/2022 ‌
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا چەپاندنی سێکسی زۆر بێت، بەهای ژن بەرز دەبێتەوە، بەڵام چ بەهایەک و چۆن؟ ئەگەر ئێمە لە جۆرەکانی بەها بنۆڕین، دەبینین بەهای توانا مرۆییەکان و بەهای کۆمەڵایەتی و بەهای بایەلۆجی و کۆمەڵێک بەهای جودا جودا هەن، ئەو بەهایەی بە چەپاندنە سێکسییەکانەوە بەندە، بریتییە لە بەهایەکی سێکسی و جەستەیی. واتە ژن لەو سیستمە داخراوەدا بەهایەکی بەرزی دەبێت، بەڵام بەهاکە بایەلۆجییە، نەک ئەوەی لەسەر بنەمای توانا و مانا بێت.

کۆمەڵگەی کوردی وەک کۆمەڵگەیەکی داخراو و سیستمێک کە سێکسی تێیدا یاساغ و بڤەیە، ئەوەی پێی دەوترێت ژن، واتە جەستە و لەشێکی چێژبەخش، بۆیە پیاو کە بەردەوام لە حاڵەتی چەپاندندایە، بیەوێت یان نا، دەکەوێتە ناو وێناکردنی ژنێکەوە کە مایەی چێژ و بابەتێکە بۆ سێکس. 

لەناو ئەم سیستمە چەپێنراوەدا ماناکانی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی و هاوسەرگیری و هاوپۆلی و هاوکاری، هەمووی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ناتوانن وەک خۆیان دەربکەون، بەڵکو دەبنە فۆڕمێک بۆ شاردنەوەی ئەو حەزە سێکسییەی پیاو ئاڕاستەی جەستەی ژنی دەکات.

هەموو بەهایەکی ژن لەم سیستمەدا سێکسی و پۆڕنۆگرافییە، بەمەیش تەنیا ئەو ژنانە دەتوانن بچنە پێش و دەستیان لە پارە و سامان و پلەوپایە گیر بێت، کە جەستەی هاوکار بێت بۆ تێرکردنی حەزە سێکسییەکانی پیاو. بۆیە تەنانەت بوون بە بەڕێوەبەر و پلەی تریش ....تاد هەموو دەچنە ژێر پرسیارەوە، ئایا ئەوە توانای ژنەکەیە لەو شوێنەدا یان جەستەیەتی لەوێ بوونی هەیە.

وەنەبێت ژن ئاگاداری ئەم حەزەی پیاو نەبێت و ڕۆژانە نەکەوێتە بەر نەشتەری چاوی برسی و نیەتی نێرانەی پیاو، بۆیە بەردەوام لە حاڵەتی بەرگری و خۆشاردنەوەدایە، ئەمە بەشە جەهەندەمییەکەی کۆمەڵگەی کوردییە بۆ ژن و بە تایبەت ئەوانەی بە شوێن ئەوەوەن کە بەهۆی توانا و لێهاتووی خۆیانەوە بێنە ناو کێبەرکێی ژیانەوە.

لایەنە بەهەشتییەکەی ئەم جۆرە کۆمەڵگانە بۆ ژن ئەوەیە، کە ژن تەمەڵ دەکات و ئیتر باش لەوە تێدەگات پێویستی بە توانا و لێهاتوویی و ماندووبوون نییە، بەڵکو تەنیا و تەنیا پێویستی بە جەستەیەکی پۆڕنۆگرافی چێژبەخشە.  بۆ ئەم مەبەستە ئامادەیە هەموو ڕۆژێك خۆی بخاتە بەر نەشتەری چەقۆی نەشتەرگەری و بۆتۆکس و کیراتۆن و فیلەر و دەرهێنانی چەوری سگ و لێزەر و دەیان هۆکاری دیکەی یەکسانکردنەوەی جەستەی خۆی، بە جەستەی ئەکتەرە پۆڕنۆگرافییەکان و ئەوانەی دەتوانن حەزی پیاوان تێر بکەن.

واتە جەستەیەکی یۆتۆپی دروست دەکەن کە کەم و زۆر جەستەیەکە بۆ ئەوانیتر، نەک بۆ خۆی، چونکە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە جەستەی خۆیدا دەیكات، زۆرینەی لە ڕووی پزیشکییەوە زیانبەخشن، بەڵام خەمی ژن ئەوە نییە تا چەند ئەو جەستەیە تەندروستە بۆ خۆی، بەڵکو خەمی ئەو دروستکردنی جەستەیەکە کە ئەویتر پێی جوان و پەسند و بەرچاوە. 

لەناو ئەم سیستمە چەپێنراوەدا، ئەوەی بۆ ژن ماوەتەوە تەنیا جەستەکەیەتی و ئیتر شتێکی تری نییە تا پێوەی خەریک بێت، بۆیە هەموو فۆکسی ژنیش چووەتە سەر جەستەی و هەموو ئاگایی بەلای ئەوەدا شکاوەتەوە کە وریای جەستە یۆتۆپییەکەی بێت و لە بەین نەچێت. تەنانەت ئەو ژنانەیشی بەهۆی توانایانەوە گەیشتوونەتە پارە و دەسەڵات، یەکەمین کارێک کە خەمی لێدەخۆن، ئەوەیە چۆن گۆڕانکاری لە جەستەی خۆیاندا بكەن.

ئەوەیش ڕوونە هەموو ئەم پرۆسەیە بە بابەتکردن و بەشتکردنی ژنە، کاڵایەکە بۆ چێژ و خۆشی.  ئەگەر ئاوڕێک لە کۆمەڵگەی کوردی بدەینەوە، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە ژنانی ئێمە ئەگەر فریای جەستەی خۆیان نەکەون، ئیتر بێ کار و بێ مێرد و بێ دۆست و بێ ...دەمێننەوە. چونکە چەپاندنەکەی پیاوی کوردی هێندە بەهێزە، توانای ئەوەی نییە ئاوڕ لە ڕۆحی ژن بداتەوە و بە شوێن ئەوەدا بگەڕێت کە ئایا چی لە توانای ژندایە. بۆیە کەسمان ناوی 10 پزیشکی ژنمان لە یاد نییه کە ڕۆحی هەزاران ژن و منداڵیان ڕزگار کردووە، بەجێی ئەوەی دەتوانین ناوی دەیان مۆدێل و شاجوان ئەزبەر بکەین و ڕۆژانە چاودێری فەیس و سناپ و ئینستاكانیان بکەین.
ڕاگەیاندیش درێغی نەکردووە لە ناساندن و بە پاڵەوانکردنی ئەو ژنانەی جەستەیەکی خۆشیان هەیە بۆ سەیرکردن و سێکس و ...تاد چونکە نابینین ئەو ژنانە پێشان بدەن کە بە توانای خۆیان خزمەتی گشتی دەکەن. ئەمەش بۆ کۆمەڵگەیەکی چەپێنراوی نێرسالاری وەک کۆمەڵگەی کوردی، چتێکی ئاساییە و سیستمەکە ژنێکی قبووڵە وەک بەڕەڵا و خۆش دەست و دۆخێنشل، تا ئەو کاتەی دۆست و عەشیقی پیاوە، بەڵام کاتێک دەبێتە خوشک و ژن و دایک و نزیکی، ئیتر دەبێت پاکیزە و بەرماڵی بەسەر ئاودا بڕوات.

ژنانی ناو ئەم کۆمەڵگەیە تووشی حاڵەتی بە کەڵەگابوون دەبن و پێیان وایە دەبێت پیاو لێی بپاڕێتەوە و نازی هەڵبگرێت و ئادی بۆ بنێرێت و ...تاد، واتە هەمیشە چاوەڕێی ئەوەن پیاوێک بێت و بەهەشتێکی ئامادە بخاتە بەردەمی، چونکە ئەو باش لەو برینە سێکسییەی پیاو ئاگادارە و باش دەزانێت چۆن پێوەی دەناڵێنێت. بۆیە قاچ لەسەر قاچ دادەنێت و بە کەیفی خۆی عاشق و داخوازیکەرەکانی ڕەت دەکاتەوە و یارییان پێ دەکات. ه

ەڵبەت ئەم جۆرە ژنانە، تا ئەو کاتەی ناکەونە بەردەم پیاوێکی جیاواز، کە سەیری جەستەی نەکات، وەک شازادە و کەڵەگایەک هەڵسوکەوت دەکەن، بەڵام کاتێک ڕووبەڕووی پیاوێکی جیاواز دەبنەوە، ئیتر دەبنە فیلم و بێ بەها دەمێننەوە. 

لەو کۆمەڵگانەی چەپاندنەکە زۆر توندە، حاڵەتی بارگۆڕین و لادانی سێکسی ڕوو دەدات، بە جۆرێک ئیتر پیاو دەست لە ژن بەر دەدات و بە شوێن ئەو پیاوانەدا وێڵە کە لوسکە و ژنانی و ترانسن. بۆ نموونە، لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئەفغانستان زۆربەی جار لە ئاهەنگی شەوانە و کەیف و خۆشیدا، ئەو کوڕانەی ترانسن یان لوسکە و ژنایین، لەجێی ژن دەڕەقسن و کۆڕەکە گەرم دەکەن، بە جۆرێک ئەمە دەرکەوتەی نێربازی و لادانێكی سێکسیی تۆقێنەرە بۆ کۆمەڵگە، یان زۆرجار لەو زیندانیانەی ماوەیەکی زۆر ژن نابینن. ئیتر لادانە سێکسییەکە زۆر خراپ ڕوو دەدات و نێربازی لێ دەکەوێتەوە.

ئەگەر بەم بارەدا لە بەهای ژن بنۆڕین، دەبینین لە وڵاتێکی وەک ئەفغانستاندا کچفرۆشتن دیارەدەیەکی باوە، لە کاتێکدا تا سەر ئێسقان مسوڵمان و خۆپارێزە. واتە بیروڕا ئاینیەکەیش ناتوانێت ئەو بەها سێکسییە بگۆڕێت بۆ بەهای مرۆڤبوون، ئاخر جێی سەرسوڕمانە کچەکان لەو سیستمە داخراوە ئاینییەدا بفرۆشرێن و بەهاکەیشیان تەواو بەهایەکی سێکسی و پۆڕۆنگرافییە. هەموو ئەمانەیش بەڵگەی ئەوەن کە غەریزەی سێکسی پیاو بە هەر نرخێک بێت، دەرچەیەک بۆ دامرکاندنەوەی خۆی دەدۆزێتەوە. هەروەک زەواجی مسیار و سیغە و سپی و ...تاد، کە هەموو ئەمانە دڵخوازی ژن نین و داهێنانی پیاون.

لەناو ئەم سیستمە چەپێنراوەدا، هەموو پرۆسەیەکی هاوسەرگیری خاوەن کێشەی خۆیەتی، چونکە پیاوێکی وا کە ساڵانێکە چەپێراوە و بریندارە، تاکە ڕێگەی دروست و شیاو، بریتییە لە هاوسەرگیری، بۆیە پیاوەکە هەموو ئومێد و برینە سێکسییەکانی خۆی ئاڕاستەی ژنەکەی دەکات. تا ئێرە هیچ کێشەیەک لە پرۆسەکەدا نییە و پیاو مافی خۆیەتی ئەو ئومێدە لە ژنەکەی خۆی چاوەڕوان بکات. 

بەڵام ئێمە ڕووبەڕووی ژنێک دەبینەوە کە ئەویش خەفە بووە و تەنانەت لە سێکسی پیاوەکەی خۆیشی دەترسێت و پێی وایە ئەمە گوناح و بڤەیە، چونکە ڕێگرە سایکۆلۆجی و کولتووریەکان لە دەروونیدا هەموو پیاوێکی ڕەتکردووەتەوە، بۆیە هەم پیاوەکە هەم ژنەکە، دەکەونە ناو تەنگەژەیەکی دەروونی قووڵەوە، بە جۆرێک بۆ پیاوەکە دەبێتە عەزاب، چونکە ژنەکەی لە ئاستی چاوەڕوانی ئەودا نییە و ناتوانێت بەردڵی سێکسی پیاوەکەی بێت، بۆ ژنەکەیش کاتێک ئەوە دەبینێت پیاوەکەی تەنیا جەستەی ئەوی دەوێت، تووشی ڕقێکی گەورە دەبێت و پیاوەکەی وەک وەحش و دڕەندە دێتە بەرچاو، بۆیە بە پرۆسەی هاوسەرگیری کێشەی سێکسی پیاوەکە چارەسەر نەبووە و لەولایشەوە ژنەکە نەگەیشتە ئەو سوارچاکەی لە باوەشی بکات و سۆز و خۆشەویستی بۆ دەرببڕێت.

 
لێرەوە جارێکی تر لادان ڕوو دەدات، هەم پیاوەکە بە شوێن جێگرەوەی سێکسیی تردا دەگەڕێت، جا ژنی دووەمە یان سێکسی ناشەرعیی، هەم ژنەکە بە شوێن شوێنگرەوەی سۆزدارانەی دیکەدا دەگەڕێت وەک عەشیق و پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ پیاوی تردا.

ئەگەرچی هەموو پێوەندییەکی سۆزداری ناو کۆمەڵگەی کوردی هەر دەکەوێتەوە بەر نەشتەری برینە سێکسییەکان، هەروەک ئەو گوتە باوەی دەڵێت: پیاو خۆشەویستی دەبەخشێتە ژن بۆ ئەوەی سێکسی دەست بکەوێت، ژنیش سێکس دەداتە پیاو بۆ ئەوەی خۆشەویستی و سۆزی دەست بکەوێت. بەڵام ئیتر فێڵێکی سایکۆلۆجییە بۆ بەڕێکردن و بەرگەگرتنی سەختییەکانی پرۆسەی هاوسەریی و ژیان خۆیشی.
لەم بەستێنەدا کۆمەڵێک تایپی ژن لەدایک دەبن، کۆمەڵەی یەکەم: ژنە تەمەڵەکانن، ئەوانەی ئیتر خۆیان بە توانا و بڕوانامە و کارەوە ماندوو ناکەن و لە ڕێی جەستە یۆتۆپییەکانانەوە بەناوی مۆدێل و شاجوان و هاوەڵی شاجوان و مەیکەپ ئاڕتیست و کلیپگێڕ و ...تاد، لانی کەم دەتوانن بژین و خۆئەگەر لە ژێریشەوە سەرچیغ بڕۆن، زۆرباش دەژین و لە ماوەیەکی کەمدا سامانێکی زۆر کۆ دەکەنەوە، ئیتر بۆچی بخوێنن و پەرە بە توانای عەقڵی و ڕۆحی بدەن.

تایپێکی تر ئەوانەن كە پەراوێز دەخرێن و نابینرێن، لە کاتێکدا خاوەن توانا و بەهرەی تایبەتن، هەم لە داودەزگا پەراوێزن، هەم لە دەستکەوتنی هەلی کار، چونکە سیستمە نێرسالارەکە سەری خۆی بە ناشرین و ئەوانە ناهێشێنێت، کە خۆشدەست نین. 
تایپێکی دیکە ژنە چالاک و فێمێنیست و نووسەرانن، هەموویان لە وێدا کۆکن دژی ئەو سیستمە نێرسالارە دەنگ هەڵدەبڕن و بجەنگن، جەستەی ئەم تایپە وەک ڕقێک بۆ ژنەکانی تایپی یەکەم، زیاتر جەستەیەکی نێرانەیە. واتە شێوازی قژ و جلوبەرگیان دادەماڵن لە ناسکی و ناز و مەکر و زیاتر پیاوانە دەپۆشن و جووڵە دەکەن. 

دیارە ئەمە هەم ڕقە بەرانبەر بە پیاو، هەم ڕق و خۆجیاکردنەوەیە لەوانەی جەستەی خۆیان دەخەنە ڕوو، لە جێی پێشاندانی توانا و بەهرەیان. لەناو ئەمانەیشدا ئەگەر ڕێک بکەوێت، یەکیان تۆزێ ژنانە بجووڵێتەوە و گرنگی بە جەستەی خۆی بدات، شانسی ناسین و چوونە پێشەوەی زیاترە، بەراورد بەوانەی ئەم کارە ناکەن.

هەروەک زۆرجار سەیر دەکەیت ژنە نووسەرێک زۆرباش دەردەکەوێت و دەخوێنرێتەوە، بەڵام ئەمە پێوەندی بە دەق و ئاستی نووسینییەوە نییە، بەڵکو پێوەستە بە جۆری جەستە و چۆنییەتی یاریکردنی لەناو سیستمە داخراو و نێرسالارەکەدا، کە تا ئاستێك خۆش و باش دەژیی.
هەموو ئەم فاکتەرانە باوەڕێکی خراپی بۆ ژن دروست کردووە، بە جۆرێک هەر پیاوێک ئادی بۆ نارد، ئەوە دەیەوێت دڵداری لە تەکدا بکات، هەر کەسێک نامەیەکی نارد، ئەوە دیارە دەیەوێت بیکەپڵێنێت و هەر پیاوێک نزیک بووەوە، ئیتر ئەمە ڕاوچییە و هاتووە بۆ ڕاو.
ئەگەرچی زۆرینەی ئەو گومان و ترسانە لە جێی خۆیدان، بەڵام ئەمە بۆ هەموو کەس و هەموو بارودۆخێک لە جێی خۆیدا نییە.