لە ئێران حوكمی سێدارە بۆ ئەو رۆژنامەنووسە دەرچوو كە لە عێراق گیرا

:: PM:03:06:30/06/2020 ‌
دوای چەندان مانگ لە دادگاییكردن، دواجار دادگاكانی ئێران حوكمیان بەسەر رۆژنامەنووسێكی ئێرانیدا سەپاند كە لە عێراق گیرابوو یان رفێنرابوو.

غومالحوسێن ئیسماعیلی گوتەبێژی دەزگای دادوەری ئێران ئەمڕۆ سێشەم بە فەرمی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر روحوڵا زەم دامەزرێنەری ماڵپەڕ و كەناڵی تێلێگرامی "ئامەدنیوز"ی راگەیاند.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی دەزگای دادوەری ئێران، روحوڵا زەم بە تاوانی بڵاوكردنەوەی بەدڕەوشتی لەسەر زەوی لە سێدارە دراوە كە لە یاسای ئێران ئەم تاوانە بە "فساد فی ‌الارض" ناسراوە.

یەكێكی تر لەو تۆمەتانەی خرابووە پاڵ ئەو رۆژنامەنووسە، سیخوڕیكردن بوو بۆ فڕەنسا و ئیسرائیل. سزاكە سزای كۆتایی نییە و ئەگەر تاوانبارەكە سكاڵا تۆمار بكات، ئەوا دۆسیەكەی بۆ دادگای باڵای ئێران دەگەڕێنرێتەوە.
روحوڵا زەم سەرجەم تۆمەتەكانی رەت كردووەتەوە

بەگوێرەی رادیۆفەردا، لە میانەی خۆپێشاندانەكانی سێ ساڵ لەمەوبەری ئێران، روحوڵا لە رێی ماڵپەڕەكەی رۆڵێكی كاریگەری بینی. روحوڵا زەم سەرجەم تۆمەتەكانی رەت كردووەتەوە و گوتوویەتی خەریكی كاری رۆژنامەنووسی بووە.

پێویستە بگوترێ روحوڵا زەم كاتێك هاتووەتە عێراق گیراوە. هەندێك سەرچاوە دەڵێن تیمێكی سوپای پاسداران هەر لە فڕۆكەخانەی بەغدا دوای گەیشتنی زەم بۆ فڕۆكەخانەكە گرتوویانە و بردوویانەتە ئێران، هەندێكی تریش دەڵێن عێراق ئەو رۆژنامەنووسەی رادەستی ئێران كردووەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان