یەكێتی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام دەدات

:: PM:01:05:28/07/2018 ‌
بەرپرسێكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ڕای گەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنەكە كۆ دەبێتەوە و بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ناوی كاندیدان دەدات.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لەتیف نێڕۆیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی ناوەندەكەیان گوتی، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لە ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بەڕێوە دەچێت.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەڵسەنگاندن بۆ كاندیدان دەكرێت كە كێ‌ بە شایستە دەزانرێت و بڕیاری كۆتایی لەسەر كاندیدەكان دەدرێت.

ئاماژەی دا، هەرچەندە ماوەكە زۆر كەمە ئەمڕۆ بۆ یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدانی یەكێتی بۆ پەرلەمانی كوردستان، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین ئەمڕۆ ناوەكان یەكلا بكرێتەوە.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.



وشە - رامیار جەواد