بە بیانووی دواکەوتنی مووچە سەرکەوتنی پزیشکان دەشاردرێتەوە

:: AM:11:24:27/04/2020 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پزیشكانی خولاو دەڵێ، وەرگرتنی مووچە مافی هەموو مووچەخۆرێكە، بەڵام پێویستە پزیشكان بزانن بۆ مەرامی سیاسی بەكار نەهێنرێن.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، زانا هۆشیار ئەندامی ئەنجوومەنی پزیشكانی خولاو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەرگرتنی مووچە مافی هەموو مووچەخۆرێكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام پێویستە راستییەكانیش لەبەرچاو بگیرێن.

هەوڵێكی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی ماندووبوونی پزیشكان لە جەنگی كۆرۆنا لەبیر ببرێتەوە 
ئەو پزیشكە گوتی، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەست بەوە كراوە هەوڵێكی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی ماندووبوونی پزیشكان لە جەنگی كۆرۆنا لەبیر ببرێتەوە و بە بابەتی تر سەرقاڵ بكرێن.

ڕوونی كردەوە، بۆ داواكاریی پزیشكان ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی قسەمان كردووە، بۆیە پێویستە پزیشكان سەنگەرەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا چۆڵ نەكەن و ئەو سەركەوتنە لەبار نەبرێت بۆ بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسی.

باسی لەوەش كرد، هەرێمی كوردستان ئێستە لە سەركەوتنی كۆتا نزیك بووەتەوە و كێشەی مووچەش كاتییە و هەر چارە دەبێت، هەروەها ئێستە پزیشكان گەڕاونەتەوە بۆ ناو نۆرینگەكان و دەتوانن داهاتی ڕۆژانەیان پەیدا بكەن ئەگەر مووچەش نەبێت.




وشە - رامیار جەواد