ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی حكوومەت و سەرۆك فراكسیۆنەكان ئاشكرا كرا

:: PM:02:44:27/04/2020 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ناكرێ قووتی خەڵك بكرێتە قوربانی ململانێی سیاسییەكان، بۆیە داوای چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان دەكەین.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دەكرێ بۆ سەرجەم كێشەكان گفتوگۆ بكرێت، بەڵام ناكرێت قووتی خەڵك بكرێتە ململانێی سیاسی، بۆیە پێویستە چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بكرێت.

خەڵكی هەرێمی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان داواكاری یاسایین
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، بۆ پرسی نەوت ئێمە پێمان وایە پێویستە ئەو ڕێككەوتنە بچێتە بواری جێبەجێكردن و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان داواكاری یاسایین.

ڕوونی كردەوە، پێشنیار دەكەین دەركردنی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 كە سەرجەم ماف و ئیمتیازەكانی باس كراون، هەروەها ناكرێت مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بكرێتە قوربانی.

چەند رۆژێكە بەغدا بڕیاری راگرتنی ئەو نیوه مووچەیەی داوە كە مانگانە بە كوردستانی دەدا، ئەوە لە كاتێكدا لە یاسای بودجەی 2019 ئەوە جێگیر كراوە كە مووچەی كوردستان نەبەسترێتەوە بە هیچ كێشەیەكی سیاسییەوە، ئەمەیش یەكەمجار نییە و لە شوباتی 2014 بۆ ماوەی چوار ساڵ كۆی بودجەكەیان بڕی و بەردەوام بۆ سزادانی گەلی كوردستان مووچە وەك كارتی سیاسیی و نەتەوەیی دژی كورد بەكار دێنن، بەڵام ئەوەی زۆر جێی نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردن لە بەغدا لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، كە لەو دۆخەدا خۆشحاڵ دەردەكەون بە بڕینی مووچەی فەرانبەران.


وشە - رامیار جەواد