جەمال كۆچەر: بەغدا بەڵێنی داوە پارەی ئەم مانگە بۆ مووچە بنێرێت

:: PM:03:36:27/04/2020 ‌
ئەندامێكی بەشداربووی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حكوومەت و نوێنەرانی كورد لە بەغدا ئاشكرای دەكات، بەرپرسانی حكوومەت پێیان ڕاگەیاندین كە شاندێك دروست دەكرێت بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا.

بڕیارە نووسراوێك بۆ عادل عەبدولمەهدی بكرێت و پارەكە بنێرن
ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسان، جەمال كۆچەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیان، بۆ مووچەی ئەم مانگە ڕێككەوتن كراوە بڕیارە نووسراوێك بۆ عادل عەبدولمەهدی بكرێت و پارەكە بنێرن.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، بەرپرسانی حكوومەت پێیان ڕاگەیاندین كە بەڵێنیان پێ دراوە ئەو نووسراوەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەت بكرێتەوە و كاری پێ نەكرێت كە بۆ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەركرابوو.

باسی لەوەش كرد، لە كۆبوونەوەكەدا پێیان ڕاگەیاندین لیژنەیەك پێك دێت بۆ ئەوەی بۆ مانگەكانی تر كێشە دروست نەبێت و لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێككەوتن و كێشەی ناردنی مووچە بەكۆتا بێت.

چەند رۆژێكە بەغدا بڕیاری راگرتنی ئەو نیوه مووچەیەی داوە كە مانگانە بە كوردستانی دەدا، ئەوە لە كاتێكدا لە یاسای بودجەی 2019دا ئەوە جێگیر كراوە كە مووچەی كوردستان نەبەسترێتەوە بە هیچ كێشەیەكی سیاسییەوە، ئەمەیش یەكەمجار نییە و لە شوباتی 2014 بۆ ماوەی چوار ساڵ كۆی بودجەكەیان بڕی و بەردەوام بۆ سزادانی گەلی كوردستان مووچە وەك كارتی سیاسیی و نەتەوەیی دژی كورد بەكار دێنن، بەڵام ئەوەی زۆر جێی نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردن لە بەغدا لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، لەو دۆخەدا خۆشحاڵ دەردەكەون بە بڕینی مووچەی فەرانبەران.



وشە - رامیار جەواد