مەسروور بارزانی وردەكاریی كێشەكانی کوردستانی لەگەڵ بەغدا خستە ڕوو

:: PM:04:22:27/04/2020 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارەكەدا كە نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق د.ئەدهەم ئیسماعیل ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا.

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستووەتە سەر بڕیاری نایاسایی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حكوومەتی بەغدا و  دووپاتی لەوە كردەوە، كە بڕیارێكی نایاساییە و فشارێكی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان. 

كاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی رێككه‌وتنه‌كان نەبوو
 روونیشی كردەوە كە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی  كوردستان سەردانی بەغدامان كرد و نیازپاكی خۆمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور نیشاندا و چەندان پێشنیاریشمان بۆ چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان خستەڕوو كە سەرەنجام لە كۆتایی ساڵی رابردوو، حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی گەیشتنە لەیەكگەیشتنێكی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم بە جۆرێك كە حكوومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات و حكوومەتی فیدرالیش بڕی 900 نۆسەد ملیۆن دۆلار وەك مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان  بنێرێت، بەڵام بەداخەوە دواتر كاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێكردنی نەبوو .

نابێت حكوومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەكو كارتێكی سیاسی و سزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەكاربهێنێت
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی لەوەش كردەوە كە نابێت حكوومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەكو كارتێكی سیاسی و سزادان لە دژی  هاووڵاتییانی هەرێم بەكاربهێنێت كە ئەمە دژی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمە.

لەبارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیش، سەرۆكی حكوومەت هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دەربڕی لە سەر بنەمای هاوبەشیی و پابەندبوون بە دەستوور .

هاوكات راگەیەنراوەكەی حكوومەت تێیدا نووسراوە، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق ، ستایشی رێكارەكانی خۆپارێزی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی "ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی زۆر سەركەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە".


وشە - سه‌رخێڵ هاشم