شیعە كورد تۆمەتبار دەكات.. بۆچی حكوومەتی عێراق پێكنایەت؟

:: PM:06:57:02/10/2022 ‌

ساڵانێكە هێزە شیعەكان فەرمانڕەوایی عێراق دەكەن، رەنگدانەوی ئەو فەرمانڕەوایەتییەیان زۆر بە جوانی لەسەر دڵ دەروونی عێراقییەكان و دۆخی بژێوی رۆژانە و ئاوەدانی وڵات و خۆشگوزەرانی خەڵكەكە رەنگی داوەتەوە، كەسایەتی و هێزە سیاسییەكانیان لە رێگەی مەزەوەوە سامانی عێراق بۆ خۆیان و وڵاتانی دراوسێ دەبەن، پێڕەوی بیردۆزی پیلانگێڕی و تۆمەتباركردنی بەرانبەرەكەیان بۆ شاردنەوەی ناكۆكی و شكست و خاڵە لاوازەكانیان دەكەن.

لە ماوەی دواییدا دوور لەوەی لەناو ماڵی شیعە لە كێبەركێیەكی تا ئاستی یەكتر سڕینەوە كە روو دەدات، چەندان جار كار گەیشتووەتە تیرۆركردنی ئەندامی یەكتر و شەڕی شەقام و مووشەك و هەڕەشەی لەناوبردنی یەكتر بكەن، هێزە شیعەكان هۆكاری ئەو داخرانە سیاسییەیان خستووەتە ئەستۆی سوننە و كورد، بەوەی لەلایەك هەوڵی ترازان و لاوازكردنی ناو ماڵی شیعە دەدەن، لەلایەكی تر دەیانەوێ حكوومەت پێك نەیەت و بوونەتە بەربەست، لەوانە پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدی سەركۆمار پێك نایەن، ئەوەیش هۆكاری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانە بۆ دیاریكردنی سەركۆمار و راسپاردنی كاندیدی ئەوان بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

وەفا محەمەد كەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، هۆكاری پەككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئەوە نییە كورد كاندیدی سەركۆماری دیاری نەكردووە، بەڵكو بەهۆی بێتوانایی چوارچێوەیە لە سازكردنی دانیشتنێكی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە، چونكە تا ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەندان كێشە و بەربەستی لەپێشە، لەوانە رەوتی سەدر و تشرینییەكان.
تا ئێستە چوارچێوە چاوی لە سەردانی شاندە سێقۆڵییەكەیە بۆ نەجەف
كەریم ئاشكرای كرد كە سەبارەت بە كورد و كاندیدی سەركۆمار، پارتی و یەكێتی وا رێككەوتبوون كە كاندیدێكی هاوبەشیان هەبێت و ئەویش بەرهەم ساڵح نەبێت، بەڵام لە دوای رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، یەكێتی لە بەڵێنەكەی پاشگەز بووەوە و ئێستە سوورن لەسەر بەرهەم ساڵح، ئەوەیش لەلایەن پارتییەوە قبووڵ نەكراوە.

ئەو ئەندامەی پارتی دووپاتی كردەوە كە هەوڵێك هەیە لەلایەن ژمارەیەك هێزی سیاسییەوە، لەوانەیش چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بۆ رازیكردنی یەكێتی بە دیاریكردنی عەبدولەتیف رەشید، وەك كاندیدی هاوبەش، كە كەسێكی نزیكە لە یەكێتی و لە خێزانی فەڕمانڕەوایشە.

لای خۆیەوە عەلی فەتلاوی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، دیاریكردنی وادەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەوەستێتە سەر گەیشتنی كورد بە چارەسەرێك لەبارەی كاندیدی سەركۆمارەوە، بۆیە ناكۆكیی پارتی و یەكێتی بەربەستە لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، هەر ئەوەیش وای كردووە دانیشتنەكانی پەرلەمان دوا بخرێن، ئەوەیش بۆ پێدانی هەلی زیاترە بە كورد بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان و گەیشتن بە چارەسەری لەو بارەوە، بەڵام ناكرێت دۆخەكە بەو شێوە بمێنێتەوە.

لای خۆیەوە توركی عەتەبی، سەركردەیەكی تر لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرای كرد كە چوارچێوە بەنیازە لە بەغدا لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردییەكان كۆ ببێتەوە، كاتێك بڕیارە شاندێكی هێزە كوردییەكان سەردانی بەغدا بكات و سێشەمی داهاتوو لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ دەبنەوە و چەند بابەتێك تاوتوێ دەكەن، لەوانە كاندیدی سەركۆمار.

ئەو سەركردەی چوارچێوە نەیشاردەوە كە تەواوی هێزە سیاسییەكان، لەوانەیش چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەسەر گرنگیی بەشداریكردنی رەوتی سەدر لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رێككەوتوون، بۆیە هەوڵەكانیان بەو ئاراستەیەیە، تا ئێستەیش ئەگەری سەردانی شاندە سێقۆڵییەكەی شیعە و كورد و سوننە بۆ حەنانە لە نەجەف بۆ دیداری موقتەدا سەدر هەیە، كە چاوەڕوانی گڵۆپی سەوز دەكات، بەڵام نەیگوت گڵۆپی سەوزی كێ.  

ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی یارییەكە لە رێگەی یەكێتییەوە دەكات، واتە لەو رێگەوە پەردەپۆشی شكستی چوارچێوە لە سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ راسپاردنی كاندیدی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكات، ئەو لە رێگەی یەكێتییەوە و بە سووربوون لەسەر بەرهەم ساڵح، كێشە لەگەڵ پارتی دروست دەكات و لە میدیاكانیشی وا بڵاو دەكاتەوە كە كورد كێشەیان هەیە و لەسەر كاندیدی سەركۆمار پێكنایەن، بۆیە بواریان پێ دەدەن بۆ رێككەوتن، راستییەكەی لە چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی موقتەدا سەدرن بۆ رازیكردنی بە پێكهێنانی حكوومەتەكەیان، كە بوێریی سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی سەركۆمار و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ناكەن، ئەگینا بۆ یەكێتی جیاوازییەك لە نێوان بەرهەم ساڵح و عەبدولەتیف رەشید نییە و چەندجار بەرپرسانی هەردوو حزب باسی سوپرایز و رێككەوتنی هەردوولایان لەسەر كاندیدی سەركۆمار كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل