ستیفن ترۆیڵ بۆچی كوژرا و كێ كوشتی؟

:: PM:06:01:08/11/2022 ‌

شەوی رابردوو لە ناوەڕاستی بەغدا هاووڵاتییەكی ئەمەریكی بەناوی ستیفن ترۆيڵ /45 ساڵ/، كە مامۆستا بووە و لەگەڵ رێكخراوێكی بواری فریاگوزاری و پەرەپێدان لە عێراق كاری كردووە، لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە كوژرا، دوای رووداوەكە هێزە تەناهییەكانی عێراق هەڵمەتێكی لێكۆڵینەوە و گرتنیان لە ناوچەكە دەست پێ كرد، بەڵام كێ ترۆيڵی كوشت؟

لە بەیانی ئەمڕۆوە تیمەكانی ئاژانسی هەواڵگری عێراق خەریكی لێكۆڵینەوەن لە رووداوەكە، بەتایبەتی لە گەڕەكی كەرادە خاریج لە بەغدا، كە هاووڵاتییە ئەمەریكییەكەی تیادا كوژرا، ئەوان پشكنینیان ئەنجام دا و لێپرسینەوەیان لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە كرد و كامێرای چاودێری ماڵ و دووكانی ناوچەكەیان سەیر كردەوە، شانەی راگەیاندنی تەناهی عێراقی دەڵێت، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی بە وەزیری ناوخۆ كردووە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە دەزگەكانی ئاسایش و هەواڵگری بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان. 

ترۆيڵ كە كارمەندی رێكخراوێكی فریاگوزاری بووە و لەگەڵ ئاژانسی ئەمەریكا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی كاری كردووە، لە ساڵی رابردووەوە لە عێراقە، رووداوی كوشتنی لە گەڕەكی كەڕادە بووە لە ناوەڕاستی بەغدا كە ناوچەكە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران، لەوانە كەتیبەكانی حزبوڵا و عەئاسیب ئەهلولحەق و نوجەبا و سەید شوهەدا، كە بارەگا و نووسینگەیان لەو ناوچەیە هەیە.

ئەو گەڕەكە یەكێكە لە گەورەترین گەڕەكەكانی بەغدای پایەتەخت و توندترین پارێزی لەلایەن سوپا و پۆلیسەوە هەیە، چونكە بارەگای چەندان حزب و كەسایەتی سیاسیشی تیادایە، راستەوخۆش بە ناوچەی سەوزی بەغدا نووساوە.

بەپێی قسەی بەرپرسێكی باڵای تەناهی عێراقی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاماژە دەكەن كە ئەنجامدەرانی تاوانەكە هەوڵیان داوە ئەو هاووڵاتییە ئەمەریكییە بڕفێنن، ویستوویانە لە ئۆتۆمبێلەكەی لە جۆری پرادۆ بیهێننە خوارەوە و بیبەنە ناو ئۆتۆمبێلێكی رەش لە جۆری تاهۆی بێ تابلۆ كە رێگەی لە ئۆتۆمبێلی قوربانییەكە گرتبوو، ئەو خۆی نەداوە بەدەستیان و ئەوانیش تەقەیان لێی كردووە و لە شوێنەكە جێی دیڵن. 

زیاتر گوتی، ئۆتۆمبێلی هێرشبەرەكان بێ تابلۆ بووە و لە ناوچەكە سووڕاوەتەوە و ژمارەیەك چەكداری هەڵگرتووە، ئەوان بەر لەوەی بگەنە ناوچەی رووداوەكە بە چەندان خاڵی پشكنینی تەناهیدا تێپەڕ بوونە، بۆیە پێشبینی دەكرێت هێرشبەران سەر بە گرووپێكی چەكداری ناسراو و دیار بن، بۆیە بەو شێوەیە و بەهەوەسی خۆیان بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و بەچەكەوە هاتوچۆان كردووە، رەنگە هەوڵی رفاندنیشی بۆ دەستكەوتنی پارە بووبێت، ئەوە لە لێكۆڵینەوەكان دەردەكەوێت. 

ئەو بەرپرسە ئاشكرای كرد كە وەزارەتی ناوخۆ بانگهێشتنی بەرپرسی خاڵەكانی پشكنینی ناوچەی رووداوەكە و بەرپرسانی تەناهی ناوچەكەی كردووە و سەیری كامێراكانی چاودێری كردووە و لێپرسینەوەش لەگەڵ كەسانی نزیك لە رووداوەكەی كردووە، ئاماژەی كرد كە كوژراوەكە لەگەڵ خێزانەكەی لە بەغدا دەژین و مۆڵەتی مانەوەی یاسایی هەیە و بەفەرمی لەگەڵ رێككخراوێك كار دەكات لە ماوەی رابردوو بەهانای ئاوارەكان و ناوچە وێرانكراوەكان هاتووە، بۆیە ئەگەری هەیە رێكخراوە فریاگوزارییەكانی تر كە لە عێراق كار دەكەن كاری خۆیان هەڵپەسێرن.

چاودێران پێیان وایە كوشتنی ترۆڵ و چۆنیەتی مامەڵەكردنی سوودانی لەگەڵ رووداوەكە، دەبێتە تاقیكردنەوەیەك بۆی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ چەكی بەرەڵا و میلیشیاكانی دزیان كردووەتە ناو دەوڵەت، لیقا مەكی، شارەزا و توێژەر دەڵێت، كوژرانی ترۆڵ لە بەغدا تەنیا نموونەیەكە بۆ ئەنجامەكانی ئەو تیرۆرەی رۆژئاوا پێی رازییە، ئەو تیرۆرەی هەزاران عێراقی لەناو بردووە و دەبات و لەناو دەوڵەت تەراتێن دەكات و مەرجەكانی خۆی دەسەپێنێت، وەك ئاماژەیەك بۆ میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران.

سەبارەت بە ئامانجی رووداوەكەی دوێنێ، باسی ئەوە دەكرێت بكوژان ویستوویانە ترۆيڵ بڕفێنن، بەڵام خۆی بەدەست نەداوە و كوشتوویانە، واتە دوو بژارەیان بەدەت بووە و زیاتر نا، رفاندن بەرەو شوێنێكی نادیار یان كوشتن، كە هەردووكی بۆ مەبەستی تۆقاندن بووە، بەڵام پەیامەكانی پشت ئەو كارە چین؟، رەنگە تاقیكردنەوەی كاردانەوەی ئەمەریكا و حكوومەتی نوێی سوودانی و دەزگە تەناهییەكان بێت، رەنگە بۆ تۆقاندنی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بێت، رەنگە رفاندنەكە بۆ بەرژەوەندی وڵاتێكی دراوسێ بێت، كە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی لە كوژرانی قاسم سلێمانی داوە، ئەوانە و چەندان پرسیاری تر هەن كە وەڵامە راستییەكە دەشارنەوە.

 لەو كاتەی حكوومەتی عێراق خەریكی لێكۆڵینەوەیە، ئەمڕۆ سێشەم گرووپێكی چەكدار بەناوی "سرییەكانی ئەهلولكەهف"، بەرپرسیارەتی خۆی لە كوشتنی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریكییە راگەیاند، بەپێی بەیاننامەیەك دەڵێت ئەو كارەیان وەك تۆڵەسەندنەوە بۆ كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بووە، بەگشتی ئەوەی رووی دا تاقیكردنەوەیەكی سەختە بۆ سوودانی و دەزگە تەناهییەكانی، پاڵنەری هێرشەكە هەرچییەك بێت، درێژكراوەی تیرۆر و كوشتنەكانی پێشووە، بۆ نموونە كوشتنی هیشام هاشمی و دەیان چالاكی تر، كە بكوژەكان دیارن و تا ئێستەش بەفەرمی ئاشكرا نەكراون.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل