18 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەرزیە فەریقیدا تێدەپەڕێت

:: PM:12:11:18/09/2023 ‌
هونەرمەندی كورد مەرزیە فەریقی، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكی دڵ لە سوید، لە 18 ئەیلوولی 2005دا كۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە باشووری كوردستان و لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.

ئەمڕۆ دووشەم 18 ئەیلوول، مەرزیە فەریقی ناوی تەواوی مەرزییە شەهاب عەبدوڵایە، گۆرانیبێژ و پێشمەرگەی خۆرهەڵاتی كوردستانە، هاوسەری ناسر رەزازی هونەرمەندی ناسراوی كورد و خوشكی لەیلا فەریقی هونەرمەندی گۆرانیبێژە، لە22ی تەمووزی 1958 لە شاری مەریوان لە دایك بووە، بەڵام دایك و باوكی خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانن.

مەرزیە فەریقی لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەستی بەچالاكیی هونەری كردووە لە بوارەكانی گۆرانی و شانۆ. مەرزیە لە سەرەتادا گۆرانیی بە زمانی فارسی گوتووە و دواییش گۆرانییەكانی فەتانەی وەلیدی گۆرانیبێژی سنەیی گوتووەتەوە.

دوای تەواوكردنی زانكۆ بووەتە مامۆستا و دوو ساڵ لە مەریوان و دواتریش لە سنە وانەی گوتووەتەوە، لە ساڵی 1977یشدا بە فەرمی چووەتە كۆڕی موزیكی شاری سنە و لە ساڵی 1978دا لەگەڵ ناسری رەزازی هاوسەرگیریی كردووە.

دوای شۆڕشی ئێران، شانبەشانی ناسری هاوسەری رێی خەبات دەگرنەبەر، بۆیە دەكەوێتە ژێر چاودێری كۆماری ئیسلامی و بەهۆی چالاكییەكانی لە پیشەكەی دوور دەخرێتەوە، لە ساڵی 1980 دەچێتە لای هاوسەرەكەی لە شاخ و دەچنە ریزی پێشمەرگەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان، لەكاتێكدا خاوەنی دوو منداڵ بە ناوەكانی دڵنیا و ماردین دەبن، درێژە بە خەبات دەدەن.

مەرزیە جگە لە لەیلا فەرقی، خوشكێكی تریشی بەناوی سەوسەن فەریقی هەبووە لە ریزی پێشمەرگەكانی كۆمەڵەدا بووە و شەهید بووە.

ئەو هونەرمەندە لەگەڵ ناسری هاوسەری لە شاخ چوونەتە ناو كۆڕی موزیكی بانگەواز و درێژەیان بە چالاكییە هونەرییەكانیان داوە، كۆمەڵێك گۆرانی و سروودی نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەیان بڵاو كردووەتەوە.

یەكەمین گۆرانیی تۆماركراوی مەرزیە، گۆرانیی "لەسەر كانی دێتەوە لێو بە كەنی" بووە.

مەرزیە زۆر تامەزرۆی كارە هونەرییەكانی باشووری كوردستان بەتایبەت بەرهەمەكانی دوو هونەرمەندی بەتوانا كەریم كابان و قادر كابان بووە، هەروەها تیپی موزیكی سلێمانیی خۆشویستووە.

مەرزیە و ناسر لە ساڵی 1985 چوونەتە سوید و دەبێتە خاوەنی كوڕێكی تر، یەكەم هونەرمەند بووە كە بە چوار زاراوەی سۆرانی، كەڵهوری، كرمانجی و هەورامی گۆرانیی گوتووە.


وشە - لاڤین عومەر