عێراق بەرەو قەدەغەكردنی تیك تۆك هەنگاو دەنێت

:: PM:05:03:25/03/2024 ‌

ئێستە لەبەر چەند هۆكارێكەوە لە بەشێك لە وڵاتانی دنیا گومان خراوەتە سەر ئەپلیكەیشنی تیك تۆك، كە گرتە ڤیدیۆییەكانی تیادا بڵاو دەكرێتەوە، لەوانە لە ئەمەریكا و ئەوروپا و هەندێك وڵاتی ئاسیا، ئەوەش وای كردووە هەوڵی قەدەغەكردن و شاردنەوەی بدرێت، عێراق بەنیازە هەنگاو بۆ قەدەغەكردنی باوێت.

هیام یاسری، وەزیری پێوەندیكردنی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند كە وەزارەتەكەی داوایەكی پێشكەش ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ شاردنەوە و قەدەغەكردنی ئەو ئەپلیكەیشنە، چونكە رۆڵی گەورەی لە لێكهەڵوەشانەوەی پێكهاتەی كۆمەڵگەیی لە عێراق هەبووە، تەنیا ئەپلیكەیشنێكە بۆ كاتبەسەربردن و هیچ سوودێكی زانستی و فێركردنی نییە.  

روونی كردەوە، شاردنەوەی ئەو ئەپلیكەیشنە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر دامەزراوەكان و پرۆسەی فێركردن نییە، بەڵام بڕیارەكە بەدەست وەزارەتەكەیان نییە و پێویستە لە پەرلەمان یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەربكرێت، دووپاتی كردەوە، زۆر وڵاتان هەستاوەن بە قەدەغەكردنی، لەوانە ئەمەریكا و كەنەدا و وڵاتانی تریش.

یاسری ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وەزارەتەكەی ماڵپەڕە سێكسییەكانی قەدەغە كردووە و ئەوانی شاردووەتەوە و ئێستە گەیشتن بەو ماڵپەڕانە 80% كەمی كردووە، كە بەپێی ئامارەكان عێراقییەكان سەردانی 171 ماڵپەڕی سێكسی دەكەن، لەوانە ئەمەریكی و ئەروپی و ئاسیایی و عەرەبیش.

ئەوەشی راگەیاند كە ژمارەی سەردانیكاردنی مانگێكی ئەو ماڵپەڕانە لە عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە نیو ملیار سەردانیكردن، بەڵام دوای قەدەغەكردنیان، ژمارەكە بۆ 89 ملیۆن سەردانیكردن كەمی كردووە، دووپاتی كردەوە كە ئەو ئامارانە فەرمین و پێشتر عێراق لە لیستی زیاترین سەردانیكارانی ماڵپەڕە سێكسییەكان بوو.

شایەنی باسە وەزیری پێوەندیكردنی عێراق لە تشرینی دووەمی 2022 داوای قەدەغەكردنی ماڵپەڕە سێكسییەكانی كرد، لە ناوەڕاستی ئاداری ئەمساڵ دادگەی فیدراڵی بڕیارێكی لەوبارەوە دەركرد، كە لایەنی پێوەندیداری ناچاری قەدەغەكردنی ئەو ماڵپەڕ و سۆشیال میدیایانە كرد كە بابەتی سێكسی و ئابڕووبەر و دژ بە ئاین و باوەڕ و كەسەكان بڵاو دەكەنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل