رەحیم فەرەهمەند كەسایەتی دیاری سیاسیی كورد لە ئێران بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد

:: PM:10:38:12/04/2024 ‌
دامەزرێنەر و سكرتێری جەبهەی یەكگرتووی كوردی لە ئێران و كەسایەتی سیاسیی "رەحیم فەرەهمەند" دوای ململانێیەكی توند لەگەڵ نەخۆشیدا، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی توركیا گیانی لە دەست دا. 

بەپێی قسەی یەكێك لە نزیكەكانی دكتۆر فەرەهمەند كە بۆ پێگەی "شەفەق نیوز"ی كردووە، لەسەر وەسیەتی خۆی بڕیارە تەرمەكەی لە كوردستانی توركیا بەخاك بسپێردرێت. 

فەرهمەند دامەزرێنەر و سكرترێری جەبهەی یەكگرتووی كوردەكانە لە ئێران كە بنكەكەی لە تاران بوو لە نەوەتەكانی سەدەی رابردوو، لە شاری مهاباد لە دایكبووە و لە ساڵی 2004 بڕوانامەی دكتۆرای لە پزیشكی ددان لە رووسیا بە دەستهێناوە. 

فەرەهمەند لەگەڵ چەندین كەسایەتی سیاسیی كوردی ئێران هەوڵی دابوو لیستێكیان هەبێت بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێران و كاری كرد بۆ دامەزراندنی حزبێك بەناوی " ئایندە" بەڵام لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە مۆڵەتی كاركردنی پێ نەدرا. 

ناوبراو بە کەسایەتییەکی ڕیفۆرمخواز ناسرا بوو کە لە چوارچێوەی یاسایی و مەدەنیدا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد کاری دەکرد.


وشە - پۆڵا مەحموود