بڕیاری ڕاگرتنی ئەو ڕێكلامە بازرگانییانە درا كە ئاوازی گۆرانییە ڕەسەنەكان بەكار دێنن

:: AM:11:45:01/05/2024 ‌
دادگای میسر بڕیاری ڕاگرتنی هەموو ئەو ڕێكلامە بازرگانییانەی دا كە ئاوازی گۆرانییە ڕەسەنەكان دەڵێنەوە.

بڕیارەكەی دادگای میسر لە دادگای ئابووری ئەو وڵاتەوە دەرچووە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە،  بڕیاری ڕاگرتنی ڕێكلامە بازرگانییەكان دەدەین و ڕێ نادەین هیچ ڕێكلامێكی بازرگانیی ئاواز و گۆرانی میسری بكرێت بە كاڵایەكی ڕێكلامی و بازرگانی.

ئەو بڕیارەش دوای ئەوە هات كە كۆمپانیایەكی میسری، ڕێكلامەكەی گۆرانییەكی هونەرمەندی دیاری میسری عەبدولحەلیم حافز بەبێ مۆڵەت بەكار هێناوە.

خێزانی هونەرمەند عەبدولحەلیم حافز بڕیاریان دا، سكاڵا لای دادگا تۆمار بكەن لە دوای ئەوەی ڕێكلامە بازرگانییەی دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، كە بۆ یەكێك لە كۆمپانیاكانی بواری گەشتوگوزار ئەنجام دراوە و گۆرانیی "دقوا الشماسی‌"ی تێدا گوتراوەتەوە.

لە كوردستانیشدا ڕۆژانە گۆرانی و ئاوازە كۆنەكانی ناو بیرەوەریی خەڵك دەكرێنە رێكلام و رۆژانە لە راگەیاندكانەوە پەخش دەكرێن و هیچ دەزگا و دامەزراوەیەك نییە ئەم كارە رابگرێت.




وشە - سۆران عەزیز