پەرلەمانی عێراق دەچێتە پشووی یاسادانان و تەنیا لە دوو حاڵەت دانیشتن دەكات

:: PM:07:56:09/05/2024 ‌

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆتایی بە یەكەم وەرزی سێیەم ساڵی یاسادانان هێنا، بڕیارە لە سبەیەوە بۆ ماوەی مانگێك بچێتە پشوو و وەك ئەندامێكی پەرلەمانەكە دووپاتی كردەوە كە لەو ماوەیە لە دوو حاڵەت دانیشتنی نائاسایی ساز دەكەن.

رائید مالیكی، پەرلەمانتاری عێراق گوتی، ئەمڕۆ پێنجشەم پەرلەمان كۆتایی بە یەكەم وەرزی سێیەم ساڵی یاسادانان هێنا، لە سبەی هەینییەوە تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەچێتە پشووی یاسایی خۆی.

روونی كردەوە، دووەم وەرزی سێیەم ساڵی یاسادانان لە نۆی حوزەیرانی داهاتوو دەست پێ دەكات، واتە پشووی پەرلەمان مانگێك دەخایەنێت، بەڵام لە حاڵەتی رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان یان رەوانەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 بۆ پەرلەمان، ئەوكات پەرلەمان دانیشتنێكی نائاسایی بۆ دەنگدان و تاوتوێكردنی ئەو دوو بابەتە لە ماوەی پشووەكە ساز دەكات.  

شایەنی باسە دووشەمی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، كە لە پەرلەمانی عێراق زۆرینەن، هەفتەیەك بواری بە هێزە سوننەكان دا بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان و خستنەڕووی لە پەرلەمان و دەنگدان لەسەری، واتە تا هەفتەی داهاتوو، جیا لەوە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشبینیی كرد كە بەمنزیكانە خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند بكرێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بۆ تاوتوێكردن و پەسندكردنی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل