مەولانای رۆمی بووەتە كێشەی سێ وڵات

:: AM:09:28:11/06/2024 ‌
بڕیارە وەك بەشێك لە مێژووی هەریەك لە وڵاتانی ئێران و توركیا، دیوانی مەسنەوی مەولانا  لە تۆماری یۆنیسكۆ بۆ كولتوورەكانی دنیا تۆمار بكرێت.

لەوبارەیەوە ئەفغانستان ناڕەزایی خۆی گەیاندووەتە یونیسكۆ و ڕای گەیاندووە، رۆمی زیاتر لە هەشت سەدە بەر لە ئێستە لە ئەفغانستان لە دایك بووە.

مەولانا جەلالەدینی رۆمی سۆفی و شاعیر، لە دایك و باوكێك لە دایك بووە كە بە فارسی دواون و دیوانە بەناوبانگەكەی بەناوی "مەسنەوی" بە فارسی نووسیوە، بەڵام زۆربەی ژیانی خۆی لەسەر خاكێك بەسەر بردووە كە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانی.

ڕۆمی لە ساڵی 1207 لە شاری بەڵخی خوراسان كە دەكاتە ئەفغانستانی ئێستە لە دایك بووە.

باوكی رۆمی بە سوڵتانی زانایان ناسرابوو، مەولانا لە تەمەنی هەرزەكارییەوە بەهۆی هێرش و پەلامارەكانی مەغۆڵ، بە تەنیا شارەكەی جێهێشت و لە رێی بەغدا، دواتر مەككە و دیمەشقەوە خۆی گەیاندووەتە كۆنیای توركیا، ئەو كاتەش تەمەنی 24 ساڵ بووە.

شیعرەكانی رۆمی زۆرینەیان بە فارسی نوسراون، هەندێكیشیان بە زمانەكانی توركی، عەرەبی و یۆنانی هەن، لە سەرانسەری دنیا گرنگییەكی زۆری پێ دەدرێت و بە شاكارێكی دەگمەن وەسف دەكرێن، بەجۆرێك لە هەندێك وڵات دوای كتێبی ئاینی، شیعرەكانی مەولانا زۆرترین خوێنەریان هەیە.



وشە - سۆران عەزیز