له ڕۆژانی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا ئه‌ژمارکردنی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی نمره‌ی وانه‌ی کوردی هه‌ڵوه‌شێتەوە. خۆی ڕه‌گوڕیشه‌ی ئه‌مه‌ی که بۆچی کاتی خۆی وانه‌ی کوردی له خوێندنگە و زانکۆکان‌دا خراوه‌ته خشته‌ی ئاره‌زوومه‌ندێتی، لایه‌نێکی هاوکێشه‌که‌یه که ده‌بێت له‌سه‌ری بوه‌ستین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره جێی دڵخۆشی و ستایش و ڕێزلێنانه، به‌ڵام وه‌ک وتم ئه‌و لایه‌نه‌ی سه‌ره‌تا به ئاقاری ئاره‌زوومه‌ندکردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م وانه‌یه‌دا ڕۆشتووه، ڕێخۆشکه‌ر بووه بۆ لێدان و سڕکردنی شوناسی ئێمه و زه‌نگێکی مه‌ترسی گه‌وره و هۆشدارییه‌کی سامناکی سیاسی و کولتووریشی له‌پشته.
گومان له‌وه‌دا نییه سیاسه‌تی حزبی به‌عس له ژێر ده‌مامکی تر و به مه‌کیاج و خه‌مڵاندنی دیکه‌دا له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی کوردی ده‌که‌وێته دانوستان. ئێمه له ئاستی ئابووری و سیاسی‌دا ده‌یان نموونه‌مان له 2003ه‌وه تا ئێسته له به‌رده‌سته، له بڕینی مووچه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن مالیکییه‌وه، له په‌رچه‌کرداری حه‌یده‌ر عه‌بادی و هێرش و له‌شکرکێشی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر کوردستان، پاش ڕیفراندۆم و ... به‌ڵام ڕاستییەكەی حزبی به‌عس له ڕووه کولتووری و زمانییه‌که‌یەوە هه‌ر له قۆناغی فاشیزمی کلاسیک و کۆناوباودا مابووه‌وه. واته له لایه‌که‌وه ده‌مامکه‌که‌ی داده‌که‌وت له لایه‌کی دیکه‌وه چاوبه‌ستی تری ده‌کرد، بۆ نموونه زمانی کوردی (بێگومان به ئاڕاسته‌ی ئامانج و خولیاکانی به‌عس و سه‌رۆکی به‌عس!) و به‌رنامه و کولتووری کوردی ته‌واو کپ و سه‌رکوت نه‌ده‌کرد، بێگومان به‌هه‌مان ئاڕاسته‌ی ئامانجه‌کانی خۆیدا، به‌ڵام دانیشی به کیانی کوردی‌دا له هیچ ڕه‌هه‌ندێکه‌وه نه‌ده‌نا، ئه‌گه‌رچی هیچ یه‌ک له‌مانه ئازادی کولتووری و زمانیی کورد به سووسه‌یه‌کیش ناسه‌لمێنن، به‌ڵام ده‌لاله‌تی له هه‌ندێ ده‌سکه‌وت ده‌کرد که به‌هۆی شه‌ڕی شاخ و هه‌بوونی پێشمه‌رگه و هێزی کورده‌وه به‌عس پێملی بووبوو، به شێوازی خۆپه‌رستانه و به‌عسیانه‌ی خۆیه‌وه!
له قۆناغی پاش به‌عسیزمدا که به‌عس و ئایدۆلۆجیاکه‌ی کاژی خستووه و توخم و ماتریاڵی تری وه‌رگرتووه، نه‌ک ته‌نیا له ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوورییه‌وه، به‌ڵکو له ڕووی کولتووریشه‌وه حوکمڕانانی به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌ی عه‌ره‌ب نایانه‌وێت هیچ ترووسکایی و ئاسۆیه‌ک له دنیای کورددا به‌دی بێت.
واته له قۆناغی فاشیزمی نوێباو و پاش به‌عسیزمدا، وشیاری و خه‌یاڵدانی جه‌لاد و داگیرکه‌ر زیاتر بووه و ئه‌و ڕه‌نگه زۆر باشتر له بڕێک له ئێمه ڕۆڵی زمان و کو‌لتوور و که‌له‌پوورمان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ فاشیزم و دیکتاتۆری‌دا باشتر بزانێت، زمان له‌م ئاسته‌دا ته‌نیا ئامێرێکی ڕۆژانه‌ی به‌ڕێکردنی ئیشوکار و ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه ئیداری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نییه، به‌ڵکو له‌م ئاسته‌دا زمان ئه‌کتێکی ڕادیکاڵی سیاسییه و شوناسی ئێمه به‌رجسته ده‌کاته‌وه. ئه‌مه‌ش نه‌ک ته‌نیا له قه‌واره‌ی باشووری کوردستان و جیۆگرافیایه‌کی بچووکدا، به‌ڵکو له ئاستی کوردستانی گه‌وره و پارچه‌کانی دیکه‌شدا.
واته فاشیزمی پاش به‌عس به باشی د‌رکی به‌وه کردووه که مه‌شخه‌ڵی مانه‌وه‌ی کورد و هه‌وێنی نه‌مری و یەکانگیری و یه‌کگرتوویی شوناسی ئه‌م نه‌ته‌وه دێرین و گه‌وره‌یه له زمانه‌که‌یدا خۆی هه‌ڵگرتووه، بۆیه ئه‌گه‌ر له ئاسته سیاسییه‌که‌دا گوشاری ده‌خاته سه‌ر، له ڕووه کولتووری و زمانییه‌که‌یشدا پلان و پیلانی بۆ داده‌نێت.
ئه‌م سیاسه‌تی زمانی و ستراتیجی سڕینه‌وه‌یه، له کۆنه‌وه و له نێوان هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کەدا وه‌ک ڕێکه‌وتنێکی نه‌نووسراو بووه و ئێسته‌یش که ئێمه ساڵانێکه له باشوور چ له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوول که لێژنه‌ی هونه‌رمه‌ندان وه‌ک به‌شێک له خه‌بات و شۆڕشگێڕی له هه‌مبه‌ر پاکتاوکردن و شه‌ڕی به‌عسدا ده‌وه‌ستانه‌وه و زمانی کوردی‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند و پاراو ده‌کرد، چ له پاش 91 و چ پاش 2003 که زمانی کوردی وه‌ک یه‌کێک له زمانه فه‌رمییه‌کانی عێراق له پاڵ زمانی عه‌ره‌بیدا قبووڵ کراوه، گه‌شه و نه‌شه و باڵاکردنی زمانی کوردی ده‌بینین، به‌ڵام ئه‌م زمانه به‌هۆی ئه‌و مۆرک و ئه‌کته سیاسییه‌ی هه‌یه‌تی، نه‌ک ته‌نیا له عێراقێک که خۆی ددانی پێدا ناوه وه‌ک بوونێکی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز و یه‌که‌یه‌کی جودا له پێکهاتی کو‌لتوور و زمانی عه‌ره‌بی چاوی لێ ناکرێت، بگره هێشتایش وه‌ک دیارده‌یه‌کی نامۆ و غه‌واره و دژیش ده‌یبینن.
ئه‌م ناوه‌ندێتییه‌ی باشووری کوردستان له ڕووی زمانییه‌وه کۆمه‌ڵێک کاریگه‌ریی بنه‌مایی و شوناسسازانه‌ی له‌سه‌ر پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌بووه. ساڵانی دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران و هاتنه‌سه‌ر کاری ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی و پاشه‌کشه‌ی حزبه کوردییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و په‌ڕینه‌وه بۆ باشوور، زمانی کوردی ته‌نیا له ئاسته ئاخاوتن و بێژه‌رییه‌که‌یدا مه‌ودا و دەرفەتی ده‌رکه‌وتنی هه‌بوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌زانین و نه‌خوێنده‌واریی به‌شێک له خه‌ڵکی کوردستان به زمانی فارسی بوو.
له‌و هه‌موو ماوه‌یه‌دا ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵات پشتگیریی کۆمه‌ڵێک پرۆژه و هه‌وڵی وه‌ک گۆڤاری "سروه" ده‌کرد له شه‌سته‌کاندا، به‌ڵام له ئاستێکی به‌رز و سه‌ربه‌خۆ هیچ هه‌نگاو و ته‌نانه‌ت بوارێکی نه‌دا به گه‌شه و نه‌شه‌ی ئازادانه‌ی زمانی کوردی، چونكە ئه‌م زمانه زمانی شۆڕشگێڕانێکه که ئێسته په‌ڕیونه‌ته‌وه، زمانی کۆماری کوردستان و زمانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و.. زمانێکه که بوونی واته نه‌وا و زایه‌ڵه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی له مه‌ودایه‌کی دوور و نێزیکدا، هه‌ربۆیه زمانی کوردی له ئێران ته‌نیا له ئاستی ئه‌نجوومه‌ن و هه‌ندێ فێرگه‌ی زمانیی که ته‌نیا و ته‌نیا خۆیان خۆبه‌خشانه ئیشیان ده‌کرد، مایه‌وه و له‌ولایش به سه‌تان ملیۆن دۆلار بۆ په‌ره‌پێدانی زمان و ئه‌ده‌بی فارسی ته‌رخان ده‌کرا.
هه‌موو ئه‌م هه‌وڵ و په‌راوێزخستنانه نه‌یتوانی کاریگه‌ریی زمان و کولتووری باشووری کوردستان له‌سه‌ر زمان و کولتووری ڕۆژهه‌ڵات بوه‌ستێنیت، ڕووداوێکی مێژوویی سیحراوی "یه‌ک زمان له دوو پارچه‌ی جیاواز به‌هۆی دۆخی دابه‌شبوون و هه‌ڵکه‌وته‌ی جیۆپۆڵه‌تیک له دانوستاندان" بوونی باشووری کوردستان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی سیاسی به‌هێز که له هه‌موو ڕه‌هه‌ندێکه‌وه شوناسی کورد په‌ره پێ بدات، ڕێک سه‌ربه‌خۆیی کوردستان مسۆگه‌ر ده‌کات.
ئه‌م خه‌ونه له قه‌دوباڵای پیت و وشه‌ی زمان و ڕسته‌ی کوردی‌دا خۆی ده‌شارێته‌وه و خۆی مانیفێست ده‌کات و خۆی ده‌گێڕێته‌وه. ناوه‌ندارێتی باشووری کوردستان له ڕووی زمانییه‌وه بۆ پارچه‌کانی تر سه‌ره‌ڕای ئازادی له چاپ و په‌خشی کتێب و کۆمه‌ڵێک بڵاڤۆک و ڕۆژنامه و گۆڤار و ماڵپه‌ڕ و پێگه‌ی هه‌واڵده‌ریی، له ڕووی داوده‌زگای ئیداری و فێرکاری و قوتباخانه‌کانیشەوە ڕۆڵی مێژوویی و چاره‌نووسساز ده‌گێڕێت. ئه‌و زمانه‌ی که له خوێندنگه‌کاندا خه‌یاڵدان و دنیابینی و جیهانی منداڵان و نه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆژمان ده‌سازێنێت، خه‌ونی کوردبوون و ڕزگاری و کوردایه‌تی و بوون له زمانی کوردی‌دا زیندوو و نه‌مر ده‌هێڵێته‌وه.
ئه‌و شه‌پۆله‌ی له کوردی‌زان و کوردی‌نووس و کوردیخوێن له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان باڵایان کرد، به‌هۆی گڕی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌ی زمانی کوردی له باشوور بوو، که ساڵانێکی دوورودرێژ له ڕێی نووسه‌رانی هه‌ر چوار پارچه‌وە بڵێسه‌دار و گه‌ش ڕاگیرابوو.
به چاوخشاندنێک به‌م مێژووه دووردرێژه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که زمانی کوردی هاوزێ و هاوچه‌ک و هاوخه‌باتی پێشمه‌رگه و چه‌ک و سه‌نگه‌ر بووه، بۆیه له چاوی داگیرکه‌رانی کوردستاندا زمانی کوردی یه‌کێک یان یه‌ک له تاونبارترینه‌کانه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ک دادگایی ده‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن سزای بده‌ن.
دوای ئازادبوونی به‌شێک له باشووری کوردستان، ئه‌و پارچه‌یه له نیشتمان بوو به مه‌کۆی هه‌موو عاشقانی زمان و وشه‌ی کوردی، ته‌مه‌نێک خه‌یاڵ و گێڕانه‌وه و وێنه‌سازییمان ئه‌زموون کرد و ئێسته ده‌توانین بڵێین به‌شێک له ئێمه له‌ناو زمانی کوردی‌دا ژیاوین و ده‌توانین به زمانی دایکیمان باسی دنیا و خه‌م و شادی و چێژ و زانست و کاره‌سات بکه‌ین. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م سه‌رکه‌وتن و دره‌وشاوه‌ییانه، ده‌بێت بزانین ئه‌م زمانه به درێژایی مێژوو سه‌رکوت کراوه، ڕێی گه‌شه و نه‌شه و ته‌قینه‌وه‌ی خه‌یاڵ و فانتازیاکانی به ده‌یان میکانیزم و هێز و پلانی فاشیستی لێ گیراوه، باش هاتووه، به‌ڵام دره‌نگ هاتووه و ده‌بێ ئاگادار بین له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، واته فه‌لسه‌فی، زانستی، کۆمه‌ڵناسی، سیاسی و هه‌موو زانسته مرۆییه‌کان و به‌تایبه‌تی تر له بواری میدیا و زانسته‌کانی ماتماتیک و کیمیا و فیزیا و به گشتی زانسته سرووشتییه‌کاندا، زیاتر په‌ره‌ی پێ بده‌ین، هه‌رچه‌ند له‌م به‌شانه‌دا به تایبه‌تی له بواری زانسته مرۆییه‌کانه‌وه کۆمه‌ڵێک ئیش باش کراوه که هه‌ڵگری ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنن.
به‌ڵام گرینگی ئه‌م کۆڵه‌که‌یه له بوون و مان و نه‌مری ئێمه وه‌ک مرۆڤ و نه‌ته‌وه، به ڕاده‌یه‌که که سه‌یر نابێت ئەگه‌ر بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه وه‌زاره‌تێکی تایبه‌ت به زمانی کوردی دابمه‌زرێنین و کاری بۆ بکه‌ین. دڵنیام ئه‌زموونی سیاسی و سیاسه‌توانی کورد به تایبه‌تی له کابینه‌ی نۆیه‌م، به‌و ڕاده‌یه ده‌وڵه‌مه‌نده و ئه‌و ئاسته له وشیاری هه‌یه که به هه‌ند چاو له‌م بابه‌ته بکات، هه‌بوونی وه‌زاره‌تخانه‌یه‌ک بۆ زمانی کوردی، هه‌بوونی سه‌کۆیه‌کی بوون و بیرکردنه‌وه و هاوار و زانست و فێربوونه بۆ هه‌موو کورد‌انی دنیا، له هه‌موو گۆی زه‌ویدا.