ڕاستییه‌كه‌ی سه‌رده‌می قه‌ڵاكان به‌سه‌ر چوون، دیاره لێره‌دا مه‌به‌ستمان له قه‌ڵا به مانا مێژوویی و شوێنه‌وارییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو قه‌ڵا له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێسته و به بیناسازیی مۆدێرن و له سیستمی نوێباوی جیهانی نوێ‌دا، به‌ر له هه‌ر شتێك نیشانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له دژوازییه‌كی چه‌ند ڕه‌هه‌ندانه كه ڕه‌هه‌نده‌كانی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی له‌خۆ ده‌گرێت. ئێسته سه‌رده‌می تاوه‌ر و هه‌وره‌بڕ و مۆڵه گه‌وره‌كان و...ـه، واته ئه‌گه‌ر به چاوێكی كاپیتالیستی و سه‌رمایه‌دارانه و به‌پێی پارادایمی دنیای سه‌رمایه‌وه بابه‌ته‌كه بخوێنینه‌وه، بوونی قه‌ڵا له سه‌رده‌می ئێسته واته بوونی كۆتری نامه‌به‌ر له سه‌رده‌می ئه‌نته‌رنێتدا گوندی جیهانیدا.
حه‌وجێ به ئاماژه‌دان نییه كه بۆنی كۆتر چ مه‌هزه‌له و هاوكات تراجیدیایه‌كه كه گومان ده‌وروخولی داوه. هه‌بوونی قه‌ڵاكان به‌م مانایه له ئاوه‌ها سه‌رده‌م و پارادایمێكدا به‌رجه‌سته‌كه‌ره‌وه‌ی شكستێكی گه‌وره‌یه له ناخی كۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان و به پله‌ی یه‌كه‌م له جه‌وهه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ی كه كۆڵه‌كه‌كانی حوكمڕانیی خۆی له سه‌ر قه‌ڵا مۆدێرنه‌كان قایم كردووه. ڕووخاندنی قه‌ڵای عوزێرییه‌كان خۆی لادانی په‌رده‌یه له‌سه‌ر ئه‌م ناته‌ندروستی و نه‌خۆشییه‌ی كه له كوردستان و سلێمانی هه‌یه، ئه‌گه‌رچی كه‌سایه‌تییه‌ك به ناوی دارای حاجی ئیبراهیمی چه‌رمه‌گایی، له پله‌ی ده‌مڕاستی عوزێرییه‌كان به‌یانێكی ماقووڵانه و مه‌ده‌نیی بڵاو كردووه‌ته‌وه كه به‌رده‌نگه‌كه‌ی، باڤڵ تاڵه‌بانییه و ده‌یه‌وێت به ده‌ربڕینێكی مه‌ده‌نی و پیاوماقووڵانه، په‌رده به‌سه‌ر ئه‌م ناته‌ندروستییه‌دا دابداته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه هیچ له‌و ڕاستی و دژوازییه ناگۆڕێت كه باسمان كرد.
كاتێك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكان دامه‌زرا، یه‌كێك له ده‌عیه‌كانی ئه‌وه‌بوو كه له ئاخێزگه‌یه‌كی مۆدێرنه‌وه هه‌ڵقوڵاوه و وه‌ك حزبه‌كانی تری كوردستان كۆڵه‌كه‌كانی له سه‌رشانی عه‌شیره‌گه‌رێتی و خێڵ بنیات نه‌ناوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م تێڕوانینه ده‌شێت بۆ هه‌ر دیارده‌یه‌كی سه‌رده‌می مۆدێرن ڕه‌وا بێت، به‌ڵام مێژووی یه‌كێتی ده‌ریخستووه كه هه‌م به قووڵی له سه‌رشانی عه‌شیره‌ته‌كان وه‌ستاوه و هه‌میش له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه، هیچ كات نه‌یتوانی وه‌فادار بێت به بنه‌ما مۆدێرنه ماركسییه‌كانی خۆی، زوو به زوو بای دایه‌وه بۆ ته‌ریقه‌ته‌كانی كوردستان و له دواجاردا له‌و سه‌رده‌مه‌ڕا بۆ سه‌رده‌می ئێسته، تاڵه‌بانیزمێكی دروست كردووه كه هه‌م به‌تاڵه له‌و به‌هایانه‌ی به‌بۆنه‌یه‌وه دامه‌زراوه، هه‌میش بنبۆشه له هه‌ر جه‌مسه‌رێكی مه‌عنه‌وی كه كۆمه‌ڵگه و متمانه‌به‌خشیی به كۆمه‌ڵگه دروست بكات.
له نیگای یه‌كه‌مدا وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م كاره‌ی باڤڵ تاڵه‌بانی كه قه‌ڵایه‌ك له نایاسایی و زێده‌ڕۆیی ڕووخاندووه، ده‌ركه‌وته‌یه‌كی دره‌وشاوه‌یه له رژدبوونی یه‌كێتی و سه‌رۆكه نوێكه‌ی بۆ دادپه‌ره‌وه‌ری و لێدان له ده‌سته مافیا و سه‌رانه‌سێنه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا ڕووكه‌ش و ڕواڵه‌تی بابه‌ته‌كه‌یه، پرسیاری سه‌ره‌كی له‌م نێوانه‌دا ئه‌وه‌یه كه ئایا ئه‌م قه‌ڵایه به‌هۆی یه‌ك كرده‌ی نایاسایی، به‌رپرسه‌كه‌ی كه خۆی سه‌ربه هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی بووه، ئاوای لێ كرا یان به ڕاستی هه‌نگاوێكه بۆ لێدان له هه‌ر جۆره مافیاگه‌رێتی و زۆره‌ملێیه‌ك كه ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی سلێمانی و جه‌مسه‌ره‌كانی پێشكه‌وتن له‌و شاره‌دا بووه‌ته‌وه؟.
به‌بۆچوونی من كاڵفامییه وا تێبگه‌ین ئه‌م كرده‌وه‌یه هه‌نگاوێكه به ئاراسته‌ی دادپه‌روه‌ری و بنه‌بڕكردنی ده‌ستی زۆر و زۆره‌مل، چونكه ده‌كرا ئه‌م كاره هه‌ر دوو ساڵ پێش ئێسته كه هه‌ندێك یانه‌ی شه‌وانه له‌لایه‌ن باڤڵه‌وه په‌لاماری درا ئه‌نجام بدرایه، هه‌ر ئه‌و كاته ڕێگری له ته‌قه‌كردن له كاسبكاران و سه‌رمایه‌دارانی شارێكی مه‌زنی وه‌ك سلێمانی (كه به‌داخه‌وه ئێسته به زۆری هه‌ناسه‌ی به به‌ر ماوه) بكرێت. جیاواز له‌وه‌ی بوونی ئه‌و قه‌ڵایه به‌و هه‌موو ڕووبه‌ره‌وه و كردن به مه‌كۆیه‌كی مۆدێرنی عه‌شیره‌گه‌رێتی، خۆی كاره‌ساتێكه له ڕه‌وتی مۆدێرنكردنی كۆمه‌ڵگه و پێشكه‌وتنێك كه یه‌كێتی به حیساب له حه‌فتاكانه‌وه خه‌ونی پێوه بینیوه.
ئێسته له ناو ئه‌م هه‌موو ئه‌گه‌ره گوماناوییانه‌دا، ده‌توانین بپرسین ئایا ته‌نیا دێرین عوزێری ئه‌م ده‌ستدرێژی و ته‌قه و زێده‌ڕۆییه‌ی كردووه و ئایا ئه‌مه یه‌كه‌م جارێتی؟ یان نا ئێمه قه‌ڵای نهێنیی گه‌وره و قه‌ڵای ئاشكاری مه‌زنی تریش ده‌زانین كه جارێك پاساو نییه بۆ لێدان و بڕیار به دادوه‌ر ده‌ركردن بۆی؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ دیارده‌یه‌كی قێزه‌ون و زه‌ره‌رساز به كۆمه‌ڵگه بنه‌بڕ بكه‌ین، ته‌نیا یه‌ك لا و یه‌ك گۆشه له دیارده‌كه ده‌ڕووشێنین، یان نا وه‌ك دیارده و گشتێك ده‌یبینین و به‌پێی پلان و پڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندنه‌وه‌یه‌كی سۆسیۆلۆجی و سیاسی هه‌نگاو هه‌ڵده‌هێنین؟ ئه‌گه‌ر ئێمه له ڕۆژانی داهاتوودا هاوشێوه‌ی ڕووخانی قه‌ڵای عوزێرییه‌كانمان بینی یان هه‌ر ڕووداویكی تری ئاوا، ئه‌وا ده‌توانین مه‌زنده‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه پڕۆژه‌یه‌كی رژدی له به‌رده‌مه بۆ بنه‌بڕكردنی ده‌سته تێكده‌ر و مافیا و زێده‌ڕۆكارانه‌كان، ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر له‌مه‌ش بێت، ئه‌وا ده‌توانین گومانی ئه‌مه بكه‌ین كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوێخا دێرین و باڤڵ، هارمۆنی و هاوبه‌شێتییه‌كان تێكچووه، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ش هێزی سه‌ربازیی به‌ده‌سته و سوكانه‌كه لێده‌خوڕێ و به مه‌یلی خۆی ده‌كات.
ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له شرۆڤه‌كاران باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌شێت ئه‌م گومانه‌شمان هه‌بێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی باڤڵ جۆره جووڵه‌یه‌كی ئاڵۆز و ناڕاسته‌وخۆیه بۆ لێدان له باڵی كاك كۆسره‌ت وه‌ك باڵێكی ڕه‌سه‌ن و دێرینی یه‌كێتی كه ئینتیمای كوردایه‌تیی هه‌ڵگرتووه، چونكه هێزه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی كوێخا دێرین سه‌ر به‌و هێزه‌ی بوون كه له ژێر فه‌رمانی كوڕانی كوسره‌ت و بنه‌ماڵه‌كه‌یدان. ئه‌م گومانه‌ش دوور نییه، چونكه ڕه‌وتی ده‌ركه‌وتن و له پڕ سه‌ركه‌وتنی! باڤڵ، گرێ دراوه به كاری له‌ناكاو و كوده‌تائامێزی له‌م شێوه‌یه‌وه، هه‌موومان پلاندانان بۆ د. نه‌جمه‌دینی كه‌ریمی ڕه‌وانشاد و ته‌نانه‌ت گه‌مارۆدانی كاك كۆسره‌تمان له شه‌وی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له بیره، ئه‌مه له شێوازی كاری باڤڵ و هاوبه‌ش و هاوسه‌رۆكه كۆنه ده‌ركراوه‌كه‌ی واته لاهوور شێخ جه‌نگی و تارماییه‌كی سه‌رگه‌ردان به ناوی ئاراسی شێخ جه‌نگی (برای) ده‌چێت.
واته ئه‌م شێوازه شێوازی هاتنه سه‌ره‌وه‌ی باڤڵ بووه، فۆبیای ئه‌و له هێز و كه‌سایه‌تییه دێرین و گرنگه‌كانی یه‌كێتی شتێكی شاراوه نییه، ئه‌و له‌گه‌ڵ باوكی خێزانی خۆی واته مه‌لا به‌ختیار كه‌وته پلاندانان و دوژمنكارییه‌وه، ئێسته به دڵنیاییه‌وه فۆبیاكه‌ی له كۆسره‌ت و كوڕانی كاك كۆسره‌ت له‌وپه‌ڕی خۆیدایه، بۆیه هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و گومانانه‌ن كه به ئێمه ده‌ڵێن با چاوه‌ڕوانی ڕووداوه‌كانی دواتر بكه‌ین، ببینین قه‌ڵای قایمی عه‌شیره‌ته‌كان له ناخی شاری ڕۆشنبیری، به به‌ڕێوه‌بردنێكی سه‌ربازی و مافیازه‌ده‌وه هه‌ر وا به پێوه ده‌مێننه‌وه یان نا؟