(به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی كرێكاره‌وه)
كرێكاران له یه‌كه‌مین بوونه‌وه‌رانی زه‌وین. ره‌نگه تا پێش هاتنه كایه‌ی سیستمه كۆن و نوێ سه‌رمایه‌دارییه‌كان، "كرێكار" له پێگه‌ی وشه‌دا لاخت (بافت)ێكی وشه‌یی به‌م واتا و مه‌دلووله‌وه نه‌بوو كه ئێسته مانا ده‌كرێته‌وه: كه‌سێك كه له باتی "كار"، "كرێ" وه‌رده‌گرێت، واته (هێزی) كار ده‌فرۆشێت. له زمانی ئینگلیزی دا وشه‌ی man(پیاو)، lobor( ره‌نجده‌ر، تاقیكه‌ر)،workman( پیاوی كار). هه‌رسێیان بۆ كرێكار به‌كار چووگن، شتێك كه له‌م وشانه هه‌ڵده‌هێنجرێت، چه‌مك و واتایه‌كه به ناوی "توانست" . "هێز". ئه‌وه دواتر بوو كه به‌سه‌ر هه‌ڵدانی سیستمه سیاسی و دیسپۆتیزمییه‌كان (پله‌خوازی خودا/به‌نده یان ئاغا و كۆیله)ـه ئاڵۆزه سه‌ره‌تاییه‌كان، ئه‌م "هێزه" له ده‌ست بنیاتنه‌رانی زه‌وی. بنیاتنه‌رانی شارستانییه‌ت. بنیاتنه‌رانی ئه‌هرامی میسر، وه‌رگیرایه‌وه و له پێگه‌ی وشه‌ش مانایه‌كی "زۆرتر" ئایدۆلۆجیكی وه‌رگرت.
بێ هۆ نه‌بوو كه له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا نیوه‌یه‌ك له خه‌ڵكی دنیا به‌ره‌وڕووی ڕه‌وت و گه‌ڕیانه ماركسیستییه‌كان هاتن. هه‌رچه‌ند پێناسه‌ی كرێكار زۆر گۆڕاوه له گوتاره فیكری و فه‌لسه‌فی و سیاسییه‌كاندا، من لێره به ڕوانینی هیرمنوتیكی و نێوان ده‌قییه‌وه ده‌یخوێنمه‌وه. هه‌رچه‌ند پێوه‌ندیی "كار" به مرۆڤ وه‌ك بوونێكی ئاوه‌زمه‌ند، پێوه‌ندییه‌كی زۆر ئاڵۆزه و ئه‌و فۆرمه‌ی پێوه‌ندی و پێناسه بۆ "كار" هه‌ر هه‌مان پێوه‌ندی و ڕوانین نییه بۆ مانا و پێگه‌ی "كار" له رابردوودا. كرێكاری دنیای كۆن، "كار"ی به خزمه‌تكردن و مافێكی "خۆی" ده‌زانی كه ده‌بێت بۆ خاوه‌ن كار بیخاته ڕوو. خاوه‌ن كار له سۆنگه‌ی كرێكاره‌وه هێز و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكاری (اجرایی) و سزاده‌ریی (قهریه) خۆی وه‌رده‌گرت و به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌وه "بوون" و هێزی واتای وه‌رده‌گرت.
به‌ڵام ئێمه لێره‌دا له‌گه‌ڵ ئاستی خوار و نزم له وشیاری كرێكاردا رووبه‌ڕووین، نه‌بوونی وشیاری لای كرێكار به هه‌ر هۆیه‌ك بووبێت، هۆكاری درێژبوونی ته‌مه‌نی سیستمێكی خاوه‌ن كار بوو كه خۆی له ڕێی خوێن و ترووم (نژاد) و ڕه‌گه‌زێكی جیاواز و سه‌رتر به خاوه‌نی زه‌ویوزار و موڵك ده‌زانی، غه‌یبه‌تی وشیاری و هزرێكی پرسیار ساز ده‌بووه هۆی مه‌شرووعییه‌تی وه‌ها باوه‌ڕێك لای كرێكار. كرێكاری زگماك له‌و كاته‌وه له دایك بوو كه باوه‌ڕی به چه‌شنێك له بانسروشت و میتافیزیكی ئاماده‌یی خاوه‌ن كار و زه‌وی و موڵك په‌یدا كرد.
خاڵی ئه‌فسووناوی و سه‌یر له‌مه‌دایه كه له قۆناغگه‌لێكدا ئه‌وه‌ندی كرێكار پارێزه‌ری خاوه‌ن كار و به‌رژه‌وه‌ندی و هاوكێشه‌كانی بوو، ئه‌وه‌نده خاوه‌نكار و ده‌سه‌ڵاتداری زه‌وی به په‌رۆش و خه‌مخۆر نه‌بوون بۆ خۆیان. ڕازی جاوید بوونی ڕه‌نجی كرێكار له ئیمان و باوه‌ڕیدایه به "ناخود" و له بێ ئیمانیدایه به"خود". واته ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌ماشای بكه‌ین، به‌شێك له مێژووی چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكاران پێی له ناو میتافیزیك و سیستمه ئاینییه‌كانیشه ته‌نانه‌ت. ره‌نگه به‌م هۆ سایكۆلۆجییه‌وه بێت كه له‌و هه‌موو بیرۆكه و تێزه زانستییانه و (نیوه زانستییانه)ی ماركس، رسته‌ی "ئاین تلیاقی جه‌ماوه‌ره" زۆرترین بره‌و په‌یدا ده‌كات و ده‌كه‌وێته سه‌ر زاران. ڕه‌نگه ڕقی گه‌وره‌ی ماركس له ئاینیش لایه‌نێكی هه‌ر ئه‌مه بووبێت.
به‌هه‌ر حاڵ ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر مێژوو له روانگه‌یه‌كی فۆكۆییه‌وه واته مێژوویه‌كی ناخه‌تی و لاده‌رخواز و داشكاو(گسست) بخوێنینه‌وه، به‌شێكی زۆری مێژوو هێشتا هه‌ر كرێكاران تێیدا ئاماده‌ن. وه‌ك چۆن به‌ناوبانگه و مه‌یشوورییه و ده‌ڵێن: كرێكار نیشتمانی نییه، ده‌كرێت بڵێم كرێكار خۆی نیشتمانێكه كه خێو و خاوه‌نی زۆره، جگه له خۆی. هه‌ڵبه‌ت لای من ئه‌م ڕستانه مانا و ته‌ئویلی زۆر هه‌ڵده‌گرن و ده‌شێت خوێندنه‌وه‌ی تری لێ بكرێت، به‌تایبه‌تی له‌م رۆژگاره‌ی ئێسته‌دا زۆر شت گۆڕاوه و زۆر گۆڕانی گه‌وره‌ش به‌ڕێوه‌یه. كرێكاران هاوخوێنترین نه‌ته‌وه و هاوڕه‌نجترین چینی دنیان و جوێكرده‌وه‌یان له پله‌ی "ره‌نج"دا له یه‌كتر، هه‌ڵه‌یه‌كی بنه‌ماییه له تیۆری و خوێندنه‌وه‌دا، به‌ڵام له ڕووی دۆخ و هه‌لومه‌رجدا كرێكاران جیاوازییان زۆره، ئه‌و كرێكاره‌ی كه جۆرج ئۆروێڵ له سیستمێكی چه‌وسێنه‌ری ماركسیستی له ڕۆمانی ١٩٨٤(به خوێندنه‌وه‌ی من)دا باسی ده‌كات، زۆر جیاوازه له‌و كرێكاره‌ی كه مامۆستا هه‌ژار له "چێشتی مجێو‌ر"دا ده‌یگێڕێته‌وه.
بۆیه به‌م ده‌روازه‌یه‌وه دێمه سه‌ر چه‌ند گوته‌ی كورت له‌سه‌ر كرێكاری كورد. هه‌رچه‌نده ئه‌زموونی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی من ناكرێت بێبه‌ری بێت له توخمگه‌لی ته‌جروبی كرێكاری كردنی خۆم. كه‌م كورد هه‌یه له دنیا به‌شێوه‌یه‌ك كرێكاری ئه‌زموون نه‌كردبێت، بۆیه ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی من ئه‌وه‌نده فامێكی كۆمه‌ڵگه‌یی و هه‌رێمییه بۆ كرێكاری كورد، ئه‌وه‌نده لێكدانه‌وه و گێڕانه‌وه‌یه‌كی جیهانگیر و بانهه‌رێمی نییه بۆ "كرێكار" به گشتی و چه‌مك و واتای "كار" به‌تایبه‌تی.
كرێكاری كورد و نیشتمان
ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك له‌و ڕسته‌یه‌ی كه ده‌ڵێت "كرێكاران نیشتمانیان نییه یان بێ نیشتمانن" بكه‌م، ده‌ڵێم جیاوازی بنه‌مایی له نێوان "بێ نیشتمانی" و "نانیشتمان"ی هه‌یه له پێكهات و مه‌دلووله ژێره‌وانكێكانی ئه‌و ڕسته‌یه‌دا. "نانیشتمانی" ئه‌زموونێكه كه له هه‌ناوی بوونه‌وه‌رانێكی كرێكاری وشیاردا دێته ئاراوه، وشیارییه‌ك كه زۆرتر له هه‌ست و تێگه‌یه‌كی غوربه‌تئامێز ده‌چێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی بگه‌ن به فامێك كه خاوه‌ن نیشتمان نه‌بوون یان ڕزگاربوون له خواست و ئاره‌زووی موڵك/نیشتمان"دار"بوون، به ئازادی و نانیشتمانی بخوێننه‌وه و له دنیایه‌كی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌دا، غوربه‌ت زۆرتر بۆیان زه‌ق بێت. ئه‌م هه‌سته‌شه كه گرێدراوی و هه‌ڵپێكراوی قووڵ له نێوانیاندا به‌دی دێنێت و پێگه‌ی خه‌ون و ڕه‌نجه‌كانیان بێ سنوور و جیهانگیر ده‌كاته‌وه.
ئه‌وه‌ی كه مه‌به‌ستمه پێوه‌ست به كرێكاری كورده‌وه بیڵێم، ئه‌مه‌یه كه كرێكاری كورد به كه‌مترین حاڵه‌ت له‌و نانیشتمانییه نزیك بووه‌ته‌وه، ره‌نگه به هۆی ئه‌وه‌ی كه هیچ كات تامی نیشتمان و زه‌وی خۆی له ژینگه و زێدی خۆی نه‌چێشتبێت یان زۆر هۆكاری تر. ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی كوردیش وه‌ك زۆر بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی دنیا، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه هاوسۆز بوون بۆ دۆزی كورد، نه‌یانتوانی هه‌ست و رۆحییه‌تێكی راسته‌قینه‌ی جێگر و جه‌ماوه‌ریی "نانیشتمانییانه" دروست بكه‌ن، ره‌نگه كۆمێدی بنوێنێت كه بڵێم جه‌برێكی مێژوویی ڕه‌وتی خه‌باتی سۆسیالیزمی كوردی له نانیشتمانییه‌وه به‌ره‌و خه‌بات له‌سه‌ر "بێ نیشتمانی" و بێبه‌ش بوون له زه‌وی و نیشتمان واته گوتاری ناسیۆنالیزم ملكێش كرد.
ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش بمانباته‌وه بۆ ته‌فسێرێكی ناماركسی له هیگڵ و خوێندنه‌وه‌ی دووباره‌ی خودی هیگڵ و واتاكانی ڕۆحی ره‌ها و خودئاگایی و... هه‌ڵبه‌ت ناشبێت كرێكاری كورد به ته‌واوی له ڕووبه‌ری گوتار و ڕه‌وتی چه‌پدا بناسرێت و بخوێنرێته‌وه. هێشتا باس و فایلی نه‌كراوه‌ی زۆر هه‌یه كه ده‌بێ بیكه‌ینه‌وه تا هه‌ندێ له واتاكانی "كرێكاری كورد"مان بۆ ده‌ربكه‌وێت. وه‌ك پێناسه‌ی كار له پێكهاتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، چینه‌كانی كرێكار، خاوه‌ن كار، ئامێره‌كانی كار، بێكاری، كۆڵبه‌ری و زۆر شتی دیكه.
بیره‌وه‌رییه‌كی سه‌رده‌می زانكۆم:
كوردێكی گه‌ڕۆكی عه‌ترفرۆش: عه‌تری گوڵ، عه‌تر، عه‌تری گوڵ.
هاوڕێیانی ناكورد: چاو له‌و كورده، جوانترین و رۆمانتیكترین شتیش بفرۆشن، هه‌ر ده‌ڵێی كرێكارن.
من: ئێوه وا ده‌زانن خۆتان خاوه‌ن كارن!... له‌وه‌ش خراپتر واده‌زانن خاوه‌ن كاربوون بریتییه له "ئینسانی كامڵ"بوون.
له روانگه‌ی جوانیناسی-ئه‌ده‌بییه‌وه لای من ئه‌و عه‌ترفرۆشانه بوون كه عه‌شقیان ده‌به‌خشییه ژیانی خوێندكارانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره. وه‌ك به‌ختیار عه‌لی له قه‌سیده‌ی "عه‌شق"دا ده‌ڵێت: "ئه‌ی ئه‌و عه‌تره‌ی قه‌تارچییه ڕووخۆشه‌كانی شه‌و ده‌یكه‌ن به رێگاكان دا.
له ئاستی زمانیشدا پاش جیهانیبوون و ئه‌زموونكردنی له ناكاوی مۆدێرنیته له كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌لاهه‌لاكراوی كوردییه‌وه گۆڕانكاری جیاواز و سه‌یر هاته ئاراوه. له زمانی كوردی (دیاره به‌پێی گه‌شه‌ی كۆی كۆڵه‌كه‌كانی كۆمه‌ڵگه/كه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ئاستی گه‌شه‌ی هێشتا نزمه و ئه‌و گه‌شه‌یه‌ش كه كراوه زۆر ئاڵۆز و لارسه‌نگه) وشه‌كانی ڕه‌نجده‌ر، زه‌حمه‌تكێش، كۆڵنه‌ده‌ر (له هه‌ندێ گوتاردا)، به‌شخوراو، تێكۆشه‌ر... هاوواتا و هاوده‌ستی وشه‌ی كرێكار بوون. ئه‌م كاركرده زمانییه به‌ده‌ر له‌وه‌ی چ گوتارێك به‌رهه‌میهێناوه و چۆن له‌سه‌ر ماناكانی ئیش كراوه، نیشانه‌یه‌كی زه‌قه بۆ ئه‌وه‌ی كه لانیكه‌م له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كرێكار واتاگه‌لی جۆراوجۆری هه‌یه.
كرێكاری كورد ده‌بێت له سه‌ره‌تادا پارچه عه‌رد و زه‌وییه‌كی هه‌بێت تا خه‌ونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ببنێت بۆ دابینكردنی مافی كرێكار و ده‌ره‌وه‌ستی تێكۆشان بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ی لا بڕوێت، چونكه وه‌كوو گوتاری چه‌پ ده‌ڵێ: سواڵكه‌ر و بێ موڵك نابێت له شۆڕش بترسن و ده‌بێت خۆیانی تێسره‌وێنن و به‌شداری بكه‌ن، چوون هیچیان نییه له كیسی بده‌ن. كرێكاری كورد ده‌شێت یان ده‌بێتێكی مێژوویی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا، به‌ناوی "بێ نیشتمانی/زه‌وی/عه‌رد/موڵك/ماف/وشیاری..." چاره‌سه‌ر بكات تا بگاته ئاستی "نانیشتمانی، ئازادی، دادوه‌ری، دیموكراسی..." هه‌ر شتێك به‌ده‌ر له‌م پرۆسه و ڕێڕه‌وه بێت، خیانه‌ته به نیشتمانێك به ناوی كوردستان و مافی خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌یه‌كی چه‌وساوه كه له نێوان چه‌ندان وڵات‌دا دابه‌ش كراوه و بووه به كۆڵبه‌ر، قاچاخچی، مووچه‌خۆری برسیكراو و چه‌رچی سه‌ر سنووران و... به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه پرسیارێك كه ده‌بێت به‌رده‌وام و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی بیكه‌ین ئه‌مه‌یه كه: كێ كرێكاره؟