قادری: جگە لە یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان هیچ رێیەکی ترمان نییە

:: PM:04:52:04/10/2020 ‌
حزبی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 2006 بەهۆی جیاوازی تێڕوانین لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو حزبە، تووشی لێکدابڕان بوو و دوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران "حدکا" و حزبی دیموکراتی کوردستان "حدک"ی لێکەوتەوە، لەدوای ئەو دابڕانە کۆمەڵێک هەوڵ بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دوو باڵەی دیموکرات دران، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان نەبوو.

پێشتری دوو جار هەردوو حزب لیژنەی هاوبەشیان پێک هێنا بۆ دانوستان لەبارەی شێواز و میکانیزمەکانی یەکگرتنەوە، بەڵام هەردوو جار بە هۆکاری جیا جیا ئەو هەوڵانە شکستیان خواردووە و هەردوو لایەن یەکتریان بە هۆی رێکنەکەوتنەکە تۆمەتبار کردووە.
حدکا قبوڵی کردووە لەژێر ناوی دیموکراتەکان درێژە بە گفتوگۆکان بدەن

پێشتر حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئامادە نەبوو لە دانیشتنەکانیان بە فەرمی وەک "حزب" دان بە ناوی حزبی دیموکرات بنێت و هەر بە ناوی هاوڕێیانی پێشوو ناوی هێناون، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ئەمجارە حدک دوو پێشنیازی خستووەتە بەردەم حدکا بەوەی، یان وەک دوو حزبی سەربەخۆ و بە ناوی فەرمی دانوستاندنەکان بۆ یەکگرتنەوە دەست پێ بکەن، یان هەردوو لایەن لە ژێر ناوی دوو دیموکرات یان دیموکراتەکان ئەو گفتوگۆیانە دەست پێ بکەن.

حدکا قبوڵی کردووە لەژێر ناوی دانوستانی دیموکراتەکان درێژە بە گفتوگۆکان بدەن و ئەوەیش وەک نیازپاکییەک بۆ رژدبوون لەسەر یەکگرتنەوە بۆ حدکا هەژمار کراوە و لە ئێستەدا لیژنەیەکی هاوبەشیان پێک هێناوە و چەندان دانیشتنیان کردووە بۆ نووسینەوەی گەڵاڵەنامەیەک بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان.
یەکگرتنەوە گوڕوتینێکی زیاتر بە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشێت

دانیشتنەکانی ئەمجارەی دیموکراتەکان لەچاو دوو هەوڵەکەی پێشوو رژدترە و تا ئێستە پەنجە بۆ کۆمەڵێک بابەت براوە کە پێشووتر ئەو بڕگە و بابەتانە هەرگیز باسیان لێوە نەکراوە، لە ئێستەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی تێکەڵکردنەوەی میدیاکانیان دکەن و بەپێی زانیارییەکان، حدک پێشنیازی کردووە "کورد کەناڵ" ببێت بە میدیای فەرمی و حدکاش بە هەمان شێوە نیازیانە "تیشک تیڤی" وەک زمانحاڵی فەرمی حزبی دیموکراتی یەکگرتوو بمێنێتەوە و چەند خاڵێکیان نووسیوەتەوە بۆ ئەوەی لەبارەیەوە بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش.

محەمەدنەزیف قادری جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی ئەو دانوستاندنانەی بۆ یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان دەستی پێ کردووە بە گەشبینییەوە دەڕوانێت و وەک بۆ "وشە" روونی دەکاتەوە، لە هەردوو لایەن نیازپاکی هەیە بۆ یەکگرتنەوە و تا ئێستە دانیشتنەکانمان بەردەوامە و هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆینە پێشەوە بەرەو یەکگرتنەوەی حزبی دیموکرات.
نامانهەوێ بگەڕێینەوە بۆ رابردوو

هەرچەند پێشتر دوو جار هەوڵی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان سەرباری دروستبوونی لیژنەی هاوبەش بۆ نووسینەوەی گەڵاڵەنامەیەک کە ببێتە بنەمای یەکگرتن، شکستی هێناوە، بەڵام ئەمجارەیان جێگری لێپرسراوی گشتی حدکا دانوستاندنەکان بە هەوڵێکی رژد ناو دەبات و دەڵێ، ئێمە نامانهەوێ بگەڕێینەوە بۆ رابردوو و ئێستە دانیشتنەکانمان دەست پێ کردووە و هیواشمانە بەو ئەنجامە بگات کە بە دڵی کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بێت.


پێشتر ئەو هەوڵانەی بۆ یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان دەدران، لەژێر پاڵەپەستۆی رای گشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەڵام ئەمجارە لەناو ئەندامان و پێشمەرگە و تەنانەت بەشێکی زۆر لە ئەندامانی رێبەری دیموکراتەکان ئەو پاڵەپەستۆیە دروست بووە کە یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان تاکە هیوایە بۆ درێژەدان بە خەباتێکی رژد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

تا ئێستە زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی و دەفتەری سیاسیی حدک و حدکا بە فەرمی پشتیوانی خۆیان بۆ یەکگرتنەوە دووپات کردووەتەوە و بە تاکە هیوا بۆ گەڕانەوەی سەنگ و بەهای خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناویان بردووە.

حەمەنەزیف قادری لەبارەی گرنگی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان رای دەگەیەنێت، هیوامان وایە ئەمجارەیان بتوانین ئاوات و ئاروزووی ئەندامان و لایەنگرانی حزبی دیموکرات  و کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بهێنینە دی.

دووپاتی دەکاتەوە، یەکگرتنەوە زۆر بابەت چارەسەر دەکات و گوڕوتینێکی زیاتر بە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشێت، لەم قۆناغە هەستیارە جگە لە یەکێتی و یەکگرتوویی رێگەی ترمان نییە.




وشە - هیدایه‌ت جان