كۆتایی هاتنی وەرگرتنی پرۆسەی گەنم ڕاگەیەنرا

:: PM:12:17:01/07/2020 ‌
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، وەرگرتنی گەنم بەردەوامی هەیە و ئاسانكاری زۆر بۆ جووتیاران كراوە تا لە بەردەم سایلۆ نەمێننەوە و كۆتایی مانگی تەمووز پرۆسەی وەرگرتنی گەنم كۆتایی دێت.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز ، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە وەكالەت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكانی هەولێر بەردەوامە و هەموو هەوڵێكمان داوە كارئاسانی تەواو بۆ جووتیاران بكرێت.

بۆ ئەوەی جووتیاران لە 24 سەعات كەمتر لە بەردەم سایلۆ چاوەڕوان نەكەن
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی، ڕۆژانە زیاتر لە 120 تڕێڵە گەنم بەتاڵ دەكەنەوە لە سایلۆكان بۆ ئەوەی جووتیاران لە 24 سەعات كەمتر لە بەردەم سایلۆ چاوەڕوان نەكەن.

باسی لەوەش كرد، لە كۆتایی مانگی تەمووز پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكان كۆتایی دێت، ئێستە %36ـی ئەو ڕێژەیەی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی هەولێر دیاری كردووە، وەرگیراوە.

عێراق بڕیاری داوە ئەمساڵ بڕی 390 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت، ئەو ڕێژەیەش دەكاتە نزیكەی %42ـی گەنمی جووتیارانی كوردستان و بڕیاریشە لە ڕێی ئاشەكانیش بڕی 200 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت.



وشە - رامیار جەواد