کۆمپانیایەکی رووسیا دوو ملیار دۆلار سزا درا

:: PM:05:02:07/07/2020 ‌
بەهۆی دەرچوونی 20 هەزار تۆن گازوایل و پیسکردنی ژینگە، حکوومەتی رووسیا کۆمپانیای نۆریلسک، گەورەترین بەرهەمهێنەری نیکڵ و پالادیۆمی  بە دوو ملیار دۆلار سزا دا.

حکوومەتی رووسیا باسی لەوە کردووە کۆمپانیاکە زیانێکی زۆری بە رووبار و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە ودواین خەمڵاندنیان بریتی بووە لە  148 ملیار رووبل کە دەکاتە دوو ملیار و 100 ملیۆن دۆلار.

پێشتر کۆمپانیاکە گوتبووی ئامادەیە تەواوی تێچووی خاوێنکردنەوە بە ئەستۆ بگرێت بەڵام وای لێکدابووەوە ئەم کارەی 150 ملیۆن دۆلاری تێبچێت.

میدیاکانی رووسیا دەڵێن چەندان دەیەی تر پێویستە تا کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە بەهۆی ئەم کۆمپانیایەی رووسیا نەهێلدرێن و ژینگە لە گازوایلەکە پاک بکرێتەوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا لە ساڵی 2016 کۆمپانیاکە رووبارێکی پیس کردبوو بەڵام ئەوکات رێژەی پیسکرنەکە کەم بوو و تەنیا هەزار دۆلار سزا درابوو.
بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە بە رێژەی 6% دابەزی.

لەگەڵ سەپاندنی ئەم سزایە لە لایەن حکوومەتی رووسیاوە بەسەر کۆمپانیاکە بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە  بە رێژەی 6% دابەزی.

بەگوتەی کۆمپانیاکە ئەو کۆگایەی بۆ هەڵگرتنی گازوایل سوودی لێ وەردەگرت زیاتر لە 30 ساڵ بوو بێ کێشە بوو بەڵام گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بەستنی لای ژێرەوەی کۆگاکە هۆکار بوو لەوەی گازوایل دزە بکاتە دەرەوە.


وشە - سلێمان تاشان